ئایا هاوڕەگەزخوازی لادانە لە ئەخلاق؟

هه‌ركه‌سێك سه‌ردانی هیندستانی كردبێت و ئه‌و ههڵكوڵینكارییه سێكسییه ئاشكرا بهربڵاوانەی له په‌رستگاكانی ئه‌وێدا بینی بێت، ئه‌وا ده‌زانێت كه كه‌له‌پوری هیندۆسی له به‌رامبه‌ر به سێكسدا كه‌متر خۆپارێزه به به‌راورد به مه‌سیحییه‌ت. قه‌ده‌غه‌كردنی هاوڕه‌گه‌زخوازی سێكسی له هیندستاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٨٦١، ئه‌وكاته‌ی به‌ریتانییه‌كان فه‌رمانڕه‌وایی نیمچه كیشۆری هیندییان ده‌كرد و له‌گه‌ڵ خۆشیاندا ئه‌خلاقیی ڤیكتۆرییان بۆ ئه‌وێنده‌رێ گواسته‌وه. گاڵته‌جاڕییه‌كه ئه‌وه‌یه كه به‌ریتانیا خۆی ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌و یاسایایانهی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه، له كاتێكدا هیندستان هێشتاكه پابهندماوهتهوه به‌و یاسایانه‌وه وه‌ك پاشماوه‌یه‌كی كۆڵۆنیالی.
به‌ڵام خۆشبه‌ختانه قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌ده‌می (sodomy) له هیندستاندا جێبه‌جێ ناكرێت. به‌ڵام بنه‌مایه‌ك بۆ به‌دناوكردن و هه‌راسانكردنی هاوڕه‌گه‌زخوازه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێت، هه‌روه‌ها ڕێگری ده‌كات له كاری ئه‌و گروپانه‌ی كه سه‌رقاڵی هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكین له‌باره‌ی ڤایرۆسی نه‌مانی به‌رگری مرۆیی و ئایدز، له‌وه‌ی به‌كاره‌كانیان هه‌ستن.
ڤیكرهم سێت نووسه‌ری ڕۆمانی (A Suitable Boy) و زۆر له ڕۆمانه جوانه‌كانی تر، به‌م دواییانه نامه‌یه‌كی كراوه‌ی بڵاوكرده‌وه كه ئاراسته‌ی حكومه‌تی هیندی كردبوو تا ئه‌و یاسایه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه كه هاوڕه‌گه‌زخوازی به تاوان داده‌نێت. زۆر له كه‌سایه‌تییه‌كانی هیندستانیش ئیمزای خۆیان خستبووه سه‌ر ئه‌و نامه‌یه، هه‌روه‌ك زۆری تریش له‌وانه “ئه‌مارتیا سێن“ی خاوه‌ن خه‌ڵاتی نۆبڵ پشتگیری خۆیان بۆ ئه‌و نامه‌یه ئاشكرا كرد. هه‌نووكه، به‌ره‌نگارییه‌كی یاسایی له به‌رامبه‌ر ئه‌م یاسایه‌دا خراوه‌ته به‌رده‌م دادگای باڵای نیوده‌لهی[1].
له هه‌مان ئه‌و كاته‌دا كه یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی هاوڕه‌گه‌زخوازی له هیندستان ده‌رچوو، جۆن ستیوارت میڵ كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆی به ناوی “ئازادی” ده‌نووسی و له‌وێدا پرەنسیپێكی خسته ڕوو كه تێیدا هاتبوو: “تاكه ئامانجێك كه بشێت ڕه‌وایی بدات به پراكتیزه‌كردنی هێز له‌سه‌ر تاكێك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو، و به شێوه‌یه‌ك كه دژ به ویستی ئه‌و تاكه بێت، ئه‌وه‌یه كه ڕێگرێ لێ بكرێت كه ئازاری ئه‌وانی دیكه نه‌دات. ئامانجی چاكسازیی كردن و چاككردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌سێك له ڕووی جه‌سته‌یی و ڕه‌وشتییه‌وه، پاساو و بیانوویه‌كی به‌س نییه… مرۆڤ خۆی گه‌وره‌ی خۆیه‌تی و هه‌ر خۆی سه‌روه‌ری جه‌سته و عه‌قڵی خۆشیه‌تی”.
پرەنسیپهكهی میڵ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی په‌سه‌ند كرا‌و نییه. “ئێچ ئێڵ ئه‌ی هارت“ی فه‌یله‌سوفی بهناڤودهنگی یاسایی به‌ریتانیی مشتومڕی كرد له پێناو پرەنسیپێكی تا ئاستێك هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی لای میڵ هه‌یه. له كاتێكدا كه میڵ ده‌ڵێت باشتركردنی دۆخی تاكێك، “ئیدی له ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه بێت یاخود له ڕووی ڕه‌وشتییه‌وه”، “بیانوو و پاساوێكی به‌س نییه” بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام هارت ده‌یگوت كه چاكسازیی كردن له تاكدا له ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه بیانوویه‌كی هه‌یه ته‌نها له كاتێكدا كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادا بوو كه تاكه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان فه‌رامۆش بكه‌ن، به مه‌رجێك ئه‌و ده‌ستتێوه‌ردانه‌ی له ئازادیی ئه‌واندا ده‌كرێت ده‌بێت (بچووك و سنووردار) بێت. له نموونه‌ی ئه‌و جۆره ده‌ستتێوه‌ردانانه داواكاری ده‌وڵه‌ته له شۆفێران تا پشتوێنی سه‌لامه‌تی ببه‌ستن، یاخود كڵاوی پارێزه‌ر له‌سه‌ر بكه‌ن له كاتی لێخوڕینی ماتۆڕسكیلدا.
به‌ڵام هارت جیاكارییه‌كی توند ده‌كات له‌نێوان باوكایه‌تی یاسایی و ئه‌خلاقێتی یاسایی. هارت سه‌پاندنی قه‌ده‌غه له‌سه‌ر بنه‌مایی ئه‌خلاقی بۆ كرده‌وه‌گه‌لێك كه هیچ زیانێكی جه‌سته‌یی لێ ناكه‌وێته‌وه، ڕه‌تكرده‌وه. به پێی بۆچوونی ئه‌و، ده‌وڵه‌ت نابێت هاوڕه‌گه‌زخوازی به تاوان دابنێت له‌سه‌ر بنچیینه‌ی ئه‌وه‌ی كه هاوه‌ڕگه‌زخوازی كارێكی نائه‌خلاقییانه‌یه.
ناڕه‌زایی هه‌ره به‌هێز له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاوڕه‌گه‌زخوازییه‌وه ده‌بێت ڕه‌تكردنه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری ئه‌و بانگه‌شه‌یه بێت كه پێی وایه: هه‌ڵسووكه‌وته سێكسییه‌كان كه به ئاره‌زووی دوولایه‌نه‌ی نێوان كه‌سانی خاوه‌ن هه‌مان ڕه‌گه‌زدا ئه‌نجام ده‌درێن شتێكی نائه‌خلاقییه. له هه‌ندێك كاتیش‌دا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت كه هاوهڕهگهزخوازی هه‌ڵه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی “شتێكی ناسرووشتییه” و، به‌ڵكو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه هاوڕه‌گه‌زخوازی “لادان و به‌لاڕێدابردنی توانا سێكسییه‌كانمان”ه، كه وا گریمانه ده‌كرێت ئه‌و توانا سێكسییانه‌ی كه هه‌مانه له پێناوی (زۆربوون و وه‌چه‌خستنه‌وه‌دایه). به‌ڵام به هه‌مان شێوه ده‌كرێت بڵێین كه به‌كارهێنانی شیرینی و شه‌كری ده‌ستكردیش “لادان و به‌لاڕێدابردنی ئه‌و هه‌ستی تامكردنهیە كه هه‌مانه”، كه ئێمه ئه‌و هه‌ستی تامكردنه‌مان له پێناوی ئه‌وه‌دا هه‌یه كه خواردنه پێویسته‌كانمانی پێ بدۆزینه‌وه و بیناسینه‌وه. پێویسته وریا بین له به‌یه‌ك یهكسانكردن و به یه‌كچواندنی ئه‌وه‌ی كه “سرووشتییه” له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه “چاكه”.
ئایا به ڕاست هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی هاوڕه‌گه‌زخوازی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نابێته هۆی زۆربوون و وه‌چه‌خستنه‌وه، ئیتر ئه‌مه وای لێ ده‌كات ببێته هه‌ڵسوكه‌وتێكی بێ ڕه‌وشتانه؟ هه‌ر ئه‌م بانگه‌شه‌یه بنه‌مایه‌كی سه‌یری هه‌یه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێكی قه‌ره‌باڵخی پڕ دانیشتوانی وه‌ك هیندستان بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی هاوه‌ڕگه‌زخوازی پشتی پێ ببه‌ستێت، كه خۆی هانی ئامرازه‌كانی ڕێگه‌گرتن له سكپڕی و وه‌چه‌خستنه‌وه ده‌دات. بۆیه هه‌موو شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی چالاكی سێكسی كه په‌سه‌ندكراو بێت له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌وه كه پێی هه‌ڵده‌ستن و، زیانێكی بۆ هیچ كه‌سێكی تر نه‌بێت، ئیتر ئه‌مه چی وای لێ ده‌كات كه بێ ڕه‌وشتانه بێت.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی له قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ڵسوكه‌ته هاوڕه‌گه‌زخوازییه‌كاندا ئه‌وه نییه كه ده‌وڵه‌ت یاسا به‌كارده‌هێنێت بۆ سه‌پاندنی ئه‌خلاقی تایبه‌تی. به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه یاساكه پشت به ڕایه‌كی هه‌ڵه ده‌به‌ستێت كه پێی وایه هاوڕه‌گه‌زخوازی بێ ڕه‌وشتانه‌یه.
1) كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م وتاره بۆ یه‌كه‌مجار به‌رواری ١٦/١٠/٢٠٠٦بووه.
وتاری وه‌رگێڕدراوی دیكه‌ی "پیته‌ر سینگه‌ر-Peter Singer":
Comments
Post a Comment
سوپاس بۆ سه‌رنجه‌كه‌ت و بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی بابه‌ته‌كه.......