بێ باوەڕى دووەم عیلمانیەت دەتوانێت چى لە ئایینەوە فێربێت؟



بێ باوەڕى دووەم  عیلمانیەت دەتوانێت چى لە ئایینەوە فێربێت؟

ئالان دى بۆتۆن

و: ئاكۆ قادر حه‌مه‌



یەکێک لە ئامرازە باوەکانى دابەشکردنى جیهان دابەشکردنیەتى بۆ باوەڕداران و بێ باوەڕان.. بۆئاییندارەکان و بێ ئایینەکان، هەتا نزیکەى دەیەى ڕابردوو ئاشکرابوو بێ باوەڕى چى دەگەیەنێت، ئەوکات دەنگى زۆر بێ باوەڕانە هەبوو، ئەوانەى تەنها ئاماژەیان بەوە نەدەکرد کە ئایین هەڵەیە، بەڵکو شتێکى پوچیشە. ئەو کەسانەى، هەندێکیان لە باکورى ئۆکسفۆرد دەژیان، بەڵگەکارى ئەوەیان دەکرد کە بڕواهێنان بە خوا لە بڕوا هێنان بە جنۆکە دەچێت و بەشێوەیەکى گشتى ئەمە هەروەک یارییەکى مناڵانەیە.

ئێستە لەوەبڕوایەدام کە زۆر ئاسانە ئایین بەتەواوى بەمشێوەیە ڕەتبکەیتەوە، ئەمە بەشێوەى ڕاوکردنى ماسى دەچێت لەناو بەرمیلێکدا، ئەوەى ئەمەوێت ئەمڕۆ باسى بکەم شێوازێکى نوێ یە لەوەى چۆن ببێتە بێ باوەڕ، ئەگەر بمانەوێت، ئەمە وێنەیەکى ترە لە بێ باوەڕى کە دەکرێت ناوى بنێین بێ باوەڕى دووەم، ئێستە بێ باوەڕى دووەم یانى چى؟ بێ باوەڕى دووەم لە پێشەکیەکى سەرەکیەوە دەست پێ دەکات ئەویش: "بێ گومان هیچ خوایەک بوونى نیە، هیچ خوایەک و هیچ ڕۆحێکى خارق و هیچ فریشتەیەک و هتد"، بەڵام با بەردەوام بین، ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە نیە، ئەمە تەنها سەرەتای چیرۆکەکەیە، من گرنگى دەدەم بەو جۆرە لە هەواداران کە کە وا بیر دەکەنەوە: "ناتوانم باوەڕبهێنم بە هیچ شتێک لەو شتانە، ناتوانم باوەڕبهێنم بە ئایینەکان، بڕوام نیە ئەو ئایینانە ڕاست بن"، بەڵام لە هەمانکاتدا دەشڵێن شتى تریش هەیە زۆر گرنگە، وەک "تەراتێلى ڕۆژى لە دایک بوون، هونەرەکانى مانتیجناى هونەرمەند، زۆر حەزم لێ یە تەماشاى کڵێسا کۆنەکان بکەم، حەز ئەکەم پەڕەکانى کتێبى پیرۆز هەڵبدەمەوە"، هەرچیەک بێت، ئێوە دەزانن من باسى کێ دەکەم، باسى ئەوانە دەکەم کە لایەنى کەشى ئایینى هێشتاکە سەرنجیان ڕادەکێشێت، لایەنى ئەخلاقى، هەروەها لایەنى تایەفى ئایین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێستا چیتر ناتوانن ئایین قبول بکەن، ئەو کەسانە هەڵبژاردنێکى ناخۆشیان ڕووبەڕوبۆتەوە ئەوەیش ئەوەیە یان ئەوەتا ئایین قبول بکەن و بەهرەمەندبن لە هەموو شتە جوانەکان، یان ئایین ڕەتبکەیتەوە و پاشان لە سەرلێشێوانێکى ڕۆحیدا بژین لە ژێر ئاراستەکردنى کەناڵى سى ئێن ئێن و فرۆشگاکانى ۆڵ مارتدا بن.
ئەوە ئەو هەڵبژاردەیەیە کە لەو بڕوایەدا نیم کە پێویست بێت بیگرینەبەر، لەوبڕوایەدام کە ئەڵتەرناتیڤ هەیە، لەو بڕوایەدام کە ڕێگاى تر هەیە، من بەڕێز و بەتەواوەتى بێ بڕوایانە دەبم... کاتێک کە لە ئایینەکان دەدزم، ئەگەر بڕوات بە ئایین نیە، هیچ کێشەیەک لە هەڵبژاردن و تێکەلکردندا نیە، بردنى شتە باشەکانى ئایین، بەلاى منەوە، بێ باوەڕى دووەمە وەک ئەوەى پێشتر ئاماژەم بۆکرد واتە ڕێگەیەکى ڕێزدارانەوە و بێ باوەڕانە بۆ گەڕان لە ئایینەکاندا و وتنى:"پێویستە چى بەکاربهێنین؟" جیهانى عیلمانى پڕە لە کون، ئێمە بە توندى علمانى بویین، دەشتوانم بەڵگەکارى بۆ ئەوە بکەم، لێکۆڵینەویەکى گشتگیر دەربارەى ئایین دەتوانێت جۆرێک لە وێنامان بداتێ دەربارەى ژیانێک باش بەڕێوە ناچێت، ئەمڕۆ باس لە هەندێک لەوانە دەکەم.

ئەمەوێت لە سەرنجدان لە فێرکردنەوە دەست پێ بکەم، فێرکردن بوارێکە کە جیهانى عیلمانى بڕواى پێ یەتى کاتێک بیر لەوەدەکاتەوە چۆن وابکات جیهان بکات بە شوێنێکى باشتر، کە ئەویش بوارى فێرکردنەو پارەیەکى زۆرى تێدا بەخەرج دەدەیین، ئێوە ئەو وتانەى کاتى تەخەروج دەزانن کە دەڵێت: "فێرکردن تەنها بەهرە بازرگانى و پیشەسازیەکانمان ناداتێ بەڵکو دەمانکات بە کەسانێکى باشتر"، کاتى ئاهەنگى دەرچوون ئەو پڕوپاگەندە شیعریانەى کە فێرکردن و پرۆسەى فێرکردن بەتایبەت خوێندنى باڵا، کە دەمانکات بە کەسانێکى جوامێر و خەڵکانێکى باشتر، ئەو بیرۆکە جوانە لە کوێ وە هاتوە؟
لە سەرەتاکانى سەدەى نۆزدەدا سەردانکەرانى کڵێسا لە ڕۆژئاواى ئەوروپا بەشێوەیەکى توند ڕوو لە هەڵدێر بوون، خەڵکى ترسان، پرسیاریان لە خۆیان دەکرد، دەیانوت: خەڵکى لە کوێ ڕەوشتەکانیان وەرگرن، لە کوێ وە ئاراستە بکرێن، لە کوێ وە سەرچاوەکانى دڵدانەوەیان پێ بدرێت، دەنگانێکى کاریگەر یەک وڵامیاندایەوە ئەویش "ڕۆشنبیرى"، تەنها دەبێت ڕووى لە ڕۆشنبیرى بکەیین بۆ ئاراستەکردنمان، ودڵدانەوەمان، و بۆ ڕەوشتیش. با بڕوانینە شانۆنامەکانى شکسپیر، ودەمەتەقیەکانى ئەفڵاتۆن، وڕۆمانەکانى جین ئۆستن، تێییاندا زۆربەى ئەو ڕاستیانە دەدۆزینەوە کە پێشتر لە ناو ئینجیلى قەدیس جۆندا دەمانبینیەوە، لەوابڕوایەدام بیرۆکەیەکى جوان و ڕاستە کاتێک ویستویانە کتێبى پیرۆز بگۆڕنەوە بە ڕۆشنبیرى، ئەمەش بیرۆکەیەکى ماقولەو لە هەمات کاتدا بیرۆکەیەکە کە لەیادمانکردوە.
ئەگەر بچیت بۆ زانکۆیەکى دێرین.. وەک هارفارد یان ئۆکسفۆرد یان کامبرج و پێت وتن: من هاتوم بۆ ئێرە چونکە دەگەڕێم بەدواى ڕەوشت و ئاراستەکردن و دڵدانەوە ئەوا ڕێگاى شێتخانەت بۆ دەستنیشان دەکەن، ئەمەش بەسادەیی ئەوەیە کە دەزگاکانى خۆێندنى باڵا گرنگى پێ نادەن، بۆ؟ لە بەر ئەوەى ئەوان لەو بڕوایەدان کە ئێمە پێویستمان پێ ى نیە، ئەوان بڕوایان وایە کە ئێمە پێویستمان بە یارمەتى نیە، ئەوان وا لە ئێمە دەڕوانن کە گەورەو پێگەشتوین، پێگەشتویەکى عاقڵین، ئەوەى پێویستمانە زانیاریە، داتایە، پێویستمان بە یارمەتى نیە، لە کاتێکدا ئایینەکان لە شوێنێکى زۆر جیاوازترەوە دەست پێ دەکەن، زۆرینەى ئایینە سەرەکیەکان لە زۆر خاڵدا بە منداڵمان دادەنێن، بڕوایان وایە وەک منداڵ زۆر پێویستمان بە یارمەتیە، تەنها ئێمە کە کۆبوینەتەوە بڕوامان بەوەیە، لەوەدەچێت من بە تەنها، یان ئێوە، بەهەرحال تەنها ئێمە بڕوامان پێ یەتى، وپێویستمان بە یارمەتیە، بەڕاستى، پێویستمان بە یارمەتیە، هەروەها پێویستمان بە ئاراستەکردن و پێویستیشمان بە فێرکردنێکى مەنهەجى هەیە.

دەزانن لە سەدەى هەژدەدا لە بەریتانیا، مەزنترین ئامۆژگاریکەرى ئایینى، پیاوێک بوو ناوى "جۆن ویسلى" بوو، ئەم پیاوە وڵات دەگەڕا و ئامۆژگارییەکانى بەخەڵکى دەدا کە چۆن دەتوانن بژیین، ئامۆژگارى دەدا لە سەر مافى منداڵەکان بە سەر باوانیانەوە و مافى باوانیان بە سەر منداڵەکانیانەوە، دەربارەى مافى هەژاران لاى دەوڵەمەندەکان و مافى دەوڵەمەندەکان لە سەر هەژارەکان، دەیویست ئەوە بە خەڵکى بڵێت چۆن دەتوانن بژیین لە ڕێگەى ئامۆژگاریەوە، کە ڕێگەیەکى باوى گەیاندنى ئایینەکان بووە.

ئێستە بێزاربویین لە بیرۆکەى ئامۆژگاریدان، ئەگەر بە کەسێکى لیبڕاڵى سەربەخۆ بڵییت: "ڕات چۆنە لە بارەى ئامۆژگاریدانەوە؟" ئەوا وەڵامەکەى: "نەخێر.. نەخێر پێویستم پێ ى نیە من کەسێکى سەربەخۆم"، جیاوازى چى یە لە نێوان شێوازى ئامۆژگارى و شێوازى عیلمانیانەى ئێمە لە گەیاندنى زانیاریدا کە وانەیە (محاچرە)؟ ئامۆژگارى دەیەوێت ژیانت بگۆڕێت، بەڵام وانە دەیەوێت زانیاریت پێ بدات، لەوبڕوایەدام پێویستە بگەڕێینەوە بۆ تەقلیدى ئامۆژگاریدان، شێوازى ئامۆژگاریکردن بەهایەکى بەرزى هەیە، لە بەر ئەوەى پێویستمان بە ئاراستەکردن، بە ڕەوشتەکان، بە دڵدانەوە هەیە و ئاینەکان ئەمە دەزانن.

خاڵێکى تر دەربارەى فێرکردن، ئێمە بەرەو بڕواهێنان بە جیهانی علمانى دەڕۆیین بە شێوەیەک ئەگەر شتێک بە کەسێک بۆ یەک جار بڵییت بیرى ناچێت، دایانبنێ لە وەرزێکى خوێندندا لە بیست ساڵى تەمەنیاندا و باسى ئەفڵاتۆنیان بۆ بکە، لە چڵ ساڵى تەمەنیاندا بیانێرە بۆ وەرگرتنى بڕوانامە لە بوارى ڕاوێژکارى ئیداریدا، تا کۆتایی ئەم وانانە پێیانەوە دەنوسێت، لە کاتێکدا لە ئاییندا ئەمە ماناى نیە، پێویستە هەر وانەیەک لە ڕۆژێکدا دەجار دووبارەى بکەیتەوە، کەواتە بکەوە سەر ئەژنۆ و دوبارەى بکەرەوە، کڕنوش بەرە، ئەوەیە کە سەرجەم ئایینەکان پێمانى دەڵێن، بکەوەرە سەر ئەژنۆ 10 جار 15 یان 20 جار ڕۆژانە دوبارەى بکەرەوە، ئەگەرنا مێشکمان وەک بێژنگە.
کەواتە ئایینەکان ڕۆشنبیرى دووبارەکردنەوەن، ڕاستیە مەزنەکان دوبارەو دوبارەدەکەنەوە، بەڵام ئێمە دوبارەکردنەوە بە مەلەل تێگەشتوین، هەمیشە دەڵیین: "تازەم بەرێ" ، ئەگەر وەک ئاینەکان بکەیین کەوایە هیچ شتێکى تازە نامێنێت لە "تێد TED "، ئیتر شتە کۆنەکان دوبارە دەکەینەوە و ڕۆژى پێنج جار تەماشاى دەکەین، چونکە زۆر ڕاستەقینەیە، ئیتر پێنج جار تەماشاى ئیلزابێس گیلبێرت دەکەین لە بەر ئەوەى ئەوەى دەیڵێت زۆر زیرەکانەیە، بەڵام ئەگەر وابکەیت هەست دەکەیت خەلەتێنراویت، بەڵام ئەمە بەلاى ئەوانەوە وانیە کە هەڵگرى بیرکردنەوەى ئایینین.
شتێکى تر کە ئایینەکان دەیکەن ڕێکخستنى کاتە، زۆرینەى ئایینە سەرەکیەکان ڕۆژمێرمان پێ دەدەن، ڕۆژمێر چى یە؟ ڕۆژمێر ڕێگایەکە بۆ دڵنیابونەوە لەوەى لە ماوەى ساڵدا پڕدەکڕییت لە بیرکردنەوەى گرنگى ڕیشەیی لە کاتبەندى کاسۆلیکى، لە ڕۆژمێرى کاسۆلیکیدا لە کۆتایی مانگى مارسدا بیردەکەیتەوە لە قەدیس جیرۆم و تایبەتمەندیەکانى لە ڕووى خاکى بوون و چاکەکارى و بەخشندەیەکەى بەرامبەر هەژاران، ئەمەش بە ڕێکەوت ناکەییت، ئەمە دەکەییت چونکە ئاراستەکراویت کە ئەوە بکەییت، بەڵام ئێمە ئێستە لە جیهانى عیلمانیدا بەم شێوازە بیرناکەینەوە، ئەگەر بیرۆکەیەکى باش بوو گرنگى پێ دەدەم و خێرا جى بەجێ ى دەکەم، بەڵام ئەمە لە گۆشەنیگاى جیهانى ئایینیەوە بێ بەهایە، گوشەنیگاى ئایینى دەڵێت: ئێمە پێویستمان بە ڕۆژمێرى زەمەنى هەیە، پێویستمان بە چوارچێوەیەکى زەمەنى هەیە، پێویستمان بە ڕێکخستننى کۆبونەوەکانمانە، ئەمەش دەماگەیەنێت بەو ڕێگایەى ئایینەکان کەش و سروتەکانیان دەربارەى هەستە گرنگەکان پێ ڕێکدەخەن.
بۆ نمونە مانگ وەرگرە، زۆر گرنگە لە مانگ بڕوانیت، بزانە کە کاتێک تەماشاى مانگ دەکەییت هەست بەوە دەکەییت :" من بەڕاستى بچوکم، کێشەکانم چى یە؟"، لاى ئایینەکان شتەکان لەو گۆشەنیگایەوە ڕێکدەخرێت، وهتد، ئەوان دەڵێن پێویستە زیاتر بڕوانینە مانگ، ئێمە ئەوە ناکەیین، بەڵام بۆ ئەوە ناکەیین؟ لە بەر ئەوەى ئەوە هیچمان پێ ناڵێت، "بڕوانە مانگ"!!، بەڵام ئەگەر بوزى بیت و لە ناوەڕاستى مانگى سێبتەمبەردا بیت ئەوا فەرمانت پێ کراوە بچیتە دەرەوە لە ماڵ و بچیتە سەر شوێنێک بۆ پەرستن و ئاهەنگ گێڕان، لە ئاهەنگى تسۆکیمیدا کە تێیدا هۆنراوەیەکت پێ دەدرێت تا لە سەر شەرەفى مانگ (بەخۆشى مانگ) و تێپەربوونى کات و بێ بایەخى ژیان کە پێویستە بەیادمانى بهێنێتەوە بیخوێنیتەوە، کێکى برنج دەخۆییت، و مانگ و تیشکدانەوەى مانگ جێگایەکى جێگرى هەیە لە دڵتدا، ئەمەش شتێکى زۆر باشە.

شتێکى تر کە ئایینەکان گرنگى پێ دەدەن لێزانیە لە قسەکردندا، من لێرەدا شتێکى لەوشێوەیەم پێ ناکرێت، بەڵام هونەرى گوتاربێژى بە شێوەیەکى ڕەها کلیلى ئایینە، لە جیهانى عیلمانیدا زانکۆ دەخوێنیت و دەبیتە قسەکەرێکى ناسەرکەوتو، بەڵام هێشتاکە دەتوانیت پلەیەکى زانستى بەدەست بهێنیت، بەڵام جیهانى ئایینى بەو شێوەیە بیر ناکاتەوە، ئەوەى دەیڵێیت دەبێت بە شێوازێکى بڕواپهێنەر بڕازێنرێتەوە.

ئەگەر بڕۆییت بۆ کڵێسایەکى ئەمریکى ئەفریقى لە باشورى ئەمریکا و گوێبگریت لەو شێوازەى کە قسەى پێ ئەکەن، دەبینت چەند بە لێزانانە دەدوێن و لە گەڵ هەر خاڵێکى بڕواپێ هێنەردا هەمووان دەڵێن :"ئامین ئامین ئامین"، لە دواى هەر بەشێکى وروژێنەردا دەوستن و دەڵێن: "سوپاس بۆ تۆ ئەى عیسا، سوپاس بۆ مەسیح، سوپاس بۆ ڕزگارکەر"، ئەگەر ئێمە هەمان شێوازمان گرتە بەر، ئەوا شتێکى لە چەشنى ئەوە دەڵێم: "پێویستە ڕۆشنبیرى شوێنى کتێبى پیرۆز بگرێتەوە"، ئێوەش دەڵێن: "ئامین ئامین ئامین"، لە کۆتایی وتارەکەشمدا ئێوە هەموتان هەڵدەستنە سەر پێ و دەڵێن: سوپاس بۆ تۆ ئەفڵاتۆن، سوپاس بۆ تۆ شکسپیر، سوپاس بۆ تۆ جین ئۆستن"، و ئەوکاتە ئیقاعێکى ڕاستەقینەمان دەبێت.

شتێکى تر کە ئایینەکان درکى دەکەن ئەوەیە کە ئێمە بە تەنها عەقڵ نین، بەڵکو جەستەشین، کاتێک وانەیەکمان فێردەکەن، لە ڕێگاى جەستەوە فێرمان دەکەن، بۆ نمونە، بیرۆکەى لێ بوردن لاى جولەکەوە وەربگرن، جولەکەکان زۆر گرنگى بە لێ بوردن و دوبارە دەست پێ کردنەوە بە شێوەیەکى بێ گەرد دەدەن، ئەوان ئەم ئامۆژگاریەمان تەنها لە ڕێگەى کتێب و وشەوە پێ نادەن، بەڵکو ئەوەمان پێ دەڵێن لە ڕێگەى خۆشتنەوە، لە کۆمەڵگا جولەکە ئەرسەدۆکسەکاندا لە هەر هەینییەکدا پێویستە بڕۆییت بۆ "میکفە" خۆت بخەیتە ناو ئاوەوەو بیرۆکەیەکى فەلسەفى بەم شێوە مادیە برازێنیتەوە، ئێمە ئەمە ناکەیین، بیرکردنەوەکانمان لە شوێنێکن و ڕەفتارەکانمان لە گەڵ جەستەماندا لە شوێنێکى ترن، بەڵام ئایینەکان زۆر لێزانانە ئەم دوانە بەیەکەوە کۆدەکەنەوە.
با بڕوانینە هونەر، ئێستە هونەر لە جیهانى عیلمانیدا ئەو شتەیە کە زۆر بە توندى بیرى لێ دەکەینەوە، وا بیردەکەینەوە کە ئەوە شتێکى بەڕاستى گرنگە و زۆر لە سەرمایەدارەکانمان دەڕۆن بۆ مۆزەخانەکان، وهتد، گوێمان لێیان دەبێت هەندێک جار دەبێژن: مۆزەخانەکان کاتدرائیە تازەکانمانن، کڵیسا تازەکانمانن، ئێستە ئێوە ئەو قسەیەتان بیستوە و لەو بڕوایەدام کە هێز لەوێدا پەنهانە، بەڵام ئێمە خۆمان دادەڕوخێنین و هۆکارى ئەوەى واز لەوە دەهێنین ئاوا بڕوخێین ئەوەیە بە تەواوى لەوەمان نەکۆڵیوەتەوە ئایینەکان چۆن مامەڵە لە گەل هونەردا دەکەن.
خراپترین دوو بۆچون لە جیهانى نوێ دا هەیە واى کردوە خۆمان بەدووربگرین لە بەدەستهێنانى هێز لە هونەرەوە، بۆچونى یەکەم ئەوەیە کە پێویستە هونەر تەنها لە پێناوى هونەردا بێت، ئەمەش فکریەکى پوچە، بۆچونى ئەوەى کە دەبێت هونەر لە چوارچێوەیەکى توندگرێدراوبێت و پێویستە هیچ شتێک بۆ ئەم جیهانە پر لە کێشەیە نەکات، بیرۆکەیەکى هەڵەیە و ناتوانین دانى پێدا بنێین وەک چۆن ناتوانین دان بە بۆچونەکەى تریشدا بنێین کە دەڵێت پێویست نیە هونەر خۆى شیبکاتەوە، هونەرمەند نابێت ئەوە ئاشکرا بکات کە هونەرەکەى ئاماژە بە چى ئەکات، لە بەر ئەوەى ئەگەر ئەوە بڵێن ئەوا پێ دەچێت سیحرى نەهێڵین لەوەدەچێت ئاسان بێت بەلامانەوە، وئەوەش هۆکارى ئەو هەستەیە کە هەتە کاتێک سەردانى گەلەریەکان دەکەیت، پێویستە دان بەوەدا بنێیین، بەڵام ئەگەر خەڵکانێکى جدی بیین، دان بەوەدا نانێین کە تێیان ناگەیین، بەڵام ئەو هەستە سەرسوڕماوە، بونیادیە بۆ هونەرى هاوچەرخ.
ئایینەکان هەڵوێستێکى زیاتر عەقڵانیانەیان هەیە بەرامبەر هونەر، ئەوان کێشەیان لەوەدا نیە کە پێمانى بڵێن دەربارەى ئەوەى هونەرێک چى دەڵێت، لە ئایینە سەرکیەکاندا هونەر دەربارەى دوو شتە، یەکەمیان: هەوڵدەدات ئەوشتانەمان بەیاد بهێنێتەوە کە خۆشمان دەوێن، دووەم: هەوڵدەدات ئەوشتانەمان بەیادبهێنێتەوە کە لێ ى دەترسین و ڕقمان لێ دەبێتەوە، ئەمەشە ماناى هونەر، هونەر پڕە لەو بیرکردنەوە زۆر گرنگانە بۆ بڕواکەت، کاتێک لە کڵێسایەکدا یان لە مزگەوتێکدا یان لە کاتدرائیەکەتدا دەسوڕێیتەوە، ئەوەى پێت دەگات، لە ڕێگى چاوتەوە، لە ڕێگەى هەستەکانتەوە، ئەو ڕاستیانەن کە بە شێوەی تریش لە ڕێگەى عەقڵتەوە پێتدەگەن.
ئەوە بەشێوەیەکى بنچینەیی پرۆپاگەندەیە، ریمبراندتى هونەرمەند مومارەسەى پڕۆپاگەندە دەکات لە گۆشەنیگاى مەسیحیەوە، ئێستە وشەى پڕۆپاگەندە زەنگى ئینزار بە بیردەهێنیتەوە، بیر لە هیتلەر دەکەینەوە، بیر لە ستالین دەکەینەوە، بەڵام وامەکەن، لە ڕاستیدا پرۆپاگەندە شێوازێکە لە ئینتیماکردن بە شتێک ئەگەر ئەو شتە باش بوو کەواتە هیچ کێشەیەکى تێدا نیە.
بە بۆچونى من، پێویستە گەلەریەکان شتێک لە ئایینەکانەوە فێربن، بۆ ئەوەى ودڵنیابینەوە لەوەى کە کاتێک لە گەلەرییەکدا پیاسە دەکەیین... بۆ نمونە ئەگەر من بەڕێوەبەرى گەلەرى بوم ئەوا بەشێک دەکەمەوە بۆ خۆشەویستى (تابلۆکانى ئەو بوارە) و بەشێکى تر بۆ بەخشندەیی، هەموو کارێکى هونەرى باس لە شتێک دەکات، ئەگەر بتوانین بوارەکان ڕێکبخەین، بە شێوەیەک کاتێک لە گەلەرییەکدا بەناو کارە هونەریەکاندا دەگەڕیین، بە شێوەیەک بزانین چۆن ئەوکارە هونەریانە بەکاربهێنین بۆ جێگیکردنى ئەو بیرکردنەوانەى لە ناو عەقڵتدان، بەوشێوەیە گەڵێک شتمان لە هونەرەوە دەست دەکەوێت، بەوشێوەیە هونەر مومارەسەرى ئەو ئەرکە ڕاستەقینەى خۆى دەکات کە ئێمە لە بیرمان کردوە بە هۆى سەختى تێگەشتن لە ماناکانى هونەر، هونەر دەبێت یەکێک لە ئامرازەکانى پێشخستنى کۆمەڵگاکانمان بێت، بۆیە پێویستە هونەر فێرکارى بێت.

با بیر لە شتێکى دیکەش بکەینەوە، خەڵکى لە جیهانى پێشکەوتودا لە جیهانى عیلمانیدا، بەتایبەت ئەو کەسانەى گرنگى بە لایەنى ڕۆحى و بابەتى عەقڵى دەدەن، هەروەها گرنگى بەو بابەتە هاوشێوانەى ڕۆح دەدەن دەبنە کەسانێکى دابڕاو، وەک شاعیرەکان، وەک فەیلەسوفەکان، هەروەها تیایاندایە وێنەگرە، هەیانە بەرهەمهێنى فیلمە، لە کۆتاییدا دابڕاو و لاواز و کەسانێکى کەئیب و غەمبار دەردەچن و زۆر ناگۆڕێن.


بەڵام لە ئایینەکاندا، بیر لە ئایینە ڕێکخراوەکان بکەرەوە چى دەکەن؟ بەیەکەوە کۆدەبنەوە، دەزگای زەبەلاح دادەمەزرێنن کە خاوەنى زۆر تایبەتمەندیە لەوانە یەکەم و پێش هەموو شت قەبارە و وزەى گەورەیە، بە پێ ى ڕۆژنامەى ۆڵ ستریت جۆرناڵ ساڵى پار کڵێساى کاسۆلیکى 97 بلیۆن دۆلارى خەرج کردوە، ئەوانە ماکینەیەکى زەبەڵاحن، ئەوانە دەزگاى هاریکارانەن، ناسراون، فرە ڕەگەزن و بە شێوەیەکى زۆر بەرز ڕێکخراون.


تێبینى ئەو بەها بەرزانە دەکەین لە پەیوەندییاندا بە کۆمپانیاکان و کۆمپانیاکانیش وەک ئاینەکانن لە هەندێک ڕووەوە، تەنها لەو ڕووەوە نەبێت کە ئەوان لە خوارى هەرەمى پێداویستیەکانمانەوەن، پێڵاومان پێ دەفرۆشن ئۆتۆمبیلمان پێ دەفرءشن، بەڵام ئەو خەڵکانەى کە شتى ئاست بەرزترمان پێ دەفرۆشن، وەک پزیشکەکان، شاعیرەکان، ئەوان بە تەنهان و هێز و وەزەیان نیە، کەواتە ئایینەکان پێش هەر شتێک نمونەى دەزگایەکن کە دەجەنگن لە پێناو شتانێکى پەیوەندیدار بە عەقڵ، لەوە دەچێت ئێمە بەوە قایل نەبین کە ئایینەکان دەیانەوێت فێرمانى بکەن، بەڵام دەتوانین ئیعجابمان هەبێت بەو ڕێگا دەزگایەیەى کە کار ى پێ دەکەن.


کتێب بە تەنهایە، کتیب لە لایەن تاکە تەنهاکانەوە نوسراوە، هیچ شتێک ناگۆڕێت، پێویستە بەیەکەوە کۆبینەوە ئەگەر بمانەوێت دونیا بگۆڕیین، پێویستە بەیەکەوە کۆببینەوە، پێویستە هاریکارى یەک بن، ئەمەیە کە ئایینەکان دەیکەن، ئەوان فرە ڕەگەزن، وەک وتم ئەوان ناسراون و شوناسیان ڕوونەو هەروەها لە جیهانێکى سەرقاڵدا بزر نەبوون، ئەمە ئەو شتەیە دەتوانین لەوانەوە فێر بیین.
دەمەوێت کۆتایی بەوە بێنم کە دەمەوێت پێتانى بڵێم بە ئێوە کە لە بوارى جیاوازدا کاردەکەن، شتێک هەیە پێویستە فێرى بین لە کارکردنى ئایینەوە: "هەتا ئەگەر بڕوات بەکەسیشیان نەبوو، ئەگەر بە شێوەیەکى تایەفى کارتکرد پێویستە لە گەڵ ژمارەیەکى زۆر خەڵکى تر بەیەکەوە کاربکەن"، ئەمە ئەو خاڵەیە دەبێت لە کارى ئایینیەوە وەریبگریین: ئەگەر لە بوارى گەشتوگوزاردا کاردەکەین بڕوانە حەج، بە قوڵى بڕوانە حەج بزانە سەفەر چ مانایەکى هەیە، ئەگەر لە جیهانى هونەردا کاردەکەیت، ئەوا بڕوانە ئەوەى ئایینەکان لە مامەڵەکردنیاندا لە گەڵ هونەردا دەیکەن، ئەگەر کەسێکى ئەکادیمیشى ئەوا بڕوانە ئەوەى چۆن ئایینەکان باس لە هزرەکان دەکەن، لەوە دەچێت قایل نەبیت بە بیرکردنەوەکانیان، بەڵام شێوازەکەى زۆر کاریگەرە لەو بوارانەدا، بۆیە خاڵى دەرئەنجامم ئەوەیە دەشێت کۆک نەبیت لە گەڵ ئاییندا، بەڵام لە کۆتاییدا، ئایین وردو و ئاڵۆزە، زیرەکانەیە لە زۆر ڕووەوە بە شێوەیەک ناتوانین تەنها بۆ ئیماندارانى جێ بهێڵین، بەڵکو بۆ هەمومانە.


لە ژمارەی ڕۆژی ١٦ ئۆگستی ٢٠١٦ی پاشکۆی ڕوانگە و ڕەخنەی ڕۆژنامەی چاودێر بڵاوبۆتەوە.

https://www.youtube.com/watch?v=HkRmSRMB2ls



وتاری دیكه‌ی وه‌رگێڕدراو:

فه‌لسه‌فه‌یه‌كی به‌سۆزتر و شكۆمه‌ندانه‌تری سه‌ركه‌وتن ، ئالان دی بۆتۆن


سى ئاى ئەى، تیۆرە فەڕەنسيیەکان دەخوێنێتەوە


شەش وێستگەی ژیانم - جۆرج ته‌ڕابشی


Abstract

Abstract (English): In his TED talk “Atheism 2.0”, philosopher Alain de Botton proposes a new form of atheism that draws on the practical benefits of religion without requiring belief in the supernatural. He argues that secular life can adopt rituals, ethical guidance, art, and communal practices from religious traditions to enhance everyday living, offering structure, meaning, and emotional support. This approach encourages non-believers to engage with aspects of religion that improve human life while remaining free from dogma.

Comments

Popular posts from this blog

کوردایەتی و ئەدەب

مردن كارێكی سه‌خته‌، به‌ڵام سه‌ختر بینینی شكسته‌كانی پێش ئه‌و ڕووداوه‌یه‌

جۆکەر ، پەراوێزکراوێک، هەڵدەستێتەوە و درز دەخاتە نێو سیستەمەوە