گرفته میتۆدییه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب
گرفته میتۆدییه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب
ن: ئه‌لسه‌ید یاسین[1]
و: ئاكۆ قادر حه‌مه
زۆر جار ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب باس و خواسیان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵگاوه كردووه، به‌ڵام ئه‌و ڕا و بیروبۆچوونانه‌ی له باره‌ی دیاریكردنی شێوه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ده‌خرانه ڕوو، یه‌كانگیری تێدا نه‌بوو، ئه‌ویش به‌هۆكارێكی ساده، كه خۆی له نه‌بوونی چوارچێوه‌یه‌كی زانستییدا ده‌بینییه‌وه كه پارچه‌كانی كۆبكاته‌وه و یه‌كێتی و سازانی پێ ببه‌خشێت، كه وا بكات له ئاستی درێژخایه‌ندا ڕێگه به‌وه بدات ئه‌م بیرۆكانه گه‌شه‌ی پێ بدرێت و پێش بخرێن، گرنگتر له هه‌موو ئه‌وانه‌ش، تاقیكردنه‌وه‌ی ئاستی ڕاستگۆیی ئه‌و بیرۆكانه بوو له مه‌حه‌ك و پێوه‌ری واقیعدا.
گومانی تێدا نییه ئه‌ده‌ب سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه -هه‌روه‌ك ڕینیه ویلیك ده‌یگووت-، كه زمان وه‌ك ناوه‌ندگیرێكی خۆی داده‌هێنێت، و زمانیش داهێنراوێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌ب به‌رجه‌سته‌كه‌ری ژیان بێت، ئه‌وا ژیان خۆی ڕاستییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
هه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ده‌توانین له چیرۆكنووس یاخود ڕۆماننووس یان شاعیر بڕوانین. بۆ نموونه، شاعیر ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵگایه، و پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراوی هه‌یه، هه‌ر به‌و شوناسهشیهوه به ئاستێك له ئاسته‌كان ددانپێدانانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ست ده‌هێنێت. ئه‌و قسه بۆ جه‌ماوه‌رێكی دیاریكراو ده‌كات، ئیدی جه‌ماوه‌ره‌كه هه‌ر جۆرێك بێت، جه‌ماوه‌رێكی ڕاسته‌قینه بێت یان گریمانه‌كراو. له ڕاستیدا ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌كانی په‌یوه‌ندی ئه‌دیب به كۆمه‌ڵگاوه ئه‌وكاته له شێوه ڕاسته‌قینه و تهواوهتییهكهییدا ده‌رده‌كه‌وێت كه وا له ئه‌ده‌بمان ڕوانی كه په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی به‌رده‌وامی به سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریكراوه‌وه هه‌یه. بۆ نموونه له كۆمه‌ڵگای سه‌ره‌تاییدا زۆر گرانه جیاوازی بكه‌ین له نێوان شیعر و له نێوان ڕێوڕه‌سم و ڕیچواڵهكاندا، یاخود له نێوان شیعر و جادوو، یان كار یاخود یاری، له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا هه‌میشه ئه‌دیب كارێكی هه‌بووه بیكات، یاخود چاوه‌ڕوانی سود و قازانجێكی لێكراوه. ئه‌م پیشه‌یه‌ش ئه‌سته‌مه وه‌زیفه‌یه‌كی تاكه‌كه‌سیانه‌ی په‌تی بێت. پاشان ده‌كرێت بێژیین كه زۆرێنه‌ی گرفته‌كان و پرسه‌كان، كه لێكۆڵینه‌وه ئه‌ده‌بیه‌كان ده‌یوروژێنن، گرفت و پرسی كۆمه‌ڵایه‌تین، وه‌ك گرفته‌كانی په‌یوه‌ست به نه‌ریت و خووه ئه‌ده‌بییه‌كان، و پێوه‌ره ئه‌ده‌بییه‌كان و ژانر و ڕه‌گه‌زه ئه‌ده‌بیه‌كان و سومبوڵ و ئه‌فسانه‌كان.
ئه‌وه‌ی "تۆمارز" ڕوونی كردۆته‌وه باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌م ڕاستیانه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه " سیسته‌مه جوانیناسیهكان ته‌نها له سه‌ر بنه‌مایی سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پێك نایه‌ن، و به ته‌نیاش به‌شێك نین له سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، چونكه هه‌ر خۆیان سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تین له جۆرێكی تایبه‌ت، و توندتریین په‌یوه‌ندییان هه‌یه به سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تره‌وه.
هه‌ر بۆیه، به‌رمه‌بنایی ئه‌م گۆشه‌نیگایه لقێكی تایبه‌ت له كۆمه‌ڵناسی پێكهاتووه و چێ بووه، ئه‌ویش كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌به، كه ئامانجی ئه‌وه‌یه لێكۆڵینه‌وه له باره‌ی ئه‌ده‌به‌وه بكات وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌ویش به پشت به‌ستن به میتۆده‌كان و ئامرازه به‌كارهاتووه‌كانی ناو كۆمه‌ڵناسی. به‌ڵام ئه‌م لقه له كۆمه‌ڵناسی -هه‌روه‌ك به‌شه نوێیه‌كانی تری ئه‌م زانسته، وه‌ك كۆمه‌ڵناسی مه‌عریفه و كۆمه‌ڵناسیی یاسایی- زۆر به هێواشی گه‌شه ده‌كات. ئه‌وه به‌سه ئاماژه بده‌ین به ڕای یه‌كێك له لێكۆڵه‌ره هه‌ره جدییه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب كه ده‌ڵێت ئه‌م لقه زانستییه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له شه‌سته‌كانه‌وه هه‌وڵی بناغه‌دانان ده‌دات، ئه‌ویش به پشت به‌ستن به هه‌موو ئه‌و ڕاو بۆچوونه جۆربه‌جۆرانه‌ی كه پێشووتر له باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵگاوه خراونه‌ته ڕوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتاكه دوودڵی و ڕاڕایی له باره‌ی بنه‌ما میتۆدیهكانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب له ئارادایه. هه‌روه‌ك هیچ كۆده‌نگییه‌ك نییه له باره‌ی ڕێگاكانی داڕشتن و دانانی كێشه و پرسه سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م لقه زانستییه، و دیاریكردنی كاره له پێشیینهكانی، به‌ڵكو له‌وه زیاتر، ده‌توانین جه‌خت بكه‌ینه‌وه له‌وه‌ی كه دیاریكردنی بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب هێشتاكه مشتومڕی له سه‌ره. لێره‌وه ده‌توانین تێبگه‌ین له‌وه‌ی بۆچی هه‌ندێك جار لێكۆڵینه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب ده‌خرێته نێو چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵناسیی مه‌عریفه و هه‌ندێك جاریش به گشتی وه‌ك به‌شێك له كۆمه‌ڵناسیی هونه‌ر ته‌ماشا ده‌كرێت. به‌ڵكو ئاڵۆزی و تێكچرژاوێكه زۆر جار گه‌شتووه به‌وه‌ی سنورێكی ڕوون له نێوان ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵناسیدا دانه‌نرێت.
له به‌شه‌كانی پێشوودا[2] كێشه و گرفته‌كانی په‌یوه‌ندی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه خسته ڕوو، كه هه‌ندێك جار ئه‌و زانستانه وا لێكۆڵینه‌وه له باره‌ی ئه‌ده‌به‌وه ده‌كه‌ن وه‌ك بابه‌تێك بن له بابه‌ته ناوخۆی و تایبه‌تییه‌كانی خۆیان. پێشووتر ورده‌كاری باڵه سه‌ره‌كیه‌كانی قوتابخانه‌ی ڕه‌خنه‌ی تازه‌ی فه‌ڕه‌نسیمان خسته ڕوو كه ده‌یه‌وێت كۆتایی به ڕه‌خنه‌ی جوانیناسی بهێنێت، و له جێگای ئه‌وه ڕه‌خنه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی سه‌رپێ بخات له سه‌ر بنه‌مای زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، به شێوه‌یه‌ك كه ته‌نها گرنگی بدات به ئاماژه كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و فه‌لسه‌فییه په‌نهانه‌كانی ناو كاره ئه‌ده‌بییه‌كان. ئاماژه‌شمان به‌وه دا كه ئه‌م قوتابخانه نوێیه زیاده‌ڕۆیی ده‌كات له‌وه‌دا كه بڕوایی وایه كه ڕه‌خنه‌ی جوانیناسی سه‌رده‌می به‌سه‌ر چووه، و دۆزینه‌وه‌ی ئاماژه په‌نهانه‌كانی ناو كاره ئه‌ده‌بییه‌كان تاكه ئامانجێكه كه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی مه‌به‌ستێتی بیدۆزێته‌وه و ئاشكرای بكات. زۆر گرنگه جیاكاری بكه‌ین له نێوان ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، ئیدی سه‌ر به هه‌ر ئاراسته‌یه‌ك له ئاراسته‌كان بێت له گه‌ڵ زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كاتێك ده‌یانه‌وێت له ئه‌ده‌ب بكۆڵنه‌وه، گرنگی ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ی كه هه‌نووكه جێگای گفتوگۆمانه له بواری كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب له‌و كاته‌دا به ته‌واوه‌تی ڕوون ده‌بێته‌وه كه گرفته میتۆدییهكان ده‌خه‌ینه به باس، كه ده‌بینین ئه‌م بابه‌ته جیاوازه له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و له سه‌ر چه‌ند ئاستێكی جیاواز ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرێت.
له ڕاستییدا ئاسان نیه به درێژی و قوڵی باس له گرفته میتۆدییه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب بكه‌ین، چونكه سه‌رچاوه و لێكۆڵینه‌وه‌ی واقیعی زۆر كه‌م له به‌رده‌ستدان، هه‌روه‌ها هه‌وڵه شێوێنه‌ره ئایدۆلۆژییه‌كانی ئه‌م بواره قورسیاییهكی زۆریان خستۆته سه‌ر شانی ئه‌م كایه. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌وڵ ده‌ده‌ین چوارچێوه‌یه‌كی گشتی بۆ گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م زانسته نوێیه دابڕ‌ێژین، ئه‌ویش به‌رمه‌بنایی كتێبه‌كانی هه‌ندێك له لێكۆڵه‌ره فه‌ڕه‌نسییه‌كان، به تایبه‌ت ئه‌لبێر میمی[3] و ڕۆبێر ئیسكارپیت[4]. له سه‌ره‌تادا هه‌ڵوێستی هه‌نوكه‌یی ئه‌م زانسته ده‌خه‌ینه ڕوو، پاشان مه‌رجه پێویستیه‌كانی دامه‌زراندنی ئه‌م زانسته ده‌خه‌ینه به‌ر باس.
یه‌كه‌م: هه‌ڵوێستی هه‌نوكه‌یی زانستی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب:
وه‌ك له مێژووی زانسته‌كانه‌وه زانراوه، كه هه‌بوونی كه‌له‌پوور و سه‌رچاوه‌یه‌كی پێشینه‌ی زۆر بۆ زانستێك له توانایدایه یارمه‌تی ئه‌و زانسته بدات تا گه‌شه بكات و پێشبكه‌وێت و زاڵ بێت به سه‌ر ئه‌و گرفتانه‌ی كه بۆی دێنه پێش.
به‌ڵام كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب سه‌رچاوه‌ی كۆن و پێشینه‌ی زۆری له به‌رده‌ستدا نییه، ئه‌مه‌ش وه‌ك یه‌كه‌م گرفت و ڕێگرییه كه تووشی هاتووه. له كاتێكدا ده‌بینین لقه زانستیه‌كانی تری ناو كۆمه‌ڵناسی له وێنه‌ی كۆمه‌ڵناسیی سیاسی و كۆمه‌ڵناسیی ئابووری زنجیره‌یه‌ك كاری پێشینه‌ی نووسه‌رانی دیكه‌یان له به‌رده‌ستدایه كه یارمه‌تی داون تا گه‌شه بكه‌ن و په‌ره بسێنن، به‌ڵام كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب له‌م ڕووه‌وه به ته‌واوه‌تی هه‌ژاره. ئه‌و هه‌وڵه ده‌گمه‌نه زانستییانه‌ش كه ویستویانه ئه‌م بواره بدۆزنه‌وه و ڕێگا خۆش بكه‌ن بۆ دامه‌زراندنی، به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن. لێكۆله‌ره‌وه‌كان له‌وه‌دا كۆكن كه سه‌ره‌تاكانی ئه‌م زانسته له گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبی "مه‌دام دی ستایل"، (ئه‌ده‌ب و په‌یوه‌ندی به سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه) كه له ساڵی ١٨٠٠ له فه‌ڕه‌نسا بڵاوبۆته‌وه، ده‌ستی پێ كردووه. پاشان "تێن" له كتێبه‌كه‌یدا به ناوی "مێژووی ئه‌ده‌بی ئینگلیزی" كه له ساڵی ١٩٦٣ بڵاویی كرده‌وه كۆمه‌ڵێك شیكاری خستۆته ڕوو. پاشان سه‌رنجه پچرپچڕهكانی ماركس و ئه‌نگڵس دێن، هه‌رچه‌نده تا ساڵی ١٩٣٣ كۆنهكرابوونهوه و بڵاونه‌بوونه‌وه، ئه‌م سه‌رنجه پچڕپچڕانه‌ی ماركس و ئه‌نگڵس له‌و ساڵه‌دا له پاریس به ناوی "له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه" خرانه ڕوو. ئه‌گه‌ر هه‌وڵماندا له‌م بواره‌دا شتێكی به‌نرخ لای نووسه‌رانی به‌ناوبانگی وه‌ك ئۆگست كۆنت ودۆركایم و مۆس بدۆزینه‌وه ئه‌وا شتێكی وامان وه‌چنگ نایه‌ت، هه‌رچه‌نده مۆس گرنگی داوه به هونه‌ر، به‌ڵام بێ گرنگیدان به ئه‌ده‌ب.
ده‌توانین بڵێین ته‌نها له چله‌كانه‌وه، لێره و له‌وێ هه‌ندێك كتێب و لێكۆڵینه‌وه بڵاوبوونه‌وه، كه وای لێ ده‌بینرا كه كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب هه‌نگاوێكی به‌ره‌و بونیادنان هاوێشتوه، گه‌رچی له‌م لێكۆڵینه‌وانه‌دا ناتوانین به ئاسانی ده‌ستمان ڕابگات به ڕوویه‌كی یه‌كگرتوو و هه‌ماهه‌نگی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب كه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پرسیاره‌كان و گرفته‌كان بێت، به‌ڵام له هه‌موو ئه‌وانه گرنگتر ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و كتێب و لێكۆڵینه‌وانه، ئه‌و گرفت و ئاستهنگیانهیان دیاری كردووه كه ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب ده‌بنه‌وه، هه‌روه‌ك ئه‌و نووسینانه هه‌وڵگه‌لێكی بێ‌وچانیان تێدا نرابوو بۆ ده‌ست ڕاگه‌شتن به میتۆدی تایبه‌تی ئه‌م زانسته.
لێكۆڵهرو بیرمه‌ندی جیاواز له وڵاتانی ئه‌وروپی جیاوازه‌وه له‌م لێكۆڵینه‌وانه‌دا به‌شداربوون. له ئه‌ڵمانیا قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت له ڕێگای نووسینه‌كانی هه‌ریه‌كه له لۆكاش و ئهورباخ[5] و ئه‌درنۆ وه به‌شدار بوون، له فه‌ڕه‌نسا لێكۆڵینه‌وه‌كانی هه‌ریه‌كه له بنیكۆ و لۆفیڤه‌ر و لوسیان گۆڵدمان نیشانه و ئاماژه‌ی گرنگ بوون له‌م بواره‌دا. زۆر له مامۆستایانی سۆربۆنیش له‌م بواره‌دا هه‌وڵی گه‌وره ده‌ده‌ن، بۆ نموونه (ئاده‌م) كه له لێكۆڵینه‌وه‌كانیدا له باره‌ی كاره ئه‌ده‌بیه‌كانی سه‌ده‌ی حه‌ڤه‌ده و به‌ستنه‌وه‌ی به گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه. هه‌روه‌ها "ڕۆبێر ئیسكارپیت" له زانكۆی بۆردۆ لێكۆڵینه‌وه له بواری كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بییدا ده‌كات له ڕوانگه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راوردكارییه‌وه. هه‌روه‌ك ناتوانین له‌م بواره‌دا كاره‌كانی جان پۆڵ سارته‌ر نادیده بگرین، كه سه‌رنجی خستۆته سه‌ر بارودۆخه ئابوورییه‌كان له په‌یوه‌ندییاندا به ئه‌ده‌به‌وه، ئه‌مه‌ش له كاتی هه‌وڵدانی بۆ پێناسه‌كردنی ئه‌ده‌ب.
هه‌روه‌ها به‌شداری ئیتاڵیا له‌م بواره‌دا زۆر ڕوونه، ئه‌ویش پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه گرنگه‌كه‌ی "لوسیانۆ جالینۆ" له شه‌سته‌كاندا به‌ناونیشانی "ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب". به‌ڵام له وڵاتانی ئهنگڵۆساكسۆندا وا دیاره كه لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان ته‌ركیز ده‌كه‌نه سه‌ر لێكۆڵینه‌وه له بابه‌تگه‌لێكی دیاریكراوی به‌شه‌كی. لێكۆڵینه‌وه‌كانی "تۆمسن" له باره‌ی تراژیدیای گریكه‌وه نموونه‌ی ڕوونی ئه‌م لێكۆڵینه‌وانه‌ن. له پاڵ هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه‌دا لێكۆڵینه‌وه‌كانی مێژووناسانی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری هه‌یه، كه تێگه‌شتن له‌وه‌ی- بۆ ئه‌وه‌ی زانسته‌كه‌یان پێشكه‌وێت و په‌ره‌بسێنێت- ده‌بێت هه‌ندێك له كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ته‌نها به كۆمه‌ڵناسی ده‌كرا. لێره‌وه زۆر پرسیارییان ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵناسی كرده‌وه، هه‌روه‌ها میتۆده‌كانی كۆمهڵناسییان وه‌رگرت، ئه‌گه‌رچی له به‌رامبه‌ردا گریمانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندییان به‌خشی كه له تواناییدا بوو به ڕێگه‌ی ئه‌زموونیی جێبه‌جێ و چاره‌سه‌ر بكرێن.
ئه‌گه‌رچی نه‌بوونی نه‌ریتێكی پێشینه له كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بدا بوو بوو به ڕێگرێك كه نه‌یده‌هێشت گه‌شه بكات، به‌ڵام ورده ورده به سه‌ریدا زاڵ بوو، ئه‌ویش له ڕێگای زنجییرهیهك توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌وه كه پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كردن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ش ڕێگرییه‌كی گرنگتر مابووه‌وه، ئه‌ویش ڕه‌تكردنه‌وه‌ی په‌نا بردن بوو بۆ كۆمه‌ڵناسی له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا له باره‌ی ئه‌ده‌به‌وه. لێره‌شدا خۆمان له به‌رده‌م دوو شت‌دا ده‌بینینه‌وه، ئه‌ویش یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی په‌نهان یان ڕاشكاوی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب، یاخود شكستی ڕاشكاوی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی دران له‌م بواره‌دا. به‌ڵام هۆی ئه‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌یه بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب چی بوو؟ بۆ ئه‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌یه دوو هۆكار هه‌بوو: هۆكاری یه‌كه‌م خۆی له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌شێك له توێژه‌كانی كۆمه‌ڵدا ده‌بینییه‌وه بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه، هه‌ر له بنچینه‌وه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسیی مه‌عریفه له سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنییدا ڕووبه‌ڕووی بوویه‌وه. ئه‌م توێژه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه له پشتی ئه‌م ڕهتكردنهوهیهوه بوون، توێژه بۆرژوازییه‌كان بوون، كه پێیان وابوو ڕۆشنبیری و هونه‌ر سه‌ربه‌خۆییه‌كی ته‌واوه‌تییان هه‌یه له هه‌موو شێوازه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر و جیاوازن. بۆرژوازیهت ڕایه‌كی هه‌بوو كه هه‌موو ڕه‌هه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و مێژوویی په‌یوه‌ست به ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه ڕه‌ت ده‌كرده‌وه. هونه‌ر –به‌پێی ڕۆحی بۆرژوازیهت- وه‌ك مێژوویه‌كی تایبه‌ت په‌ره‌ده‌سێنێت، و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به مێژوویی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه نییه، ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش له‌وه‌وه هاتبوو كه بۆرژوازیهت ده‌یزانی كه كاره ئه‌ده‌بییه‌كان به ئامرازێكی گرنگ داده‌نرێن له ڕێگای هۆشیاربوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌رامبه‌ر به خۆی، ئه‌م هۆشیارییه‌ش –له ئاستی دوور مه‌ودادا- له تواناییدا بوو كه ئاڵۆزی و تێكچوون و له‌رزاندن بخاته نێو سیسته‌می باوه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سیسته‌م و هاوسهنگێكهی له كۆمه‌ڵگادا، له كاتێكدا ئه‌و ده‌یویست سیسته‌م و هاوسه‌نگی له كۆمه‌ڵگادا بپارێزێت، له پێناوی پاراستنی پله‌و پێگه چینایه‌تییه تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆیان.
ئه‌گه‌ر هۆكاری یه‌كه‌م بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب ئه‌وه بێت كه هه‌ندێك له چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كۆنزه‌رڤاتیڤ ده‌ترسن له‌وه‌ی كه لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌م زانسته ببێته هۆی ڕۆشنایی خستنه سه‌ر كاره ئه‌ده‌بییه‌كان، و پاشان ڕۆشنایی بخاته سه‌ر پێگه چینایه‌تییه‌كان و سه‌ر خودی بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تیش، به‌ڵام هۆكاری دووه‌م بۆ ئه‌م ڕهتكارییه خۆی له‌وه‌دا ده‌بینیه‌وه كه نووسه‌ران و ئه‌دیبه‌كان خۆشیان ڕه‌تیان ده‌كرده‌وه -یان لانی كه‌م- پێشوازی له‌وه ناكه‌ن كه كاره ئه‌ده‌بییه‌كانیان له گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بخوێنرێته‌وه.
هۆكاری ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه كاره ئه‌ده‌بییه‌كان له لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه بڕێك ئاڵۆزی پێدراوه، به هه‌مان شێوه‌ی كاره ئایینیه‌كان و كاره فكرییه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی. زۆر جار ڕه‌خنه‌گران و بیرمه‌ندان بانگه‌شه‌یان بۆ بیرۆكه‌یه‌ك كردووه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه گوایه ناكرێت په‌ی به په‌یدابوون و تێگه‌شتن له كاره ئه‌ده‌بییه‌كان ببه‌ین. له لایه‌كی تریشه‌وه ناكرێت پێشبینی چاره‌نوسیشیان بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی –هه‌روه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن- كاره ئه‌ده‌بییه‌كان هه‌ڵگری نهێنی تایبه‌تی خۆیانن. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به نووسه‌ریشه‌وه هه‌یه ئه‌وا –به‌لای ئه‌و ڕه‌خنه‌گر و بیرمه‌ندانه‌وه- ته‌نها تیۆری بلیمه‌تی ده‌توانێت شیكردنه‌وه له‌باره‌یانه‌وه بكات، و ناشتوانرێت ته‌لیسمه‌كانی بلیمه‌تی بكرێته‌وه. ئه‌گه‌ر ویستیشمان شرۆڤه‌ی ئه‌و ئامرازه و ڕێگایانه بكه‌ین كه كاره ئه‌ده‌بییه‌كانی پێ گه‌شه ده‌كات و په‌ره‌ده‌سێنێت، ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه له‌مباره‌شه‌وه تیۆری ڕۆمانتیكیی ناسراو به سروش (وه‌حی) و ئیلهام، یاخود نهێنییه‌كانی داهێنانیان پێشكه‌شكردووه، كه ناكرێت ده‌رگاكانی بكرێنه‌وه و نهێنیی و ته‌لیسمه‌كانی بدۆزرێنه‌وه و ئاشكرا بكرێن.
له ڕاستییدا ئه‌و ئه‌دیبانه و هه‌روه‌ها چینه باڵاده‌ست و كۆنزهرڤاتیڤهكانی كۆمه‌ڵگا كه هه‌ڵگری ئه‌م هه‌ڵوێسته ڕهتكهرهوهیهن بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب، هه‌وڵیاندا بۆ پشتگیری له‌م هه‌ڵوێست و بۆچوونه‌یان پشت به‌و به‌ڵگه‌یه ببه‌ستن گوایه هه‌موو ئه‌و هه‌وڵه زانستیانه‌ی كه پێشتر دراون بۆ دروستكردن و دانانی بناغه‌ی ئه‌م زانسته، به خراپی توشی شكست هاتوون. ئه‌گه‌رچی ئه‌و ڕێگری و به‌ربه‌ستانه‌ی كه پێشتر هاتوونه‌ته به‌رده‌م ئه‌م زانسته نه‌یانتوانیوه ببنه هۆكاری وه‌ستاندنی لێكۆڵینه‌وه بابه‌تیه‌كانی ناو ئه‌م كایه، به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێت ئه‌وه له‌به‌رچاونه‌گرین كه، زۆرینه‌ی ئه‌و هه‌وڵه زانستیانه‌ی دراون بۆ چێكردنی ئه‌م زانسته شكستیان هێناوه. با به‌خێرایی چاوێك بخشێنینه‌وه به گرنگترین ئه‌و هه‌وڵانه، تا بتوانین ئه‌و خاڵه لاوازانه‌ی تێدا دیاری بكه‌ین كه بووه به هۆكاری سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌م زانسته.
له گرنگترین ئه‌و هه‌وڵانه هه‌وڵه‌كه‌ی "هیپۆلیت تێن(١٨٢٨-١٨٩٣)"ه، كه ده‌یویست زانستێكی پۆزه‌تیڤی بۆ ئه‌ده‌ب دامه‌زرێنێت، به پشت به‌ستن به دوو كۆڵه‌كه‌ی شیكاری: دۆزینه‌وه‌ی توانایی سه‌ره‌كی هه‌ر نووسه‌رێك، پاشان به‌دواداچوونی دروستبوونی ئه‌م توانادارییه، له ڕێگای سێینه‌ی[6] به‌ناوبانگه‌وه: ڕه‌گه‌ز، و ژینگه (ناوه‌ند)، و سه‌رده‌م (كات). تێن له‌و بڕوایه‌دا بوو كه زنجیره‌ی هۆكاره گشتییه‌كان كه ده‌سه‌لاتیان به سه‌ر هه‌موو فاكته‌كاندا هه‌یه تا بێكۆتا درێژ نابنه‌وه، به‌ڵكو ده‌كرێت شوێن پێیان هه‌ڵگرین، كه له هه‌ندێك بنه‌مادا كۆتاییان دێت كه ده‌كرێت ئاستی كاراییان و ئاستی تواناییان له شیكردنه‌وه‌ی هه‌ر بوونێكی دیاریكراودا بسه‌لمێنین. ئه‌م بنه‌ما گشتییانه‌ش ئه‌و سێینه‌یه كه ئاماژه‌مان بۆ كردن، تێن به ئامانجی شیكردنه‌وه‌ی فاكته مێژوویه‌كانیش هه‌ر ئه‌م بنه‌ما گشتیانه‌ی به‌كارهێنا. پشت به‌ستنی ته‌واوه‌تی و جه‌وهه‌ری تێن به چه‌مكه‌كانی زانسته سروشتییه‌كان، و ئه‌و حه‌تمیه‌ته تونده‌ی كه لێی ده‌كه‌وێته‌وه، وای كرد كه هه‌وڵه‌كانی به شێوه‌یه‌كی نائاسایی توشی بنبه‌ست و وه‌ستان ببێت. مرۆڤ له لای ئه‌و -هه‌روه‌ك له یه‌كێك له كتێبه‌كانیدا هاتووه- ده‌كرێت به ئاژه‌ڵێك له جۆری باڵا ناوببرێت، كه فه‌لسه‌فه و گوتاره‌كان داده‌هێنێت، هه‌روه‌ك چۆن كرمی ئاوریشم (القز-Bombyx mori) ده‌زووی ئاوریشم ده‌رده‌دات.
به‌ڵام شكستهێنانی "تێن" له دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بدا، تا ئاستێك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی كه كۆمه‌ڵناسیی تێدا بووه له سه‌رده‌مه‌كه‌ی ئه‌ودا، چونكه هێشتاكه كۆمه‌ڵناسی له‌و سه‌رده‌مه‌دا له دامه‌زراندندا بوو و هێشتاكه به‌شه‌كانی و ڕووخساری به ته‌واوه‌تی دیاری نه‌كرابوو. به‌ڵام تێن هه‌ر به یه‌كێك له‌و پێشڕه‌وانه داده‌نرێت كه ئاماژه‌ی بۆ ڕێگا ڕاسته‌كه كردووه. هه‌وڵه‌كانی ئه‌وانی تریش كه به‌دوای ئه‌ودا هاتن و ته‌نیا زه‌حمه‌تی ئه‌وه‌یان وهبهرخۆیان دابوو كه هه‌مان پرنسیپه‌كانی ئه‌و دووباره بكه‌نه‌وه، هیچ سه‌ركه‌وتنێكی تۆمار نه‌كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی نووسینه‌كانیان كورت بووبووه‌وه له هه‌وڵدان بۆ شیكردنه‌وه‌ی كاره ئه‌ده‌بییه‌كان به گه‌ڕاندنه‌وه‌یان ته‌نها بۆ یه‌ك هۆكار، كه زۆربه‌ی جار به ڕێگایه‌كی ته‌واو بێ بنه‌ما كه هیچ پاساوێكی نه‌بوو، هه‌ڵده‌بژێردران.
گرنگترین هه‌وڵه هاوچه‌رخه‌كانی ئه‌م كایه، هه‌وڵه ماركسیه‌كان بوو بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. ئه‌م هه‌وڵه‌ش بوو به سه‌ره‌تای كاری ژماره‌یه‌ك له فه‌یله‌سووفانی ماددی پێشكه‌وتوخوازی وه‌ك نیكۆلای چێرنهشهفسكی Chernyshevsky)) گه‌وره فه‌یله‌سوفی ڕووسی، كه هه‌وڵێكی به‌رایی گرنگی دا له نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌ی له ئادابدا كه به‌ناوی "په‌یوه‌ندی هونه‌ری جوانیناسی به واقیع"ه‌وه بوو، ١٨٥٠، كه شیكردنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی وردی بۆ چه‌مكی جوانی پێشكه‌ش كرد. پاشان له ئاسمانی فكری ماركسییدا ناوگه‌لێكی دیكه‌ی وه‌ك بلیخانۆف و لۆكاش دره‌وشانه‌وه، تیۆرسێنانێك كه پێگه‌ش تایبه‌تی خۆیان هه‌یه له كایه‌ی ئیستاتیكای ماركسیی، بلیخانۆف (١٨٥٦-١٩١٨) وای ده‌بینی كه پێویسته له سه‌ر ئیستاتیكای ماركسی كه لێكۆڵینه‌وه له باره‌ی گۆڕانی چێژ‌و و به‌هاكان و چه‌مكه جوانیناسیهكانهوه بكه‌ن له ژێر ڕۆشنایی پێشكه‌وتنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، هونه‌ر له لای ئه‌و- ئاماژه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگه، هونه‌ر به‌مشێوه‌یه وێنه‌دانه‌وه و ده‌ربڕی تایبه‌تمه‌ندییه بنچیینهیهكانی كاتێكی دیاریكراو و گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراوه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه -له كۆتاییدا- سه‌رجه‌می سه‌رخانی ئایدۆلۆژی پشت ده‌به‌ستن به بارودۆخه ئابوورییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان.
بیرمه‌نده ماركسییه‌كان پێوه‌رێكی سه‌ره‌كییان دانا بۆ داوه‌ریكردن له باره‌ی هه‌ر كارێكی ئه‌ده‌بی، ئه‌ویش ئاستی پابه‌ندبوونی ئه‌و كاره ئه‌ده‌بیه بوو به وێنه‌كێشانی واقیع و له‌به‌رچاوگرتنی، ئه‌م واقیعه‌ش-به پێی تێگه‌شتنی ئه‌وان- هاوواتای واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، لێره‌وه تیۆری واقیعی سۆشیالیستی به ناوه‌ڕۆكه ناسراوهكانییهوه سه‌ریهه‌ڵدا.
به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه هه‌ندێك به‌ربه‌ستی له به‌رده‌مدا قوت بوونه‌وه، ئه‌مه‌ش پاڵی به بیرمه‌نده ماركسییه‌كانی وه‌ك لۆكاشهوه نا هه‌وڵبده‌ن به وریاییه‌كی زیاتره‌وه پێكهاته ئاڵۆزه‌كانی كاره ئه‌ده‌بییه‌كان و په‌یوه‌ندییان به واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بدۆزنه‌وه. هه‌وڵه‌كانی لۆكاش به‌رهه‌مدار بوو، و تیۆری "شێوه‌كانی بینینی جیهان"ی لێ به‌رهه‌مهات و هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌و شێوازی بینینانه، به ده‌ربڕی یه‌كێك له گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه دیاریكراوه‌كان داده‌نرێت[7]، له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌شدا كه دران بۆ پێدانی نه‌رمی و گشتگیری بۆ شیكاری ماركسی، به‌ڵام هێشتاكه هه‌ر ته‌ركیزكردن بوو له سه‌ر واقیعیه‌تی سۆشیالیستی. هه‌وڵێكی دیكه‌ی جێگای سه‌رنج كه ده‌یویست شیكاری بۆ ئه‌ده‌ب بكات، شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی بوو، كه ئه‌م هه‌وڵه‌ش شكستی هێنا له‌وه‌ی كه ده‌یویست پێی بگات، چونكه بوو به هۆی وێرانكردنی كوالێتی كاره ئه‌ده‌بییه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ته‌ركیزكردن بوو له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ئاماژه ده‌روونییه‌كانی ناو ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان. هه‌موو ئه‌م هه‌لومه‌رجه وا ده‌هاته به‌رچاو وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵه زانستییانه‌ی كه له‌م بواره‌دا ده‌نرێن ببنه هۆكاری وێرانكردنی خودی بابه‌ته‌كه، و ئه‌گه‌ر ئه‌مه دواهه‌مین ئه‌و هه‌وڵانه بێت كه له توانایی لێكۆڵه‌رانی كۆمه‌ڵناسیدا بێت بۆ شیكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب، شتێكی سروشتییه كه ببینین ئه‌دیبه‌كان وایان پێ باش بێت كه په‌نا نه‌به‌ن بۆ ئه‌م هاوكارییه وێرانكه‌ره! شكستی ئه‌م هه‌وڵه زانستییانه له پێشكه‌شكردنی شیكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌ده‌ب، بوو به هۆكاری پاڵپشتی بۆ هه‌ڵوێستی ڕهتكهرهوانی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب، ئه‌مه‌ش زۆر به ساده‌یی واته به‌لاوه‌نانی هه‌موو شیكردنه‌وه زانستییه‌كان بۆ كاره ئه‌ده‌بییه‌كان.
ئه‌گه‌ر پێشتر توابیێتمان پێشكه‌شكردنێكی خێرا‌و كورت بۆ بارودۆخی هه‌نوكه‌یی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بی بخه‌ینه ڕوو، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه ئه‌و مه‌رجه پێویستیانه بخه‌ینه ڕوو كه گرنگن بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م زانسته.
دووه‌م: مه‌رجه پێویستییه‌كانی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب:
دوای ئاماژه‌دان به هه‌وڵه شكستخواردوه‌كانی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب، پێده‌چێت گرنگترین ئه‌و پرسیاره‌ی ڕووبه‌ڕوومان ببێته‌وه ئه‌وه بێت كه چۆن له سه‌ر بنه‌مای پێناسه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان، هه‌روه‌ها له ڕێگای ئه‌و میتۆدانه‌وه كه ده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه‌كانی پێ ئه‌نجام بده‌یین، بناغه‌كانی ئه‌م زانسته دابمه‌زرێنین.
ئه‌لبێر میمی پێنج بناغه‌ی جه‌وهه‌ری ده‌ستنیشان كرد، كه ده‌شێت كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بی له سه‌ر دابمه‌زرێنین. ده‌توانین بێ مشتومڕكردن هه‌ندێك له‌و بناغه پێشنیازكراوانهی میمی په‌سه‌ند بكه‌یین، ئه‌ویش له به‌ر لۆژیكیبوونی ئه‌و چه‌ند دانه له مه‌رجه جه‌وهه‌رییه‌كانی ئه‌و بیرمه‌نده، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا هه‌ڵوێسته بكه‌ین له به‌رامبه‌ر هه‌ندێكی تریاندا، به‌ڵكو هه‌ندێكی دیكه‌شیان به‌لاوه بنێین، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌وه ڕه‌تناكه‌نه‌وه كه هه‌وڵه‌كانی میمی شایسته‌ی تێڕامانن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی میمی به‌و هه‌وڵه ده‌گمه‌نانه داده‌نرێن كه نراون بۆ دانانی هه‌ندێك ڕێسایی میتۆدی بۆ ئه‌م زانسته تازه‌یه‌ی كه هێشتاكه له گه‌شه‌كردن و دروستبووندایه.
له ڕاستییدا كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب له‌م قۆناغه‌دا هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌بێت كه دۆركایم له وتاره‌كه‌یدا به‌ناوی "كۆمه‌ڵناسی و بواره زانستییه‌كه‌ی" به زمانی ئیتاڵی له سه‌ره‌تاكانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا باسی كردووه. ئه‌و وه‌بیری هێنایه‌وه كه زانستێك نه‌توانێت په‌ی به شێواز و ڕێگاكانی ژیان ببات، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ناتوانێت ببێته خاوه‌نی هیچ شتێك جگه له مانایه‌كی ئاڵۆز و دیاری نه‌كراوی ئه‌و بواره‌ی ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ی له باره‌وه بكات، هه‌روه‌ك هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ناتوانێت له بواره‌كه‌ی و سنووره‌كانی ئه‌و زانسته دڵنیا ببێته‌وه، هه‌روه‌ك ناتوانێت ببێت به خاوه‌نی بینینێكی ڕوون ئه‌گه‌ر خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك له‌و ڕێسا میتۆدییانه نه‌بێت كه ئاراسته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی دیاری ده‌كه‌ن. له لایه‌كی تره‌وه گرنگه هۆشیارییه‌كی ورد و قوڵی هه‌بێت له باره‌ی بابه‌ته‌كه‌یه‌وه، چونكه ڕێگای زانا به‌رفراوان تر ده‌بێت هه‌رچه‌نده باش ئاراسته بكرێت، هه‌روه‌ها هه‌رچه‌نده زیاتر بتوانێت سروشتی ئه‌و زه‌وییه له به‌رچاو بگرێت كه لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا ده‌كات، لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی زیاتر میتۆدی ده‌بێت.
به‌مشێوه‌یه، ده‌توانین نرخاندن بۆ گرنگی كۆكبوون و یه‌ك ده‌نگی بكه‌ین له باره‌ی ئه‌و بناغه میتۆدیانهوه كه ده‌كرێت كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بی له سه‌ر دابمه‌زرێت، لێره‌وه ئه‌و بناغه و بنه‌مایانه ده‌خه‌ینه ڕوو كه میمی پێشنیازی كردووه:
1-ده‌بێت وا بڕوانیینه فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی فاكتی كۆمه‌ڵایه‌تی بن:
پێویسته له سه‌ره‌تادا واتای زاراوه‌ی "فاكت-واقعه" شی بكه‌ینه‌وه. ده‌كرێت بگوترێت كه فاكت- له گۆشه‌نیگای مه‌عریفییه‌وه- بریتییه له هه‌موو پێدراوێك له پێدراوه‌كانی ئه‌زموون.
هه‌ندێك له فه‌یله‌سوفه‌كان وای ده‌بینن كه له‌لایه‌كه‌وه فاكت "fait" جیاوازه له ڕووداو "evenement"، و له لایه‌كی تریشه‌وه جیاوازه له دیارده "phenomen". وا ته‌ماشای ڕووداو ده‌كرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی فاكتێك بێت به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه كاتی و شوێنیهكانیهوه. بۆیه فاكت مانایه‌كی له‌وه گشتگیرتری هه‌یه، هه‌رچه‌نده كه ئاماژه‌شه بۆ پێدراوێكی ئاوێته و به‌رهه‌سته‌كی، به‌ڵام دیارده فاكتێكی شیكراوهیه، له ڕووی ڕه‌گه‌زه پهتییهكانیهوه ته‌ماشا ده‌كرێت، به چاوپۆشین له هه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كی په‌یوه‌ست به كات و شوێنه‌وه، هه‌روه‌ها دیارده هه‌ڵگری بیرۆكه‌ی تواناداری دووباره بوونه‌وه‌یه.
هه‌رچه‌نده ڕایه‌كی تر هه‌یه كه فاكت هه‌ر به هاوواتای دیارده ده‌بینێت. به‌ڵام هه‌ڵگرانی ڕایی پێشوو ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه له سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ی كه فاكت مانایه‌كی وه‌سفی و به‌رهه‌سته‌كی هه‌یه، له كاتێكدا دیارده مانایه‌كی شیكاری و په‌تی هه‌یه.
گرنگی ئه‌م مشتومڕه تیۆریانه‌ی بابه‌ته‌كه‌مان ئه‌وكاته به‌دیار ده‌كه‌وێت كه هه‌ندێك نموونه‌ی په‌یوه‌ست به ئه‌ده‌بمان هێنایه‌وه. ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه‌مان كرد كه ڕۆمانێك له كاتێكی دیاریكراودا له لایه‌ن نووسه‌رێكی تازه پێگهشتووهوه بڵاوبۆته‌وه و پێێشوازییهكی گه‌وره‌ی لێكراوه و هه‌زاره‌ها كۆپی لێ بڵاوبۆته‌وه. ئه‌مه ده‌كرێت به فاكت دابنرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێكی دیكه له ڕۆماننوسهكان بۆ نموونه لاسایی ته‌كنیكی ئه‌م ڕۆماننووسهیان كرده‌وه و هه‌مان سه‌ركه‌وتنی ئه‌ویان به‌ده‌ست هێنا، ئه‌وا ئه‌مه‌ش هه‌ر فاكته، به‌ڵام ده‌كرێت به دیارده‌ش دابنرێت.
هه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ده‌كرێت تێبگه‌یین له‌وه‌ی میمی مه‌به‌ستی چی بووه له پێویستی ته‌ماشاكردنی فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان وه‌ك فاكتی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان له گۆشه‌نیگای ئه‌ده‌بییه‌وه ببینین، هه‌ر ئه‌مه‌ش واته دوورخستنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ڕایانه‌ی پێشوو كه ڕه‌تیان ده‌كرده‌وه پشت به كۆمه‌ڵناسی ببه‌ستن له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا له‌باره‌ی كاره ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه. هه‌ر لێره‌وه ده‌كرێت –هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه- بڕوا بێنین به‌وه‌ی كه له توانادایه زانستی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب وه‌ك لقێكی تایبه‌ت له لقه‌كانی كۆمه‌ڵناسی دابمه‌زرێنرێت، كه به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی گرنگی بدات به لێكۆڵینه‌وه له باره‌ی كاره ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه. به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه كه كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب له تواناییدایه كه به ته‌نها ده‌ستی به هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی كاره ئه‌ده‌بییه‌كان ڕابگات، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌وه ڕوون بێت كه ده‌رگا كراوه‌یه له به‌رامبه‌ر هه‌موو زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تردا كه له توانایاندایه لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی ئه‌ده‌به‌وه بكه‌ن، له گۆشه‌نیگای تایبه‌تی زانسته‌كانی خۆیانه‌وه، به پێی چوارچێوه مهرجهعیهكهی هه‌ر زانستێك.
2-ناكرێت فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان بۆ شتێكی تری جگه له خۆیان بگه‌ڕێنرێنه‌وه:
ئه‌م بنه‌مایه، بنه‌مایی یه‌كه‌م دیاری ده‌كات و له هه‌مان كاتیش‌دا ته‌واوی ده‌كات. پێویسته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڕوا به‌وه بهێنین كه فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان خاوه‌ن چڕییه‌كی دیاریكراون، ئه‌م چڕییهش پێویستی به دۆزینه‌وه و پشكنینی پهنهانهكانیهتی نه‌ك خۆلادان لێیان و فه‌رامۆشكردنیان. له ڕاستییدا زۆرجار فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان به‌پاساوی هه‌وڵدان بۆ تێگه‌شتن لێیان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ شتگه‌لێكی تر. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش له لای زۆر له ڕه‌خنه‌گره‌كان باوه، هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌قبه‌ستووی و نه‌زانین و نه‌بوونی میتۆدی ڕێكخراو و گونجاو له لای ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه، كه ئه‌گه‌ر بیانتوانیبا میتۆدی گونجاو و دروست له سه‌ر ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان پراكتیك بكه‌ن، ئه‌وا ده‌بووه هۆی تێگه‌شتنێكی ڕاستر و باشتر له فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان، به‌ڵام ناكرێت به ته‌واوه‌تی له‌م كاره‌دا سه‌ركه‌وتوو بین ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه ده‌وری فاكته ئه‌ده‌بییه‌كانیان داوه نه‌دۆزینه‌وه، به‌وشێوه‌یه ده‌كرێت له‌وه دڵنیابینه‌وه كه فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان تێكه‌ڵ به مه‌رجه‌كانی پێكهێنانیان و تێكه‌ڵ به بارودۆخه‌كانی ده‌وروبه‌رییان نابن. هه‌روه‌ها تێكه‌ڵی به‌و مه‌به‌ستانه‌ش نابن كه داهێنه‌ره‌كه ویستویه‌تی به‌دیبهێنێت، هه‌روه‌ك تێكه‌ڵ به ده‌نگدانه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تی و دهروونیهكانیشی نابن. گه‌رچی هه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕهچاوكردنانه گرنگی خۆیان هه‌بێت له دۆزینه‌وه‌و ڕاڤه‌كردنی فاكته ئه‌ده‌بیه‌كان و تێگه‌شتن لێیان، به‌ڵام پێویسته هیچ یه‌ك له‌وانه له گه‌ڵ خودی فاكته ئه‌ده‌بیه‌كاندا تێكه‌ڵ به یه‌ك نه‌كرێن.
3-فاكتی ئه‌ده‌بیی فاكتێكی به‌هاییه:
ئه‌م پرنسیپه به ڕاشكاوه‌ی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌یه كه ئێسته دوای ئاماژهدانمان به‌و دوو پرنسیپه‌ی پێشوو، بۆمان دێته پێش: كه‌واته جۆری فاكتی ئه‌ده‌بی چییه؟ له ڕاستیدا فه‌رامۆشكردنی ئه‌وه‌ی كه فاكتی ئه‌ده‌بی فاكتێكی به‌هاییه، بوو به هۆكاری ئه‌وه‌ی كه هه‌وڵه‌كانی پێشوو، فاكته ئه‌ده‌بییه‌كانیان نغرۆكرد له بوارگه‌لێكی زۆر به‌رفراواندا، ئه‌مه‌ش بوو به‌هۆی شكستهێنان له‌وه‌ی ڕاستییه‌كانی بدۆزرێته‌وه.
گرنگی ئه‌م پرنسیپه له‌وه‌دایه كه سنورێك له نێوان ئه‌ده‌بدا به‌مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی، له گه‌ڵ هه‌موو كاره‌كانی تری جیهانی نووسین و هزر داده‌نێت، هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ی كه ناتوانین به هیچ جۆرێك به كاری ئه‌ده‌بییان دابنێین. به‌مشێوه‌یه بوارێك هه‌یه بۆ جیاكاری كردن له نێوان دیوانێكی شیعری یاخود ڕۆمانێك له گه‌ڵ كتێبێكی ئابووری سیاسی یاخود ڕۆژنامه‌یه‌ك له ڕۆژنامه‌كاندا. هه‌ربۆیه هه‌ندێك له ڕه‌خنه‌گران زۆر باش جیاكاری ده‌كه‌ن له نێوان "كۆمه‌ڵناسیی نووسین" و "كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب"دا، به‌و پێیه‌ی كه ده‌كرێت ئه‌م جیاكاریانه ببنه هۆی دیاریكردنی بواری كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب.
4-فاكتی ئه‌ده‌بی به ته‌واوه‌تی فاكتێكی مه‌عریفی نییه:
ده‌كرێت ئه‌م پرنسیپه له پرنسیپی پێشووه‌وه ههلهێنجرێت. به مشتوماڵكردنی ئه‌م پرنسیپه ده‌ستمان ڕاده‌گات به گرفتێكی گرنگ، به‌ڵكو ئه‌و گرفته بووه به گرفتێكی هه‌ره گرنگ كه ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب بۆته‌وه، مه‌به‌ستمان په‌یوه‌ندی ئه‌م زانسته‌یه به كۆمه‌ڵناسیی مه‌عریفه‌وه. له ڕاستییدا هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له به‌رامبه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌دا، له تواناییدایه ئهنجامگهلێكی درێژخایه‌نی لێ بكه‌وێته‌وه، كه ده‌كرێت ببێته هۆی دیاریكردنی چه‌مكی خودی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییش.
به‌ڵام ڕای ڕاسته‌قیینه -به بۆچوونی لێكۆڵه‌ره‌كان- ئه‌وه‌یه كه فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان ته‌نها فاكتێكی مه‌عریفی نیین، و كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بییش به‌شێك نییه له به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی مه‌عریفه.
فاكتی ئه‌ده‌بییش ده‌كرێت هه‌ندێك شتی دیاریكراومان بۆ بگوازێته‌وه، زۆربه‌ی جاریش هه‌ر ئه‌و شتانه‌ن كه نووسه‌ر مه‌به‌ستێتی بگه‌یه‌نێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه وا ده‌كات كه ئه‌ده‌ب ببێته یه‌كێك له ئامرازه گرنگه‌كانی په‌یوه‌ندی له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا. زۆرجار وا ڕووده‌دات كه مه‌به‌ستی نووسه‌ر دیاریكراو نییه، یاخود له سه‌روه‌ختی نووسیندا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه "شێواز-فۆرم"ی نووسه‌ر له ده‌ربڕینی خۆییدا زۆر گرنگتره له‌وه‌ی كه ده‌یڵێت، هه‌ر ئه‌م شێواز و ڕێگایه‌ش له بارییدایه كه كاریگه‌ری له سه‌ر ناوه‌رۆكی ئه‌و گوتاره دابنێت كه نووسه‌ر پێشكه‌شی ده‌كات.
ئه‌م بزاڤه‌ی كه دێت و ده‌ڕوات، ئه‌م دیالیكتیكه له كاری ئه‌ده‌بییدا زۆڕ به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت و به بنچیینه داده‌نرێت بۆ تێگه‌شتن له هه‌ر كارێكی ئه‌ده‌بی. ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك ده‌رئه‌نجامی لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:
ئـ- ناكرێت وا له فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان بڕوانین وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه بن، یاخود ده‌رئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی دیاریكراو بن:
لێكۆڵه‌ری كۆمه‌ڵناسی به‌و پێیه‌ی لێكۆڵه‌ره، ده‌بێت بوونی فاكتێكی ئه‌ده‌بی په‌تیی ڕه‌ت بكاته‌وه و فه‌رامۆشی بكات، چونكه هه‌میشه بڕێك له شێواندنی فاكت و واقیع ده‌كرێت ڕووبدات. هۆكاری ئه‌م شێواندنه‌ش جۆراوجۆره، ده‌كرێت ئه‌مه ڕوو بدات له ئه‌نجامی دووباره بونیادنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك له فاكتهكانهوه به شێوه‌یه‌كی خه‌یاڵی، یاخود به هۆكاری تایبه‌ت به فۆرم و ڕوخساری كاره ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه، یاخود به هۆكاری چێكردنی تهكنیكهكانهوه، كه ده‌شێت هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌مه‌جۆره‌كان ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ن و شیبكه‌نه‌وه.
بێگومان ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه، ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌موو ئه‌و گوتار و زانیاریانه‌ی كه نووسه‌ره‌كان له ڕێگای ده‌قه‌كان و كاره ئه‌ده‌بییه‌كاندا ده‌ری ده‌بڕن فه‌رامۆش بكه‌ین، یاخود به‌كه‌میان بگرین، چونكه ده‌كرێت دووباره ماناكانی ئه‌و گوتار‌و به‌یان و ده‌ربڕینانه بدۆزرێنه‌وه و ئاشكرا بكرێن. زۆر گرنگه هه‌میشه ئه‌و بزانین كه ئه‌وه‌ی كارێكی ئه‌ده‌بی مه‌به‌ستێتی به‌ته‌واوه‌تی هه‌مان ئه‌و مه‌به‌ست و ئامانجه نیه كه به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له به‌ڵگه‌نامه‌كان ئامانجێتی بیپارێزێت و بیگه‌یه‌نێت.
هه‌ر فه‌رامۆشكردنی ئه‌م ڕاستیانه‌یه واده‌كات هه‌نووكه هه‌ندێك كه‌س قسه له باره‌ی مردنی ئه‌ده‌به‌وه بكه‌ن. چونكه له ڕاستییدا ته‌ماشاكردنی ئه‌ده‌ب وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بێت، له توانا‌و له باریدایه ناوه‌ڕۆكی ئه‌ده‌ب بكوژێت.
ئه‌گه‌ر وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی كاری ئه‌ده‌بی خستنه‌ڕوو و یاخود پێشكه‌شكردنی زانیارییه‌ك بێت، ئه‌وا هه‌ر ئامێرێكی تۆماركردن كه به نهێنی له كلینكێكی پسپۆڕی ده‌روونیی، یاخود لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه به‌شێوه‌یه‌كی زانستی تۆكمه داڕێژرابێت، به ڕه‌هایی زۆر باشتر ده‌بێت له هه‌ر كارێكی ئه‌ده‌بی. له‌به‌رئه‌وه‌ی بێگومان ده‌توانین له‌وانه‌وه زانیاریگه‌لێكی فره‌تر و داتاگه‌لێكی جێگرتر و متمانهپێكراوترمان ده‌ست بكه‌وێت به به‌راورد به‌و زانیارییه پچڕپچڕانه‌ی كه له نێو ناواخنی هه‌ر كارێكی ئه‌ده‌بیدا هه‌یه. ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه ته‌نها بریتیی بێت له پیشاندان و خستنه‌ڕووی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وا هه‌ر كۆمه‌ڵه ڕۆژنامه‌یه‌ك بگرییت زۆر به‌نرختر ده‌بوون له هه‌موو ئه‌و ڕۆمانانه‌ی له هه‌مان ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه.
ب- ناكرێت وا ته‌ماشایی فاكتی ئه‌ده‌بی بكه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها بڕێك ئاماژه بن:
به هه‌مان هۆكار، ناكرێت وا ته‌ماشای فاكتی ئه‌ده‌بی بكه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها بریتیی بن له كۆمه‌ڵه ئاماژه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی. مه‌ترسییه‌ك هه‌یه له ته‌نها به ئامانجگرتنی ئاماژه‌كانی ناو كاره ئه‌ده‌بییه‌كان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌مه وا ده‌كات جیاكارییه گرنگه‌كانی نێو كاره ئه‌ده‌بییه سه‌ركه‌وتووه‌كان و كاره ئه‌ده‌بییه ئاست نزم و شكستخواردوه‌كان نه‌هێڵێت. به‌ڵكو ئه‌م ئاراسته‌یه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه كاره ئه‌ده‌بیه ئاست نزم و كه‌م به‌هاكان به‌رزتر و باشتر وه‌ربگیرێن، چونكه ده‌شێت له ڕووی ئاماژهكانهوه ده‌وڵه‌مه‌ندتر بن له كاره ئه‌ده‌بییه ئاست به‌رزه‌كان.
5-فاكتی ئه‌ده‌بی ئامرازێكی كاره:
لێكۆڵه‌ره‌كان وای ده‌بینن كه مه‌رجداركردنی فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان به‌وه‌ی ته‌نها ئامرازێكی كار بن، به داواكارییه‌كی جیاواز و جودا له ئامانجه جوانیناسییهكانی كاره ئه‌ده‌بییه‌كان داده‌نرێن. ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش كه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاشكاو یاخود په‌نهان خۆی ده‌رده‌بڕێت، داوای ئه‌وه ده‌كات كه ده‌بێت كاره ئه‌ده‌بییه‌كان ئامرازی پڕوپاگه‌نده و ئامرازی هاندانی كاركردن بن. ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش كێشه‌یه‌كی دێرین دهروژێنێتهوه كه جاران له باره‌ی چاكه و جوانی نێو كاره ئه‌ده‌بیه‌كان وروژێنرابوو. ئه‌وه‌ی هه‌نووكه له ژێر دروشمی پابه‌ندبوون و به‌رپرسیارێتی ئه‌ده‌ب مشتومڕی له‌باره‌وه ده‌كرێت. پرسی پابه‌ندبوون و به‌رپرسیارێتی له‌و پرسانه‌یه كه له لایه‌ن ئه‌دیبه‌كان و ڕهخنهگرهكانهوه زۆر وروژێنراوه.
٭٭٭
له لاپه‌ڕه‌كانی پێشوودا هه‌وڵماندا مشت‌ومڕێك له باره‌ی گیروگرفته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی میتۆد كه كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بی ده‌یخاته ڕوو بوروژێنین. ئه‌م زانسته كۆمه‌ڵێك پرس و گرفت و كێشه ده‌وروژێنێت كه زۆر ئه‌سته‌مه بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه و كۆتایی له باره‌یانه‌وه بدرێن. ده‌شێت ئه‌م مشتومڕه تیۆریانه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام بن، به بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به یهكلاكردنهوهیهكی ته‌واوه‌تی و كۆتایی بۆ ژماره‌یه‌ك له ڕاو بۆچوونه‌كان كه له لایه‌ن ژماره‌یه‌كی گه‌وره له لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان یه‌كده‌نگی و كۆده‌نگی له سه‌ر دروست بووبێت.
له ڕاستییدا ڕێگایه‌ك نییه بۆ ههلهێنجانی چوارچێوه‌یه‌كی مه‌رجه‌عی تیۆری بۆ كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب، جگه له ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ك له لێكۆڵینه‌وه‌ی جۆراوجۆر له هه‌موو ئه‌و بواره جۆراوجۆرانه‌دا كه ئه‌م زانسته گرنگی پێ ده‌دات. ئه‌م توێژینه‌وانه‌ش پێویسته كۆمه‌ڵێك له میتۆده‌كان و ئامرازه باوه‌كانی زانستی كۆمه‌ڵناسی تێدا به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی واقیعی له كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بدا ژماره‌یه‌ك له گیروگرفته پراكتیكییه‌كان ده‌خاته‌وه، ئه‌و گرفتانه‌ی كه په‌یوه‌ندیدارن به خودی لێكۆڵینه‌وه‌وه، و هه‌ندێكیشیان په‌یوه‌ندیدارن به میتۆده‌كان و ئامرازه به‌كارهێنراوه‌كان. له به‌شی داهاتوودا گیروگرفته‌كانی بواری پراكتیككردن دهخهیینه ڕوو.
گرفته پراكتیكیه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب
1-لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی نووسه‌ره‌وه:
له به‌شی پێشوودا گرفته میتۆدییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بمان خسته ڕوو، سه‌ره‌تا ده‌ستمانكرد به دیاریكردنی هه‌ڵوێستی هه‌نووكه‌یی ئه‌م زانسته، پاشان ئه‌و مه‌رجانه‌مان ده‌ستنیشان كرد كه ده‌بێت له‌م زانسته‌دا فه‌راهه‌م بێت، تا له سه‌ر بناغه‌یه‌كی ڕوون دابمه‌زرێت، بۆیه له پێناو ته‌واوكردنی باسهكهماندا ده‌بێت مشتومڕی ئه‌و گرفته پراكتیكیانهش بكه‌ین كه له‌م زانسته‌دا هه‌ن.
پێویسته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه ڕوون بێت له لامان كه لێكدابڕان و جیاكارییه‌كی ورد نییه له نێوان ئه‌وه‌ی میتۆدییه و ئه‌وه‌ی پراكتیكییه. له زانست‌دا ئه‌وه‌ی تیۆری بێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر پراكتیك داده‌نێت و به پێچه‌وانه‌شه‌وه پراكتیك كاریگه‌ری له‌سه‌ر میتۆد داده‌نێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر ددانمان نا به‌وه‌دا كه په‌یوه‌ندییه‌كی دیالیكتیكی هه‌یه له نێوان بینین و كاردا. بۆیه ده‌توانین بڵێین كه ئه‌وه‌ی ئێسته گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌كه‌ین وه‌ك گرفتی پراكتیكی، ده‌شێت هه‌ندێك گرفتی میتۆدیشی له نێو خۆییدا هه‌ڵگرتبێت. به‌ڵام لێكۆڵه‌ره‌كان و بیرمه‌نده‌كان ئه‌م دابهشكاریانهیان ئه‌نجامداوه له پێناوی ئاسانكاری كردن بۆ گفتۆگۆكردن و مشتوماڵكردنی ئه‌م پرسانه، و له پێناو ڕوونكردنه‌وه‌یاندا. مه‌به‌ستیشمان له گرفته پراكتیكییه‌كان ئه‌و بواره سه‌ره‌كیانه‌ن كه ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه سۆسیۆلۆجییهكان كه له باره‌ی هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی فاكته ئه‌ده‌بیه‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن له خۆ بگرێت، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هه‌موو هۆكار و باردۆخه‌كان كه كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردن و له‌ناوچوونیان.
ئه‌گه‌ر له به‌شی پێشوودا هه‌وڵمان دابێت كه -زمانی میتۆده‌كانی لێكۆڵینه‌وه- وه‌ك چوارچێوه‌یه‌كی مه‌رجه‌عی بۆ كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب دابنێین، كه ده‌كرێت یارمه‌تیده‌ر بێت له تێگهشتنماندا له‌باره‌ی فاكته ئه‌ده‌بیه‌كانه‌وه، ده‌مانه‌وێت له‌م به‌شه‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره گرنگه بهدهینهوه: به‌دوای چییهوهین؟
گرنگی ئه‌و پرسیاره له‌وه‌دایه كه وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی سه‌ره‌كی وایه كه ده‌بێت هه‌ر توێژه‌رێكی تایبه‌تمه‌ند كه بیه‌وێت لێكۆڵینه‌وه‌كانی له سه‌ر میتۆدێكی ڕوون بكات، لێیه‌وه بچێته ژوور، كه یاره‌مه‌تیده‌ری ده‌بێت بۆ سازان و یه‌كانگیری به‌رده‌وام، كه ده‌بێته هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی زانیاری له بواره‌كه‌ی خۆییدا به ڕێگایه‌كی ئۆرگانی دروست، هه‌موو دیارده‌یه‌ك له نیگای یه‌كه‌مدا وه‌ك گشتێكی ئاوێته ده‌رده‌كه‌وێت كه زه‌حمه‌ته به‌شه‌كانی ئاشكرا بكرێن و لێك جیابكرێنه‌وه، یاخود پێكهاته‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، له كاتێكدا زانست ناتوانێت مامه‌ڵه له گه‌ڵ ئه‌م گشتگیرییه ئاوێتانه‌دا بكات، پاشان لێكۆڵه‌ر -هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه- ده‌ست ده‌كات به شیكردنه‌وه‌ی پارچه‌كانی ئه‌م گشته تا ڕێگه خۆش بكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد كه ئاسان بێت بۆ تێگه‌شتن، ئه‌م ڕێوشوێنه‌ش كه ئه‌مڕۆ وه‌ك بهڵگهنهویستێكه (بهدیهیاتێكه)، له ڕابردودا به یه‌كێك له‌و وانه و قوڵ و گرنگانه داده‌نرا كه دیكارت له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا "وتار له‌باره‌ی میتۆده‌وه" پێشكه‌شی هزری مرۆیی كردووه.
چوارچێوه‌ی پێشنیازكراو بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب:
له‌سه‌ر ڕۆشنایی هه‌موو ئه‌مانه، پێویسته بپرسین: ئه‌و كایه سه‌ره‌كیانه كامانه‌ن كه پێویسته لێكۆڵه‌رانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب گرنگی پێ بده‌ن؟
لێكۆڵه‌ره‌كان له باره‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌وه ناكۆك و جیاواز بوون. له ڕاستیدا ئه‌م ناكۆكی و جیاوازیانه جه‌وهه‌ری نه‌بوون. له زۆر كاتدا، ئه‌م جیاوازیانه ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه لێكۆڵه‌رێك گرنگی به لایه‌نێك ده‌دا و لایه‌نه‌كانی تری فه‌رامۆش ده‌كرد، ئه‌مه‌ش ده‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م لێكۆڵهڕه ڕه‌هه‌ندێك له ڕه‌هه‌نده‌كان فه‌رامۆش بكات كه لێكۆڵه‌ره‌كانی تر زۆرترین گرنگی پێ ده‌دا. له ڕاستیشدا ئه‌م جیاوازیانه نابنه ڕێگرییه‌كی وا كه نه‌توانرێت تێبپه‌ڕێنرێت، به‌ڵكو واده‌كات كه كهمووكورتی و نه‌نگی ناو كایه‌كه ئاشكرا ببێت. به‌مشێوه‌یه ده‌كرێت ئه‌و لێكۆڵه‌ره‌ی كه ئاراسته‌یه‌كی یه‌كانگیر و ته‌واوه‌تی له لێكۆڵینه‌وه‌كانیدا ده‌گرێته به‌ر په‌نا بباته به‌ر چوارچێوه جیاوازه‌كان تا ئاسۆكانی بینینی له باره‌ی فاكته ئه‌ده‌بیه‌كانه‌وه به‌رفراوان بكات.
له‌م بواره‌دا دوو هه‌وڵی به نرخ هه‌یه، یه‌كه‌میان هه‌وڵه‌كانی "ئه‌لبێر میمی" و دووه‌میان هه‌وڵه‌كانی "ڕۆبێر ئیسكارپیت"ه، ئه‌گه‌ر به وردی له هه‌وڵه‌كانی هه‌ردووكیان بكۆڵینه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ڕه‌گه‌ز و خاڵی هاوبه‌شیان زۆر زیاتره له ڕه‌گه‌ز و خاڵه ناكۆكه‌كانیان.
میمی پێی وابوو كه ده‌كرێت بواره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب دیاری بكرێن به پشت به‌ستن به سێ ڕه‌گه‌زی: نووسه‌ر، ده‌ق(كار)، جه‌ماوه‌ر. میمی پێشنیاز ده‌كات ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به نووسه‌ره‌وه هه‌بێت ده‌بێت له بارودۆخه ئابووری و پیشه‌یه‌كه‌ی، و پێگه‌ی چینایه‌تیه‌كه‌ی، و بیرۆكه‌ی نه‌وه ئه‌ده‌بیه‌كان بكۆڵرێته‌وه. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ده‌ق و كاره ئهدهبیهكانیشهوه هه‌بێت ئه‌وا میمی پێی وایه كه ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه سۆسیۆلۆژیهكان سه‌رنج بخه‌نه سه‌ر چوار بوار: ژانره‌كان ئه‌ده‌بیه‌كان، بابهتهكان، و سروشتی كه‌سه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان، و شێوازه‌كان. له كۆتایشدا ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌جه‌ماوه‌ره‌وه هه‌بێت ده‌بێت لێكۆڵینهوههكان سه‌رنج بخه‌نه سه‌ر بیرۆكه‌ی جه‌ماوه‌ر و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك (جه‌ماوه‌ره‌كان)، كرده‌ی په‌یوه‌ندی و سه‌ركه‌وتووی كاره ئه‌ده‌بیه‌كه و ڕه‌خنه.
به‌ڵام ئیسكارپیت ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌ی گرته به‌ر به پشت به‌ستن به چوارچێوه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك جیاواز. ئه‌و وای ده‌بینێت كه ده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه‌كان له بواری كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بدا ئه‌نجام بدرێن به دابه‌شكردنی بۆ سێ بوار، ئه‌وانیش: به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌ب، و بڵاوكردنه‌وه‌ی، و به‌كاربردنی. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌به‌وه هه‌بێت ئه‌وه به‌دیاریكردنی ئه‌و ڕێگایه ده‌ست پێ ده‌كات كه كتێبه‌كه‌ی پێ هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژی. پاشان مشت‌ومڕ له‌باره‌ی نه‌وه ئه‌ده‌بیه‌كان و گروپه ئه‌ده‌بیه‌كان ده‌كات، واته پێش هه‌موو شتێك كات و سه‌رده‌مه‌كان له‌به‌رچاو ده‌گرێت. پاشان لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی نووسه‌ره‌وه ده‌كات له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، پاشان ناوچه‌ی نووسه‌ره‌كان، و كێشه‌ی پاره‌داركردن و پیشه‌ی ئه‌دیبه‌كان ده‌خاته ڕوو. ئه‌وه ئاشكرایه كه هه‌موو ئه‌مانه هاوشان و هاوتایه به‌وه‌ی كه میمی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه ده‌كات له ژێر ناوی بواری نووسه‌ردا. به‌ڵام ئیسكارپیت گرنگییه‌كی تایبه‌تی ده‌دات به كێشه‌ی بڵاوكردنه‌وه، ئه‌مه‌ش بواری دووه‌می كاركردنه له ژێر ناونیشانی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بدا. له‌م به‌شه‌دا په‌یوه‌ندی بڵاوكردنه‌وه به داهێنان و خانه‌كانی بڵاوكردنه‌وه ده‌خاته ڕوو، پاشان جیاكاری له نێوان بازنه‌كانی ئه‌دیبان و ڕۆشنبیره‌كان له گه‌ڵ كاره ئه‌ده‌بیه‌كان و جه‌ماوه‌ردا ده‌كات. پاشان ئاماژه‌كانی سه‌ركه‌وتنی كاره ئه‌ده‌بیه‌كان ده‌خاته ڕوو، هه‌روه‌ها پاڵنه‌ره‌كانی به‌كاربردنی(استهلاك) ئه‌ده‌ب و ئه‌و بارودۆخانه ده‌خاته به‌رباس كه ده‌وری خوێندنه‌وه و پێشوازی كردنیان له كاره ئه‌ده‌بیه‌كان داوه.
له خستنه‌ڕووه‌كه‌ی پێشووماندا ئه‌وه ئاشكرا ده‌بێت كه ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی كه ئه‌لبێر میمی پێشنیازی ده‌كات له بنچیینه‌وه جیاوازه له بواری دووه‌می تایبه‌ت به كاره ئه‌ده‌بیه‌كان. ئه‌و هه‌وڵیدا گرنگی لێكۆڵینه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژی له‌باره‌ی ژانر و شێوازه ئه‌ده‌بییه‌كان و بابهتهكان و سروشتی كه‌سه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان و ڕێباز و شێوازه ئه‌ده‌بییه‌كان ئاشكرا بكات. ئه‌مه‌ش به‌و ڕوونی و ڕاشكاوییه لای ئیسكارپیت ون و بزره. هه‌رچه‌نده ئه‌م بواره به‌تایبه‌تی گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه، چونكه لێكۆڵینه‌وه له‌م بواره‌دا له‌باریدایه كه ڕووناكییه‌كی زۆر بخاته سه‌ر سروشتی كاره ئه‌ده‌بیه‌كان و په‌رده هه‌ڵماڵین له سه‌ر تۆڕی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه ئاڵۆزه‌كان كه ئه‌ده‌ب به كۆمه‌ڵگاوه ده‌به‌ستێته‌وه. گومانی تێدا نییه هه‌ر ئه‌م بواره گرنگییه‌كی مه‌زنیشی هه‌یه بۆ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، پێشتریش له به‌شه‌كانی پێشوودا ئه‌وه‌مان خسته ڕوو كه چۆن یه‌كێك له ڕه‌وته سه‌ره‌كیه‌كانی ڕه‌خنه‌ی نوێ پێی وایه ده‌كرێت بۆ ڕزگار بوون له ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئیستاتیكی ڕوو بكه‌ینه لێكۆڵینه‌وه سۆسیۆلۆژیه‌كانی كاره ئه‌ده‌بیه‌كان.
لێره‌وه تێكه‌ڵكردن ڕویدا له نێوان ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌ده‌بی –ئه‌گه‌ر دروست بێت وا ناوببرێت- له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بدا.
ئه‌گه‌ر ئیسكارپیت له‌و بواری دووه‌مه‌ی ناو ئه‌و بوارانه‌ی كه خستبوییه ڕوو گرنگی تایبه‌ت ده‌دات به كێشه‌ی بڵاوكردنه‌وه، ئه‌وا به بێ گومان ئه‌م بواره‌ی ئیسكارپیت پێشنیازی ده‌كات هاوتاو هاوواتای بواری سێیه‌می پێشنیازكراوی میمییه، مه‌به‌ستمان بواری تایبه‌ت به ڵێكۆڵینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره، ئه‌و گرنگی دا به لێكۆڵینه‌وه له كرده‌ی په‌یوه‌ندی (په‌یوه‌ندی نێوان نووسه‌ر و جه‌ماوه‌ر له ڕێگه‌ی كاره ئهدهبیهكهیهوه-و-)، و به بێگومان بڵاوكردنه‌وه‌ش دڵی ئه‌و بابه‌ته‌یه.
به‌مشێوه‌یه ده‌توانین بڵێین كه چوارچێوه‌كه‌ی میمی زۆر ته‌واوتره له‌وه‌ی ئیسكارپیت، هه‌رچه‌نده ئێمه له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ماندا زیاتر پشت به خوێندنه‌وه‌كه‌ی میمی ده‌به‌ستین، به‌ڵام بۆ قوڵ بوونه‌وه له باس و مشتومڕهكهماندا، له هه‌ندێك خاڵدا سود له ئیسكارپیت وه‌رده‌گرین.
بواره سه‌ره‌كییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب:
پێشتر ئاماژه‌مان به‌وه دا كه ئه‌م بوارانه لای میمی دابه‌ش ده‌بن بۆ سێ بوار: نووسه‌ر، و كار و جه‌ماوه‌ر. ئه‌و وای ده‌بینێت كه ئه‌م پۆلێنكارییه هاوشانه به سێ ساتی واقیعی كه ڕه‌وتی دینامیكی بابه‌ته ئه‌ده‌بییه‌كان دیاری ده‌كات. پێویسته ئه‌وه‌مان له بیر نه‌چێت كه هیچ دابڕانێك نییه له نێوان ئه‌م بوارانه یاخود ئه‌م سێ قۆناغه‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌رگیری دیارده‌یه‌كی دینامیكیی تاكانهین، ده‌مانه‌وێت له هه‌ندێك جار له سه‌رهه‌ڵدانی، یاخود له‌و ئامرازه بونیادیانه‌ی كه له‌سه‌ری دروست بووه تێ بگه‌ین، هه‌روه‌ها هه‌ندێك جار له په‌یوه‌ندییدا به چاره‌نوسییه‌وه یانژی به ئاینده كۆمه‌ڵایه‌تییه مێژوویه‌كه‌ی بنواڕین و تێبگه‌ین. پاشان پێویسته ئه‌وه‌مان هه‌میشه له‌یاد بێت كه، هه‌رچه‌نده ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه له ڕێگایانه‌وه خوێندنه‌وه بۆ فاكته ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌كه‌ین زۆر و جۆراوجۆر بن، ده‌بێت به گشتگیری و یه‌كانگیری ته‌ماشاكردنمان بۆی مه‌رجی سه‌ره‌كی لێكۆڵینه‌وه‌مان بێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی بمانه‌وێت زانستێكی ئه‌ده‌بی چێ بكه‌ین شایسته‌ی ئه‌و ناوه بێت. به‌مشێوه‌یه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسیی له‌باره‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه به‌هایه‌كی هه‌بێت، ده‌بێت به‌شدار بێت له دیاریكردنی ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی بابه‌تی ئه‌ده‌بی و تێگه‌شتن لێی. به‌مانایه‌كی وردتر بۆ ئه‌وه‌ی له یه‌كێك له سیانه‌ی "نووسه‌ر، ده‌ق(كار)، جه‌ماوه‌ر" تێبگه‌ین پێویسته له هه‌رسێكیان به‌ته‌واوه‌تی تێگه‌شتبین. ناكرێت –له‌گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌به‌وه- له نووسه‌ر تێبگه‌ین به بێ تێگه‌شتن له كاره ئه‌ده‌بیه‌كه‌ی و له جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی. له‌هه‌مانكاتیشدا ناكرێت له كاره ئه‌ده‌بییه‌كه تێبگه‌ین به بێ تێگه‌شتن له نووسه‌ر و جه‌ماوه‌ر. ئه‌مه‌ش بۆ جه‌ماوه‌ر ڕاسته، كه ده‌بێت له نووسه‌ر و له ده‌قه ئهدهبیهكهشی تێبگه‌ین، له‌سه‌ر ڕۆشنایی ئه‌م تێبینیانه‌دا ده‌توانین له‌باره‌ی هه‌ره‌یه‌كه له‌و سێكوچكه‌یه‌ی میمی پێشنیازی كردووه وردتر شرۆڤه بكه‌ین.
یه‌كه‌م: نووسه‌ر
لێره‌دا چوار بابه‌ت هه‌یه ده‌بێت مشتومڕی له‌باره‌وه بكه‌ین، ئه‌وانیش: بارودۆخی ئابووری نووسه‌ر، و بارودۆخی پیشه‌یی، و چینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی، و له‌كۆتایشدا بیرۆكه‌ی نه‌وه ئه‌ده‌بیه‌كان.
(ئـ) دۆخی ئابووری:
بێگومان توێژینه‌وه له‌باره‌ی دۆخی ئابووری دانه‌ر یان نووسه‌ر كێشه‌یه‌كی فره گرنگه. كه‌س ناتوانێت نكۆڵی له‌وه بكات كه دۆخی ئابووری كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی داده‌نێت. ئه‌دیب و دانه‌ر (ده‌قنووس) به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و پێش هه‌رشتێك مرۆڤن، ده‌یه‌وێت بخوا و جل بپۆشێت و ژیان بگوزه‌رێنێت. گرفتی دۆخی ئابووری نووسه‌ر گرفتێكی دێرینه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه ئه‌و قسانه بوو كه جاران لێره باوبوو، بۆ نموونه ده‌وترا: "فڵان كه‌س ئه‌ده‌ب سه‌ری لێشێواند"، واته پیشه‌یه‌كی هه‌ڵنه‌بژارد پێی بژی و له‌كاتێكدا ئه‌و بڕوای وابوو ده‌توانێت به ئاره‌قی نێوچه‌وانی و ماندوو بوونی پێنووسه‌كه‌ی بژی، به‌ڵام ڕێگای ونكرد. شتێكی سه‌رنجڕاكێشه كه ده‌بینین له زمانی فه‌ڕه‌نسیشدا ده‌ربڕینێكی هاوشێوه‌ی ئه‌مه هه‌یه:
La literature ne norrit pas son home
"ئه‌ده‌ب له تواناییدا نییه نانی ئه‌دیب بدات".
به‌ڵام چۆن ده‌توانین دۆخی ئابووری نووسه‌ره‌كان ئاشكرا بكه‌ین؟ میمی پێی وایه دۆزینه‌وه و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌مه ئاسانه. ئه‌ویش به پشت به‌ستن به ئاماژه بابهتییهكان كه ده‌كرێت به وردی هه‌ڵیان بسه‌نگێنین. وه‌ك ڕێكه‌وتننامه‌كان كه له نێوان نووسه‌ره‌كان و ده‌زگاكانی بڵاوكردنه‌وه‌دا ده‌به‌سترێن، هه‌روه‌ها ده‌رخسته‌ی ژمێره‌یی ئه‌وان له‌گه‌ڵ بڵاوكارهكاندا(خانه‌كانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه). هه‌روه‌ها بیره‌وه‌رییه تایبه‌تییه‌كان كه نووسه‌ر تێیدا به وردی باس له بارودۆخی ئابووری خۆی ده‌كات. لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی ئه‌م به‌ڵگه و زانیاریانه ده‌كرێت دۆخی ئابووری نووسه‌ره‌كانمان له ڕابردوو و له ئێستاشدا بۆ ڕوون بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش توانای ئه‌وه‌مان پێ ده‌دات كه به‌راوردی سودبه‌خش ئه‌نجام بده‌ین.
میمی ئاگادارمان ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی كه ئاستی گوزه‌رانی نووسه‌ره‌كان خۆی له خۆییدا گرنگ نییه به‌لامانه‌وه، له په‌یوه‌ندیدا نه‌بێت به كاره ئه‌ده‌بییه‌كان و ئاماژه‌كانی كه یارمه‌تییمان ده‌ده‌ن تا باشتر له بابه‌ته ئه‌ده‌بیه‌كه‌ی تێبگه‌ین. ئێمه لێره‌دا نووسه‌ره‌مان ناوێت وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤێكه، به‌ڵكو ئه‌ومان به‌لاوه گرنگه له په‌یوه‌ندیدا به كاره ئهدهبیهكانیهوه. به‌مانایه‌كی پوختر خوێندنه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژی بۆ نووسه‌ر پێویسته هه‌میشه ئاراسته‌مان بكات به‌ره‌و كاره و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌كانی.
به بێ گومان بارودۆخی ئابووری هه‌ندێك جار به‌شداره له سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی كارێكی ئه‌ده‌بیدا یاخود له ده‌ست نیشانكردنی چارهنوسییدا. ئه‌وه به‌س نییه كه ئه‌م پرسه به ڕه‌هایی وه‌ربگرین، به‌ڵكو ده‌بێت لێكۆڵه‌ری كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب له ڕێگای دیاریكردنی شێوه‌ی لێكۆڵینهوهكانیهوه بتوانێت ئه‌و شێوه جیاوازانه دیاری بكات كه بارودۆخی ئابووری كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاره ئه‌ده‌بییه‌كان داده‌نێن. له ڕاستیشدا وه‌ڵامی ئاماده‌كراو بۆ ئه‌م گرفته له‌به‌رده‌ستدا نییه، به‌ڵام ده‌رگا كراوه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی ده‌یه‌ها لێكۆڵینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاسۆكانی ئه‌م كایه بدۆزنه‌وه.
میمی پێی وایه كه له‌م بواره‌دا ده‌كرێت سود له میتۆدی "نموونه‌ی تایبه‌ت یان لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌یسی-case study"[8] كه ئامرازێكی ناسراوی ناو زانسته مرۆییه‌كانه، وه‌ربگرین. له‌م ڕێگایه‌وه ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه تێكچرژاوهكانی نێوان داواكارییه ڕۆژانهیهكانی ژیانی ئه‌دیب له گه‌ڵ شێوه جیاوازه‌كانی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه جۆراوجۆرهكانیدا بدۆزینه‌وه. هه‌ر به‌م ڕێگایه ده‌كرێت -بۆ نموونه- ڕه‌هه‌نده‌كانی گرفتی "نووسین به‌پێی داواكاری(الاستكتاب)"، واته ئه‌و نووسینانه‌ی كه ده‌زگایه‌كی بڵاوكردنه‌وه یان ڕۆژنامه یان گۆڤارێك داوای له نووسه‌ره‌كه كردووه نووسینێك له‌باره‌ی بابه‌تێكه‌وه به مه‌رجی دیاریكراوه بنوسێت. مه‌رجیش نییه نووسین به پێی داواكاری هه‌میشه كاریگه‌ری زیابه‌خش له‌سه‌ر جۆرێتی- و چۆنیه‌تی ئه‌و نووسینانه بكات كه نووسه‌ره‌كه ده‌ینوسێت. له مێژووی ئه‌ده‌بی جیهانیدا ئاشكرایه كه ژماره‌یه‌ك له شاكاره ئه‌ده‌بیه‌كان به داواكاری نوسراون، ئه‌مه بۆ دۆستۆیڤسكی و ڕاسین و بۆ زۆر له نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی دیكه‌ش ڕاسته. واش ڕووده‌دات كه نووسه‌رێك هه‌ر له خۆیه‌وه و به بێ داواكاری هیچ كه‌سێك، به‌ڕێگایه‌كی ئاگایانه یان دهرهئاگایانه، هه‌ست به‌وه بكات كه پێویسته شتێك بنوسێت، وه‌ك به پێی "مۆده"ی باو كارێك ئه‌نجام بدات. بۆ نموونه له سه‌رده‌مێكدا كه باو باوی ڕۆمانه، وتارنوسێكی به‌هره‌مه‌ند به‌كاریگه‌ری ئه‌م بارودۆخه دێت و ڕۆمانێك یان چه‌ند ڕۆمانێك ده‌نوسێت.
له لایه‌كی تریشه‌وه، ده‌شێت نووسه‌رێك بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ری سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشوویه‌وه، بۆ نموونه جۆرێك له كاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه، ئه‌مه‌ش پاڵی پێوه ده‌نێت له پێناوی به‌ده‌ستهێنانی هه‌مان ئاست و بڕی سه‌ركه‌وتن له‌هه‌مان بواردا كاری دیكه بنوسێت. نووسه‌ر لێره‌دا خۆی دوباره ده‌كاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌وه بترسێت كه توانا و به‌هره‌كانی له بوارێكی تردا تاقی بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش گه‌ره‌نتی دووباره سه‌ركه‌وتنی ناكات وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جاری.
ئیسكارپیت به وروژاندنی گرفتی پاره‌داركردن (التمویل)، تیشكی خسته سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان دۆخی نووسه‌ران و جۆری به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانیان. ئه‌و كێشه‌ی پاره‌داركردنی كرد به دوو جۆره‌وه، جۆری یه‌كه‌م پاره‌داركردنی نووسه‌ران، دووه‌م پاره‌داركردنی بڵاوكردنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه مهبستمانه لێره‌دا جۆری یه‌كه‌مه. لای ئیسكارپیت ئه‌م جۆره‌ش ده‌كرێت به دوو به‌شه‌وه: ئه‌وه‌ی ناوی ده‌نێت پاره‌داركردنی ناوه‌كی له ڕێگه‌ی مافه‌كانی نووسینه‌وه، له‌گه‌ڵ پاره‌داركردنی ده‌ره‌كی، كه دوو شێوه له‌خۆ ده‌گرێت: به‌خێوكردن و پاره‌داركردنی خودی.
شێوه‌ی به‌خێوكردن ئه‌وه‌یه كه كه‌سێك یاخود ده‌زگایه‌ك هه‌ڵده‌ستێت به له ئه‌ستۆگرتنی ژیانی نووسه‌ر و به‌خێوكردنی، له‌به‌رامبه‌ریشدا نووسه‌ره‌كه به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی خۆی ده‌دات به‌و كه‌سه یان ئه‌و ده‌زگایه.
سیسته‌می به‌خێوكردن یان سه‌رپه‌رشتیكردن –هه‌روه‌ك سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی- یه‌كانگیره له گه‌ڵ بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی دامه‌زراو له سه‌ر خانه یاخود یه‌كه سه‌ربه‌خۆكان، ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ش دروست ده‌كات نه‌بوونی ژینگه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی هاوبه‌شه یاخود به‌هۆی لاوازی یاخود نه‌بوونی بواره ڕوناكبیرییهكه، یاخود به‌هۆی نه‌بوونی چینی ناوه‌نده‌وه دروست بووه، هه‌روه‌ها به‌هۆی لاوازی ئامرازی بڵاوكردنه‌وه‌یه‌كی پاداشتكراو، و كۆبوونه‌وه‌ی سامان له ژێر ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌كدا، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای داواكاری و پێداویستییه‌كانی خۆشگوزه‌رانی هزری ئه‌رستۆكراته‌كان كه سیسته‌مێكی داخراوی پێك هێنابوو، له‌و سیسته‌مه‌دا وا له نووسه‌ر ده‌ڕوانرا كه پیشه‌گه‌رێكی شاره‌زایه كه هه‌ڵده‌ستێت به پشكهشكردنی خۆشگوزه‌رانی، نووسه‌ر هه‌ڵده‌ستا به ده‌ستهه‌ڵگرتن له كاره ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی بۆ هه‌ركه‌سێك كه به‌خێوی ده‌كرد و دهیژیاند به پێی سیسته‌می گۆڕینه‌وه.
خێزانه خانه‌دان و پله‌به‌رزه‌كانی ڕۆمه‌كان له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تدا به بێ گومان به‌رجه‌سته‌كه‌ری بونیادی نموونه‌یی ئه‌م سیسته‌می سه‌رپه‌رشتیكردن و به‌خێوكردنه بوون، كه ناوه‌كه‌ی له كه‌سێكی به‌ناوبانگه‌وه وه‌رگیرابوو، ئه‌ویش "میسین-mecene"ی هاوڕێی ئۆگستین و پارێزه‌ر و سه‌رپه‌رشتیكه‌ری "هۆراس(هۆراتیۆس-Horativs)"ی شاعیر بوو. ئه‌م سیسته‌مه له‌چوارده‌وری ئه‌میره‌كان و پاشا‌و خانه‌دانه‌كاندا ده‌رفه‌تی پێدرا كه گه‌شه بكات و په‌ره‌بسێنێت. ئه‌م سیسته‌مه مایه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی كه جیاوازییه زۆره‌كانی نێوان سامانداره‌كان كه‌می كرد، له‌گه‌ڵ هاتنه ناوه‌وه‌ی توێژگه‌لێكی تر –كه به به‌رده‌وامی ژماره‌ی تاكه‌كانی زیادیان ده‌كرد- له ژیانی ڕۆشنبیرییدا. ئه‌وه‌ی وای كرد ئه‌مه ڕووبدات داهێنانی ئامرازه پاداشتكارهكانی بواری بڵاوكردنه‌وه بوو وه‌ك چاپخانه. ئیسكارپیت پێی وایه كه سیسته‌می "خۆبۆتهرخانكردن" كه له هه‌ندێك له ده‌وڵه‌ته‌كاندا هه‌یه، و به پێی ئه‌و خۆ بۆ ته‌رخانكردنه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه مینحه‌یه‌ك ده‌ده‌ن به هه‌ندێك له نووسه‌ران كه نووسینیان به مه‌رجی دیاریكراوه‌وه بۆ ده‌سازێنێت، به‌جۆرێك له جۆره‌كان درێژكراوه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ی پێشووه، یان به‌مانایه‌كی تر شێوه‌یه‌كی پێشكهوتوتری هه‌مان سیسته‌مه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و سیسته‌مه شێوه‌ی تایبه‌تی وه‌رگرتووه، وه‌ك ته‌رخانكردنی هه‌ندێك پیشه‌ی فه‌رمی هه‌میشه‌یی له هه‌ندێك له ده‌وڵه‌تاندا كه نووسه‌ران پڕی ده‌كه‌نه‌وه وه‌ك، پیشه‌ی "شاعیری شاهانه" له ئینگلته‌را، یاخود "مێژوونوسی پادشا" له فه‌ڕه‌نسا. هه‌روه‌ك ده‌كرێت له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌و پیشه بیرۆكراتیانهش جێگای ببێته‌وه كه ژماره‌یه‌كی زۆر له نووسه‌رانی فه‌ڕه‌نسی له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا پڕیان كردبوه‌وه، كه به پێی ئه‌و پیشه‌یه ئه‌و نووسه‌رانه موچه‌یه‌كیان له به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌رهه‌م و كاره ڕواڵهتییانهدا كه لێیان داواكرابوو ده‌درایه كه بتوانن پێی بژین، به‌ڵام له ڕاستییدا كاره‌كانیان نه‌ده‌كرد. له په‌راوێزی ئه‌م سیسته‌می سهرپهرشتیكردنهدا، شتێك سه‌ری هه‌ڵدا ده‌كرێت ناوی بنێین سه‌رپه‌رشتیكردنی ناڕاسته‌وخۆ. كه كاریگه‌ری كرده سه‌ر بازاڕی كتێب، له ڕێگای كڕێنی بڕێكی زۆر له كتێبه‌كانی نووسه‌رێكی دیاریكراو، بۆ ئه‌وه‌ی بدرێت به كتێبخانه گشتییه‌كان و ده‌زگاكانی پڕوپاگه‌نده‌ی تایبه‌تی. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش داهاتێكی زۆری به‌و نووسه‌ره ده‌به‌خشی. له ئامرازه باوه‌كانیش سیسته‌می خه‌ڵاته ئهدهبیهكانه، كه به‌هایی داراییه‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڵام له‌وه گرنگتر ئه‌و ناوبانگیهیه كه براوه‌ی خه‌ڵاته‌كه به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، كه كاریگه‌ریه‌كی زۆر ده‌كاته سه‌ر فرۆشی كار‌و به‌رهه‌مه‌كانی، ئه‌مه‌ش هه‌ر ده‌بێته قازانجێكی بێ‌شومار بۆ نووسه‌ره‌كه. خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیات نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و خه‌ڵاته ئه‌ده‌بیانه‌یه كه به گه‌وره‌یی به‌ها دارایی و به‌ها مه‌عنه‌وییه‌كانی له یه‌ككاتدا جیاده‌كرێته‌وه.
ئیسكارپیت پێی وایه شتێكی دادپه‌روه‌رانه نییه تانه بده‌ین له سیسته‌می سه‌رپه‌رشتیكردن نه له شێوه كۆنه‌كه‌یدا و نه له شێوه هاوچهرخهكهیدا كه ئه‌ویش خه‌ڵاته ئه‌ده‌بییه‌كانه. ئه‌م سیسته‌مه ئه‌و هه‌له‌ی بۆ نووسه‌ران ڕه‌خساندوه كه خۆیان له گه‌ڵ ئه‌و خوله ئابوورییه‌دا بگونجێنن كه ئه‌وان پێگه‌یه‌كیان تێیدا نه‌بووه، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی به نووسه‌ر داوه كه بژی و به‌رهه‌مه‌كانی بئافرێنێ. زۆر له كاره ئه‌ده‌بیه ناوازهكانیش به‌رهه‌می ئه‌م سیسته‌مه‌ن.
ئیسكارپیت پشت ده‌به‌ستێت به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گرنگی ته‌ها حسێن بۆ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌كی ئابووری ڕاسته‌قینه بداته گرفته‌كه. ئه‌و به‌شه له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت كه ده‌ڵێت بازاڕێكی سته‌مكار هه‌یه، سه‌رپه‌رشتیار پاره یان ئاڵتون ده‌دات به به ئه‌دیبه‌كه كه زوو بێت یان دره‌نگ خه‌رجی ده‌كات، له كاتێكدا ئه‌دیبه‌كه هونه‌ره‌كه‌ی یاخود هزرینهكانی پێ ده‌دات كه به‌هیچ جۆرێك ناكرێت خه‌رج بكرێت.
به‌مانایه‌كی تر، سیسته‌می سه‌رپه‌رشتیكردن سه‌ره‌ڕای ئه‌و خزمه‌تانه‌ی به درێژایی مێژوو پێشكه‌شی ئه‌دیبی كردوه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له گه‌ڵ ئه‌خلاقیاتی كۆمه‌ڵایه‌تی سهردهمهكهماندا ناگونجێت، و ناشكرێت به سیسته‌مێكی دروست دابنرێت.
ئیسكارپیت ئه‌و چاره‌سه‌رییه په‌سه‌ند ده‌كات كه ته‌ها حسێن پێشنیازی كردووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ناوی ناوه "پیشه‌ی دووه‌م"ی ئه‌دیب. واته ئه‌دیب پیشه‌یه‌كی تر بكات –ئیدی هه‌رچییه‌ك بێت- كه بواری بۆ بڕه‌خسێنێت كه ژیانێكی ئارام به‌سه‌رببات كه ده‌رفه‌تی بداتێ تا به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌كانی بئافرێنێ، به بێ ئه‌وه‌ی بكه‌وێته ژێر فشاری توندی داواكارییه ڕۆژانهیهكانهوه، ئه‌م گرفته‌ش شایسته‌ی ئه‌وه‌یه هه‌ندێك له‌سه‌ری ڕابوه‌ستین.
(ب) بارودۆخی پیشه‌یی:
وه‌ك زانراوه كه‌مینه‌یه‌ك له نووسه‌ران له‌سه‌ر به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانیان ده‌ژین، میمی وای ده‌بینێت كه پێویسته جیاكاری بكه‌ین له نێوان به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان به مانا ورده‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی كار و به‌رهه‌مه‌كانی تردا كه نووسه‌ران تێیدا پێنووسه‌كانیان به‌كار ده‌هێنن وه‌ك ڕۆژنامه‌گه‌ری و هه‌ڵه‌چنی و پیداچوونه‌وه (ئیدیته‌ر) و كاره هاوشێوه‌كانی دیكه‌دا.
كۆمه‌ڵه توێژینه‌وه‌یه‌كی ئاماریی كراوه بۆ دیاریكردنی ئه‌و پیشه هه‌مه‌جۆرانه‌ی كه ئه‌دیبه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ئه‌و گرفته‌ی كه گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه بۆ كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بی ئه‌وه نییه كه بزانێت ئایا ژماره‌ی نووسه‌ران له نێو مامۆستاكانی زانكۆ یاخود پزیشكه‌كاندا –بۆ نموونه- چه‌نده، به‌ڵكو له پێشدا ئه‌وه‌ی گرنگه به‌ڵایه‌وه كه بیزانێت ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌ده‌بێكی كوالێتی به‌رز -به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها یان ڕێژه‌یی- له نێو مامۆستاكانی زانكۆ و پزیشكه‌كان و پارێزه‌ره‌كان و توێژه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه. له ڕاستییدا پیشه‌ی دووه‌می ئه‌دیب شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی خۆژیاندن. ئه‌گه‌ر شێوه‌ی نموونه‌یی بۆ خۆژیاندن كه خۆی له پشت به‌ستنی ئه‌دیب ببه‌ستێت به سه‌ر سامانه تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی، ئه‌وا ئه‌م شێوه‌یه له زۆرینه‌ی وڵاته‌كاندا له‌ناوچووه، و توێژه‌ره‌كانیش وای ده‌بینن كه "بایرۆن" دواهه‌مین ئه‌و ئه‌دیبانه بووه كه به‌رجه‌سته‌ی توێژی "ئه‌و خانه‌دانه‌ی كردووه كه موماره‌سه‌ی كاری نووسین ده‌كه‌ن". ئه‌م شێوه‌یه جێگای خۆی بۆ شێوه‌ی "پیشه‌ی دووه‌م" چۆڵكردووه، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كردووه، به‌ڵام ئه‌م پیشه‌یه زۆر جار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوه‌یه‌كی دیاریكراو له پیشه‌ی ئازادهكن، یاخود كاره ئیدارییه‌كان. به‌ڵام پێویسته ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات هه‌ندێك كاتی ده‌ست به‌تاڵی بۆ فه‌راهه‌م بكات، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌و كاره‌ی كه ده‌یكات وا نه‌بێت ماندووبوونێكی زۆری تیا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت گونجانێك پێك بێنێت له نێوان داواكارییه ماددی و ئه‌ده‌بییه‌كانیدا كه كاره ئه‌ده‌بییه‌كانی لێی ده‌خوازن.
هه‌ر ئه‌مه‌شه هۆكاری ڕاسته‌قینه‌ی پشت ده‌گمه‌نی، بوونی نووسه‌ران له نێو توێژی كرێكارانی كاری ده‌ستی یاخود له نێو جوتیاراندا، لێره‌شه‌وه ده‌كرێت ڕه‌خنه ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ری "پیشه‌ی دووهه‌م" بكه‌ین كه كورتكراوه‌ته‌وه بۆ ته‌نیا توێژێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه تاكه‌كانی ده‌توانن موماره‌سه‌ی پیشه‌ی ئازاد بكه‌ن، یاخود وه‌زیفه كارگێڕییه‌كان پڕ بكه‌نه‌وه.
ئیسكارپیت ده‌گاته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه، گه‌رچی پیشه‌ی دووه‌م وه‌ك چاره‌سه‌رییه‌كی په‌سه‌ندكراو داده‌نرێت، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا كاریگه‌رییه‌كی سنورداری هه‌یه. پێویسته له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخ كه به‌دوای شێوه‌ی دیكه‌دا بگه‌ڕێت بۆ سیسته‌می سه‌رپه‌رشتیكردن، كه له تواناییدا بێت گرفتی به‌ده‌ستهێنانی گونجانی ته‌واوه‌تی نێوان پیشه‌ی ئه‌دیب له‌گه‌ڵ سیسته‌مه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه باوه‌كه‌دا چاره‌سه‌ر بكات. ده‌شێت كه سیسته‌می خۆبۆتهرخانكردن كه له هه‌ندێك له ده‌وڵه‌تانی سۆشیالیستیدا و له نێویشیاندا له كۆمار یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی په‌یڕه‌وی لێ ده‌كرێت یه‌كێك بێت له شێوه‌كانی.
(ج) چینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی نووسه‌ر:
دیاریكردنی دۆخه ئابووری و پیشه‌یه‌كه‌ی نووسه‌ر له ته‌نیا وێنه‌یه‌كی په‌تی ڕێژه‌یی زیاتر نادات به‌ده‌سته‌وه. بارودۆخه ئابوورییه‌كه‌ی نووسه‌ر نابێت به شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها ته‌ماشا بكرێت، هه‌روه‌ها نابێت ته‌نها له سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه ته‌ماشای نووسه‌ر بكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت ته‌ماشای ئینتیمای نووسه‌ر بۆ چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی یاخود بۆ ته‌واوی گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه بكرێت. ئه‌م ئینتیمایه‌ش وا ته‌ماشا ده‌كرێت كه زیاتر بونیادی و گشتگیرتر بێت له ته‌نیا دیاریكردنی پێگه و دۆخه ئابووریی و پیشه‌یه‌كه‌ی نووسه‌ر.
ئینتیمای نووسه‌ر بۆ چینێكی دیاریكراو به یه‌كێك له ڕاستییه ئاشكراكان داده‌نرێت له كۆمه‌ڵگه‌دا. به‌ڵام پێویسته جیاوازی بكه‌ین له نێوان دوو شێواز له ئینتیمادا: ئینتیمای كۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووری، له گه‌ڵ ئینتیمای ئایدۆلۆژی. ئینتیمای كۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووری ده‌كرێت له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه و ته‌ماشاكردنی پێگه و دۆخه ئابووری و پیشه‌یه‌كه‌ی نووسه‌ره‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكرێت. ئاشكرایه –به‌شێوه‌یه‌كی گشتی- نووسه‌ر ناتوانێت خۆی به چینێكی دیاریكراوه‌وه ببه‌ستێته‌وه، به‌مشێوه‌یه و به بێ جیاكاریكردن و خۆ جیاكردنه‌وه. په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ هه‌یه له نێوان ئه‌و ئامراز و ڕێگه‌یه‌ی كه نووسه‌ر پێی ده‌ژی له گه‌ڵ چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌دا. پێشتر ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌ده‌ب به ته‌نیا له‌باریدا نییه كه نووسه‌ر بژیه‌نێت. پاشان -وه‌ك وتمان- زۆرن ئه‌وانه‌ی په‌نا ده‌به‌نه به‌ر چاره‌سه‌ری "پیشه‌ی دووه‌م"، به‌ڵام مه‌رجه ئه‌م پیشه‌ی دووه‌مه ژیانی دابین بكات، هه‌روه‌ها ته‌واوی توانا و چالاكییه‌كانی نووسه‌ر بۆ خۆی نه‌بات، پاشان ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین كه ده‌بێت ئه‌و پیشه‌یه تایبه‌ت بێت. هه‌موو ئه‌مه‌ش له‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه ڕه‌خنه‌گری فه‌ڕه‌نسی "گاپتۆن بیكۆن" پێی گه‌شتووه، ڕوون دهبێتهوهـ كاتێك پرسی:
ئه‌و خزمه‌تانه چی بوون كه ئه‌ده‌ب و هونه‌ری فه‌ڕه‌نسی پێشكه‌شیان كردووه له‌وه‌ته‌ی بۆرژوازییه‌ت هاتووه؟ به‌ڕه‌هایی ده‌توانین بڵێین كه ئه‌و ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌ی بۆرژوازیهت به‌رهه‌می هێناوه بۆ به‌كارهێنانی و به‌كاربردنی بۆرژوازه‌كان بووه. ده‌گمه‌نن ئه‌و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه ڵه دڵی گه‌ڵه‌وه هاتوون، هه‌تا ده‌كرێت بشڵێین كه ئه‌گه‌ر له گه‌ل دانه‌بڕین و دوور نه‌كه‌ونه‌وه و ئینتیمایان –ئه‌گه‌ر به ئاستێكی كه‌میش بێت- بۆ بۆرژوازیهت نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ناشتوانن ببنه نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند.
میمی وای ئه‌بینێت كه نووسه‌ر –به شێوه‌یه‌كی گشتی- ئاواته‌خوازی ئه‌وه‌یه وا بژی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئینیتیمای بۆ چینێكی باڵاده‌ست هه‌یه، یاخود بۆ چینێك كه له ڕێگادایه ببێت به چینێكی باڵاده‌ست.
به‌ڵام ئینیتیمای ئایدۆلۆژی نووسه‌ر پێویستی به توێژینه‌وه‌ی وردتر هه‌یه. ئایا نووسه‌ر گوزارشت له چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات؟ به واتایه‌كی وردتر ئایا نووسه‌ر هه‌میشه ده‌ربڕی چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، و چۆن؟ ده‌ربڕین و ئاشكرا كردنی به‌هاكانی چینێكی دیاریكراو زۆرجار ڕووده‌دات، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر له‌وه ڕوونتر كه خه‌ڵكی گومانی بۆ ده‌به‌ن، به ڕێگا و شێوه‌یه‌ك ده‌رفه‌تێك ناهێڵێته‌وه بۆ گومانی گومانكهران له‌باره‌ی ئه‌م ڕاستییه‌وه. پێشتر و له‌به‌شه‌كانی پێشوودا ئاماژه‌مان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی "لوسیان گۆڵدمان" كرد به‌ناوی "خودای نادیار" كه تێیدا كاره‌كانی ڕاسین و باسكاڵی شیكردبووهوه و ناوه‌ڕۆكه سیاسییه جێگیره‌كانی نێو كرۆكی كاره‌كانیانی ئاشكرا كردبوو، هه‌رچه‌نده پێشتر وا گومان ده‌برا ده‌قه‌كانی ئه‌وان و سیاسه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كیان له نێواندا نییه.
كاتێك نووسه‌رێك گوزارشت له به‌هاكانی چینێكی دیاریكراو ده‌كات، ئایا ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه ئۆتۆماتیكی ئه‌نجام ده‌درێت (واته به بێ مه‌به‌ست-و-)، یاخود نووسه‌رانێك كه بۆرژوازن هه‌میشه به‌هاكانی چینی بۆرژوازی (به ئاگاییه‌وه) ده‌رده‌بڕن و به‌رگری لێ ده‌كه‌ن؟ ناتوانین بڵێین هه‌میشه ئه‌مه وه‌ك ڕێسایه‌كی گشتی ڕووده‌دات، چونكه باری واش هه‌یه كه نووسه‌رانێكی بۆرژوازی به‌وپه‌ڕی توندییه‌وه به‌هاكانی بۆرژوازییان ڕه‌تكردۆته‌وه.
له‌م حاڵه‌تانه‌دا زۆر جار وا ڕووده‌دات كه ئه‌و نووسه‌رانه مزگێنی به‌هاكانی چینێكی نوێ ده‌ده‌ن كه هێشتاكه باڵاده‌ست نییه، به‌ڵام ئاواته‌خوازن بگات به ده‌سه‌ڵات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هاكانی بڵاو ببێته‌وه و باڵاده‌ست بێت. ئه‌وه ئاشكرایه كه له‌و دۆخه‌دا ئێمه ده‌رگیری لێكدابڕانی نێوان ئینتیمای كۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووری له گه‌ڵ ئینتیمای ئایدۆلۆژییداین. به واتایه‌كی تر ده‌رگیری ئه‌وه‌یه‌ن كه هه‌ندێك جار پێی ده‌گوترێت "خیانه‌تی چینایه‌تی". مه‌به‌ست له‌م زاراوه‌یه ئه‌وه‌یه كه كه‌سێك ده‌ست به‌رداری به‌هاكانی چینه‌كه‌ی خۆی بووه و به‌هاكانی چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تری وه‌رگرتووه، وه‌ك ئه‌و نووسه‌ره‌ی كه خۆی سه‌ر به چینی سه‌رمایه‌دارییه، به‌ڵام به‌هاكانی سه‌رمایه‌داری ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ئینتیما بۆ چینی كرێكار هه‌ڵده‌بژێرێت.
پێویسته ئاماژه به‌وه بده‌ین كه مه‌رج نییه یه‌كانگیرییه‌كی ته‌واوه‌تی دروست بێت له نێوان ئه‌و بیروباوه‌ڕ و ئایدۆلۆژیایه‌ی كه نووسه‌ر باوه‌ڕی پێی هه‌یه له گه‌ڵ ئینتیما ڕاسته‌قینه‌كه‌یدا.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، هیچ ڕێگرییه‌ك له‌وه‌دا نییه كه هه‌ندێك له نووسه‌ران ببینین كه هه‌ستێكی هاوبه‌شیان هه‌یه بۆ چینه‌كان یاخود بۆ ژماره‌یه‌ك له جڤاكه جیاوازه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك كه ناتوانین بیانگه‌ڕێنینه‌وه بۆ ته‌نیا یه‌ك چینی كۆمه‌ڵایه‌تی و جڤاكی دیاریكراو.
ئه‌گه‌ر له‌و بڕوایه‌دا بووین كه ئه‌م حاڵه‌تانه وه‌ك دۆخ و حاڵه‌تی ئاوارته‌ن له ناو ڕێساكاندا، ئه‌و خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه گشتگیر و وردهكارهكان كه گرنگی ده‌ده‌ن به‌م خاڵانه، له توانایاندایه ڕاده‌ی دروستی ئه‌م پرسه تیۆریانه ده‌ربخه‌ن و بیدۆزنه‌وه.
(د) نه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كان:
ژماره‌یه‌ك له لێكۆڵه‌ره‌كان هه‌وڵیانداوه كه نووسه‌ره‌كان به پێی گروپه‌كانی ته‌مه‌ن پۆلێن بكه‌ن، به ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی –ئه‌گه‌ر هه‌بن- كه باڵاده‌ستن به‌سه‌ر به‌دوای یه‌كدا هاتنی نه‌وه‌كان.
له ڕاستییدا گه‌ڕان به‌دووی كێشه‌ی نه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كان له‌و لێكۆڵینه‌وه سهرنجڕاكێشانهیه كه ده‌كرێت كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب به‌شداری تێدا بكات به ئامانجی تیشك خستنه سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه توندوتۆڵه‌ی كه ئه‌ده‌ب به كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه له‌م كێشه‌یه ژماره‌یه‌ك پرس ده‌وروژێنێت كه پێویسته شیكار بكرێن، و له‌ناو ژماره‌یه‌ك له چاره‌سه‌رییه به‌رده‌سته‌كاندا بگه‌ین به چاره‌سه‌ری گونجاو له‌باره‌یانه‌وه.
ئاشكرایه كه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی نووسه‌رانێك ده‌یئافرێنن كه به‌درێژایی كات ملكه‌چی كۆمه‌ڵه به‌رزی و نزمی و گۆڕانێكن له شێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه تووشی هه‌موو جڤاكه دیمۆگرافیهكان (دانیشتوان)ی تریش ده‌بێته‌وه: پیربوون، و نوێبوونه‌وه، یاخود زیادبوونێكی له ڕاده‌به‌ده‌ر، یانژی كه‌مبوونه‌وه‌یه‌كی زیانمه‌ند له ژماره‌ی ئهندامهكانییدا. به‌ڵام ده‌كرێت ژماره‌یه‌كی ماقوڵ له نێو ژماره‌یه‌كی زۆری نووسه‌راندا وه‌ربگرین، یاخود به‌ڵایه‌نی كه‌مه‌وه نموونه‌یه‌ك (سامپڵێك) وه‌ربگرێن كه به‌رجه‌سته و نوێنه‌رایه‌تی گروپه دیاریكراوه‌كه بكات، به‌مشێوه‌یه دوو ڕێوشوێنی توندڕه‌وانه له به‌رده‌ستماندایه: ڕێوشوێنی یه‌كه‌م دیاریكردنی هه‌موو نووسه‌رانی ئه‌و كتێبه چاپكراوانهیهیه كه له وڵاتێكی دیاریكراودا له نێوان دوو به‌رواری دیاریكراودا كتێبه‌كانیان بڵاوبۆته‌وه. ڕێوشوێنی دووه‌میش پشت به‌ستنه به لیستێكی لایه‌ندارانه، وه‌ك وه‌رگرتنی ناوه‌كان له پێڕستی (فهرس) كتێبێكی گرنگی متمانه‌پێكراو له مێژووی ئه‌ده‌بدا. به‌ڵام ئیسكارپیت پێی وایه كه ئه‌م دوو ڕێوشوێنه قایلكه‌ر نین. ڕێوشوێنی یه‌كه‌م پشت ده‌به‌ستێت به پێناسه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی بۆ نووسه‌ر كه گوایه: ئه‌و مرۆڤه‌یه كه كتێبێكی نووسیوه. به‌ڵام ئه‌م پێناسه‌یه ناكرێت په‌سه‌ند بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كانگیری پێویست و گرنگی مه‌به‌سته‌كانی نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ری فه‌رامۆش كردووه. له لایه‌كی تریشه‌وه، وا ده‌ڕوانێته نووسه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی "به‌رهه‌مهێنه‌ری وشه‌كان" بێت، ئه‌مه‌ش هیچ جۆره ئاماژه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی تێدا نییه. ئه‌و كه‌سه شوناس و ئاماژه‌ی ئه‌دیببوون وه‌رناگرێت و به نووسه‌ریش دانانرێت هه‌تا كتێبه‌كه‌ی بڵاو نه‌كاته‌وه، له كاتێكدا مرۆڤێكی تر هه‌یه كه جێگای سه‌رنج و تێبینی جه‌ماوه‌ره. مرۆڤ ناتوانێت ببێت به نووسه‌ر له په‌یوه‌ندیدا نه‌بێت به ئه‌وی تره‌وه، یاخود تا له چاوی یه‌كێكی تردا وا نه‌بینرێت.
پاشان ده‌كرێت بێژین كه شیكاریكردن بۆ پێڕستی كتێبێكی متمانه پێكراو له مێژووی ئه‌ده‌بدا كارێكی زیاتر دادپه‌روه‌رانه‌یه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كتێبێكی له‌و چه‌شنه‌مان خسته به‌ر شیكارییهوه ده‌بینین كه ڕێژه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ناویان ده‌هێنرێت هه‌رچه‌نده نزیك بیینه‌وه له‌و كات و به‌رواره‌ی كه كتێبه‌كه‌ی تێدا چاپ كراوه ناوی نووسه‌ره هاوچه‌رخه‌كانی خۆی به‌رده‌وام زیاد ده‌كات، زیادبوونی به‌رده‌وامی ژماره‌ی نووسه‌ران پاڵ به نووسه‌ری ئه‌و مێژووه‌وه ده‌نێت كه به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه ئۆتۆماتیكی نووسه‌رانی هاوچه‌رخی خۆی به‌سه‌ربكاته‌وه و ناویان بهێنێت، به‌ڵكو ده‌شێت هه‌ڵبژاردنه بێ پاساو و نادادپه‌روه‌ره‌كانی ئه‌و مێژوونوسه ئه‌ده‌بییه وابێت كه ناوی هه‌ندێك نووسه‌ر و ئه‌دیب ببات و هه‌ندێكی دیكه پشتگوێ بخات.
له ڕاستییدا ئه‌م كێشه‌یه له‌باره‌ی مێژووی ڕووداوه نزیكه‌كانه‌وه به‌رده‌وام دروست ده‌بێت، وه‌ك زانراوه هه‌ندێك له مێژوونووسه‌كان پێیان وایه كه باش نییه ئه‌و ڕووداوانه باس بكرێن و بخرێنه به‌ر شرۆڤه‌كردن ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كی تا ئاستێك درێژی به‌سه‌ردا تێ نه‌په‌ڕی بێت. به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه هه‌رچه‌نده وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌مێك توندڕه‌وانه بێت، به‌ڵام ڕاستییهكیشی له‌خۆ گرتووه كه ناكرێت ددانی پێدا نه‌نێین. ئه‌و ڕاستییه‌ش ئه‌وه‌یه كه تا دووراییه‌كی زه‌مه‌نی پێویست له نێوان ئه‌و مێژوونوسه و ئه‌و فاكتانهدا كه ده‌یانگێڕێته‌وه و ده‌یاننوسێت هه‌بێت، ئه‌وا بابه‌تیبوونی لێكۆڵینه‌وه زیاتر فه‌راهه‌م ده‌بێت. به‌ڵام كێشه‌ی بابه‌تیبوون له مێژوودا كێشه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ت و قورسه نامانه‌وێت لێره‌دا پێیه‌وه سه‌رقاڵ بین. به‌ڵام هه‌رئه‌وه‌نده ده‌ڵێین كه ناكرێت ده‌ستمان ڕابگات به وێنه‌یه‌كی ئاماژه‌دار له‌باره‌ی جه‌ماوه‌ری به‌هه‌ژموونی ئه‌ده‌بییه‌وه ئه‌گه‌ر تۆزێك نه‌گه‌ڕێینه‌وه به‌ره‌و دواوه.
ڕاستی ئه‌م تێبینیهشمان باشتر بۆ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر له سه‌ر مێژووی ئه‌ده‌بی میسری هاوچه‌رخ پراكتیكمان كرد. ئێمه ده‌توانین له‌باره‌ی نه‌وه‌ی ته‌ها حسێن و ئه‌لمازنی و عه‌قاد و سه‌لامه مو‌سا قسه بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ر كه ویستمان قسه له‌باره‌ی نه‌وه‌ی نه‌جیب مه‌حفوز و یه‌حیا حه‌قی و یوسف سه‌باعی بكه‌ین، ئه‌وا خۆمان زۆر ئازاد نابینینه‌وه له‌م بزاوته فكرییهماندا –ئه‌گه‌ر بكرێت وا بڵێین- ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت وه‌ك نه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌دیبانه‌دا بكه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ویستمان له‌باره‌ی نه‌وه‌ی دوای ئه‌مانیشه‌وه قسه بكه‌ین، ئه‌وا ئه‌وه زۆر زه‌حمه‌ته بتوانین لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتاكه ئه‌و دواهه‌مین نه‌وه ئه‌ده‌بییه له گه‌شت و بزاوته ئهدهیبییهكهیان ته‌واو نه‌بوون.
ئیسكارپیت وای ده‌بینێت كه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی مێژویی له كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ماندا له‌باره‌ی نه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان پێ ده‌دا كه خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ته‌واوه‌تیان له‌باره‌وه بكه‌ین، به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له هه‌ردوو ڕووی چه‌ندێتی و چۆنایهتییانهوه. هه‌رچه‌نده زۆر ورده‌كاری هونه‌ری گرنگ له‌باره‌ی ئه‌و میتۆد و ئامرازانه‌ی كه ده‌بێت لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان له‌م بواره‌دا بیگرنه به‌ر هه‌ن، به‌ڵام لێره‌دا ده‌رفه‌تی به‌سه‌ركردنه‌وه‌یان نییه، ده‌شێت دواتر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ریان. بۆیه ته‌نیا هه‌ندێك تێبینی گشتی له‌باره‌ی كێشه‌ی نه‌وه‌كان و گروپ و پێڕه ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو.
بیرۆكه‌ی "نه‌وه‌كان" ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان ده‌داتێ نموونه (سامپڵ)ی ئه‌و نووسه‌رانه وه‌رگرین كه هه‌مووان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌ر به یه‌ك نه‌وه‌ن. "نه‌وه" لای ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی كه گرنگییه‌كی تایبه‌تی ده‌ده‌ن به‌و لایه‌نه گرنگه‌ی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب –وه‌ك هینری بێر- دیارده‌یه‌كی ئاشكرایه. له ئه‌ده‌بی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كدا مێژووی له‌دایكبوونی نووسه‌رانێك له شێوه‌ی گورزه (ده‌سته-چه‌پك)دا له ناوچه‌ی زه‌مه‌نییدا چڕ ده‌بنه‌وه. "بێر" لیستێكی ته‌واوی نه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كانی له كتێبه‌كه‌یدا "نه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كان" كۆكردبووه‌وه، كه بگونجێت بۆ ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی ئه‌وروپی. با نموونه‌یه‌ك بێنینه‌وه له‌و ڕێگایانه‌ی كه له‌م بواره‌دا په‌یڕه‌وی لێ ده‌كرێت. ده‌وروبه‌ری ساڵی ١٨٠٠ نه‌وه‌یه‌ك له ئه‌دیبانی مه‌زنی ڕۆمانتیكی ده‌رده‌كه‌ون. ئه‌مه‌ش دوای نه‌وه‌یه‌كی تا ئاستێك هه‌ژار كه له نێوان ساڵانی ١٧٩٥ بۆ ١٨٠٥ له‌دایكبوون له‌وانه تییری، ڤینی، میشیلیه، ئۆگست كۆنت، بڵزاك، هۆگۆ، لاكۆردێر، میریمیه، دۆماس، سان بیف، جۆرج ساند. هه‌روه‌ها نهوهگهلێكی مه‌زنیش له ئیسپانیا هه‌ن له ساڵی ١٥٨٥، له فه‌ڕه‌نساش له نێوان ساڵه‌كانی ١٦٠٠ بۆ ١٦١٠، له ئینگلته‌راش له ساڵی ١٦٧٥هوه بۆ ١٦٨٥.
به‌ڵام ناكرێت بیرۆكه‌ی "نه‌وه‌كان" به‌كار بهێنرێت ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك وریایی له‌به‌رچاو نه‌گیرێت. یه‌كه‌م شت كه ده‌بێت لێی دوور بكه‌وینه‌وه ئه‌وه‌یه كه پێی ده‌وترێت لادانه‌وه به‌ره‌و بیرۆكه‌ی "خوله‌كان". ده‌كرێت ئه‌وه به خه‌یاڵدا بێت كه كه گروپه‌كانی ته‌مه‌ن نێو نووسه‌ران له ماوه‌ی زه‌مه‌نی ڕێكخراو و یه‌ك به‌دوای یه‌كدا دێن. هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له لێكۆڵه‌ره‌كانی وه‌ك "چیی میشۆ" هه‌وڵیانداوه كه نه‌خشه‌یه‌كی جێگیری به‌دوای یهكداهاتووی نه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كان بكێشێت، به‌ڵام وادیاره كه به‌ڵگه واقعییه‌كان ئه‌م هه‌وڵانه پشت ڕاست ناكه‌نه‌وه.
وریایی دووه‌م كه پێویسته له‌به‌رچاوی بگرین ئه‌وه‌یه كه، نه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كان جیاوازن له نه‌وه بایۆلۆژییه‌كان، به‌وپێیه‌ی كه دروستبوونی جڤاك و گروپ و كۆمه‌ڵه‌كان ده‌كرێت له گۆشه‌نیگای ژماره‌ییه‌وه و له ڕێگای به‌دواداچوونی ئه‌و گورزه‌وه كه تێیدا چڕبۆته‌وه بناسرێنه‌وه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌شه‌وه ده‌بینین كه دابه‌شبوونی گروپه‌كانی ته‌مه‌ن له جه‌ماوه‌ری گشتی وڵاتێكی دیاریكراودا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر هێواش و له سنوورێكی زۆر ته‌سكدا ده‌گۆڕێن. ده‌كرێت بڵێین كه دابه‌شبوونی ته‌مه‌ن له جه‌ماوه‌رێكی گشتیی‌دا له ڕووی –ئامارییه‌وه- نموونه‌یه‌كی ئایدیاڵ ده‌دات به‌ده‌سته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر كه‌م نه‌بێت له ڕووی ورده‌كارییه‌كانیه‌وه له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكی تر ئه‌وه‌نده جیاواز نین، له‌كاتێكدا ناتوانین دڵنیا بینه‌وه له‌وه‌ی كه دابه‌شبوونی ته‌مه‌ن له جه‌ماوه‌رێكی ئه‌ده‌بییدا "نه‌وه‌كانی نووسه‌ران" بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و نموونه ئایدیاڵه.
كۆتایی وریایی و لهبهرچاوگرتنهكان له‌باره‌ی به‌كارهێنانی بیرۆكه‌ی "نه‌وه"وه كه پێویسته ڕه‌چاوی بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه، كاتێك قسه له‌باره‌ی نه‌وه‌یه‌ك له نووسه‌ران ده‌كه‌ین ئه‌وا مێژووی ئاماژه بۆكراو مێژووی له‌دایكبوون نییه، به‌ڵكو مێژووی گه‌شتنی نووسه‌ریش نییه به ته‌مه‌نی بیست ساڵی، چونكه هیچ كه‌سێك نییه وه‌ك ئه‌دیب له‌دایك ببێت، به‌ڵكو مرۆڤ ده‌بێته ئه‌دیب. شتێكی ده‌گمه‌نه كه له بیست ساڵییدا كه‌سێك ببێت به ئه‌دیب، چوونه ناوه‌وه‌ی كه‌سێك بۆ چوارچێوه و بواری ئه‌ده‌بی پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزه كه قۆناغه یهكلابووهوهكهی له بابه‌تێكی دیاریكراودا نزیك ده‌بێته‌وه له ته‌مه‌نی چڵ ساڵی. بۆ نموونه له ئه‌ده‌بی ئینگلیزییدا ده‌بینین كه "سامۆیل ڕیچاردسن" كه دره‌نگ چووه بواری ئه‌ده‌به‌وه له ساڵی (١٦٨٩)دا له‌دایكبووه، له ڕووی بایلۆژییه‌وه -ئه‌گه‌ر بكرێت وا بڵێین- هاوچه‌رخی "ئه‌لیكسانده‌ر پۆپ"ه كه له ساڵی (١٦٨٨) له‌دایك بووه، به‌ڵام ده‌كرێت بخرێته ناو نه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی "هینری فیلدینگ"ه‌وه كه له ساڵی (١٧٠٧)دا له‌دایكبووه.
زۆر وا ڕووده‌دات كه نه‌وه گه‌نجه‌كان له نێویاندا ئه‌دیبی وایان تێدایه كه له ڕووی ته‌مه‌نه‌وه له هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی تری ئه‌و نه‌وه ئه‌ده‌بییه گه‌وره‌تره. "گۆته" و "نودییه" و "كارلیل" ئه‌م ڕۆڵه‌یان گێڕاوه، هه‌ریه‌كه‌یان بۆ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه ئینتیمایان بۆی هه‌یه.
هه‌رچه‌نده بیرۆكه‌ی نه‌وه له‌یه‌كه‌م نیگادا سه‌رنج ڕاكێش ده‌رده‌كه‌وێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه وا ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌رفه‌تی ئه‌وه ده‌ڕه‌خسێنێت كه لێكۆڵینه‌وه‌ی جۆراوجۆر له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه بكرێت، به‌ڵام هه‌ندێك له لێكۆڵه‌ره‌كان پێیان وایه كه ڕه‌هه‌نده‌كانی به ته‌واوی ڕوون نییه، بۆیه ئیسكارپیت پێشنیازی ئه‌وه ده‌كات كه بیرۆكه‌ی "نه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كان" بگۆڕدرێت به بیرۆكه‌ی "گروپ"، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه ئه‌م بیرۆكه‌یه زیاتر نه‌رمی تێدایه. گروپ له لای ئه‌و بریتییه له "جڤاكێك له نووسه‌رانی جیاواز له ڕووی ته‌مه‌نه‌وه (ده‌شێت ته‌مه‌نێكی دیاریكراو زیاتر باو بێت له نێویاندا)، كه به‌هۆی هه‌ندێك ڕووداوه‌وه، خاوه‌ن قسه‌ی له‌پێشینه‌ن، و سه‌رشانۆی ئه‌ده‌بییان داگیر كردووه، و به ڕێگایه‌كی ئاگایانه بێت یان دهرهئاگایانه ڕێگه به‌هاتنه ناوه‌وه‌ی دیكه ناده‌ن بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو، به‌مشێوه‌یه ده‌بنه ڕێگر له‌به‌رده‌م ده‌ركه‌وتنی ڕه‌وتی نوێ‌دا، و ڕێگر ده‌بن له‌وه‌ی گوزارش له‌خۆیان بكه‌ن".
به‌ڵام ئه‌و ڕووداوانه چین كه كاریگه‌ری داده‌نێن له سه‌ر به‌دوای یه‌كداهاتنی نه‌وه‌كان یانژی زنجیره‌كانیان؟ ئیكسارپیت پێی وایه كه ئه‌و ڕووداوانه نه‌خشێكی سیاسی‌یان هه‌یه، هه‌روه‌ها
گۆڕانی فه‌رمانڕه‌واكان، و گۆڕانی سه‌رده‌مه‌كان، و شۆڕشه‌كان، و جه‌نگه‌كانی له‌خۆییدا هه‌ڵگرتووه. (واته ئه‌وه‌ی واده‌كات نه‌وه‌یه‌كی تازه ده‌ركه‌وێت و جێگا به نه‌وه‌یه‌كی دیكه چۆڵ بكات ئه‌و ڕووداوانه‌یه-و-).
به‌مشێوه‌یه ده‌گه‌ینه كۆتایی باسه‌كه‌مان له‌باره‌ی بواری یه‌كه‌م له بواره‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب كه "نووسه‌ره". ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه كه ئاماژه‌یه‌ك بده‌ین به بواری دووه‌م كه كار‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانه، له‌گه‌ڵ بواری سێیه‌م كه جه‌ماوه‌ره.
كێشه پراكتیكییه‌كان له كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بدا:
٣.٢ لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی كاری ئه‌ده‌بی و جه‌ماوه‌ره‌وه:
له به‌شی پێشوودا مشتومڕی كێشه پراكتیهكییهكانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بمان كرد. سه‌رنجی سه‌ره‌كییمان خسته سه‌ر دیاریكردنی بواره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م زانسته تازه چه‌كه‌ره كردووه، كه له سێ بواری سه‌ره‌كیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت: لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی نووسه‌ر، و كاری ئه‌ده‌بی، و جه‌ماوه‌ر. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌وه هه‌بێت له‌باره‌ی نووسه‌ره‌وه، ئه‌وا پێشتر ئه‌و خاڵه جیاوازانه‌ی كه ئه‌م باسه ده‌یان وروژێنێت خسته ڕوو، ئێسته ده‌مانه‌وێ (شێواز و ڕێگاو مه‌رج و ئامرازه‌كانی) لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی كاری ئه‌ده‌بی و جه‌ماوه‌ره‌وه بخه‌ینه ڕوو.
پێویسته پێش ئه‌وه‌ی بڕۆینه نێو وردودرشتی باسی لایه‌ن و بواره جیاوازه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی كاری ئه‌ده‌بیه‌وه، جه‌خت له‌وانه بكه‌ینه‌وه كه پێشتر و له به‌شی پێشوودا ئاماژه‌مان بۆ كردوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ناكرێت له گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له نووسه‌ر بكۆڵیینه‌وه به بێ لێكۆڵینه‌وه له كاری ئه‌ده‌بی و له جه‌ماوه‌ر. هه‌روه‌ها ناكرێت لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی كاری ئه‌ده‌بی بكه‌ین به بێ لێكۆڵینه‌وه له جه‌ماوه‌ر. پێوه‌رێكی كۆتایی هه‌یه كه ئاماژه ده‌كات بۆ جۆرێتی-كوالێتی كاری ئه‌ده‌بی، مه‌به‌ستمان له‌وه‌ش ڕاده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره ئه‌ده‌بییه‌یه، واته ئاستی پێشوازی كردنی له لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه پشت به‌ستن ته‌نیا به‌و پێوه‌ره بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی جۆرێتی-كوالێتی كاری ئه‌ده‌بی تا ئاستێك فه‌رامۆشكردنی جۆرێتی تایبه‌تی كاره ئه‌ده‌بییه‌كانه، گومانی تێدا نییه كه په‌رچه‌كرداره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر كاره ئه‌ده‌بییه‌كاندا گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه بۆ تێگه‌شتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی كوالێتی تایبه‌تی كاره ئه‌ده‌بییه. ئه‌مه‌ش زیاتر ئاشكرا ده‌بێت كاتێك وا ته‌ماشایی كاره ئه‌ده‌بییه‌كانمان كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی -تا ئاستێكی گه‌وره بێت یان بچووك- ده‌ربڕی مه‌به‌ستی نووسه‌ره، یان به واتایه‌كی تر ئه‌و ئامانجه‌یه كه نووسه‌ر مه‌به‌ستێتی به‌دی بهێنێت، كاره ئهدهبییهكهش ئاست و ڕاده‌ی جێبه‌جێ بوون و سه‌ركه‌وتنی نووسه‌ر له گه‌یاندنی مه‌به‌سته‌كه‌یدا ده‌رده‌خات. هه‌ربۆیه له پێناوی تێگه‌شتن له كاری ئه‌ده‌بیدا پێویسته په‌یوه‌ندی كاره ئه‌ده‌بییه‌كه به مه‌به‌ستی نووسه‌ره‌وه یان به‌و ئامانجه‌وه كه ده‌یه‌وێت به‌دی بهێنێت دیاری بكه‌ین. بۆیه جه‌ختمان له‌وه كرده‌وه كه بۆ تێگه‌شتن له كاری ئه‌ده‌بی پێویسته له‌هه‌مان كاتدا لێكۆڵینه‌وه له نووسه‌ر و له جه‌ماوه‌ریش بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر ڕهخنهگرانێكیش هه‌بن كه پێیان وابێت پێویسته جه‌خت ته‌نیا له‌سه‌ر ده‌ق یان كاره ئه‌ده‌بییه‌كه بێت به بێ گرنگیدان به نووسه‌ر یان جه‌ماوه‌ر، ئه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه پێیان وایه كه ژیاننامه‌ی نووسه‌ر له بهشێكییدا یان له سهرتاپایدا گومان له‌باره‌ی ڕاست و دروستییه‌كه‌ی هه‌یه، هه‌روه‌ها گومان له‌باره‌ی جه‌ماوه‌ریشه‌وه هه‌یه، چونكه جه‌ماوه‌ر له‌كاتێكه‌وه بۆ كاتێكی تر په‌رچه‌كردار و پێشوازیكردنهكانی له كاره ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌گوڕێت و جیاوازه.
به‌ڵام وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م ناڕه‌زایه‌تی و به‌رهه‌ڵستیانه زۆر ئاسانه، پرسی دروستی و ڕاستی داتاكان ته‌نیا گرفتی لقێك له لقه‌كانی زانست نییه، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كه هه‌موو پسپۆڕییه‌ك له پسپۆڕییه زانستییه‌كان هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنی ده‌ده‌ن. ئاستی چاره‌سه‌رییه‌كانیش له ڕووی گشتگیری و كاراییانهوه جیاوازن، به‌ڵام شتێكی په‌سه‌ندكراو نییه به پاساوی ئه‌گه‌ری ناڕاستی و نادروستی داتا‌و زانیارییه‌كان له‌باره‌ی ژیانی نووسه‌ره‌وه، ئیدی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی نووسه‌ره‌وه فه‌رامۆش بكه‌ین و بیخه‌ینه لاوه. پێویسته له‌سه‌ر لێكۆڵه‌ر كه هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی بدات له پێناو گه‌شتن به ڕاستییه‌كان، ئه‌مه له لایه‌كه‌وه، پاشان پێویسته ئه‌و ڕێگری و ئاسته‌نگیانه‌ی كه تووشی هاتووه كه وای كردووه نه‌توانێت ده‌رئه‌نجامه‌كانی بگشتێنرێت یاخود وای كردووه به وریاییه‌وه ده‌رئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات، بخاته ڕوو.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به به‌رهه‌ڵستی دووه‌مه‌وه هه‌بێت له‌باره‌ی ڕاڕای و به‌رزو نزمی به‌رده‌وامی په‌رچه‌كرداره‌كانی جه‌ماوه‌ر له باره‌ی كاره ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه، ئه‌وه خۆی له‌خۆییدا مانایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی هه‌یه، چونكه گۆڕانی چێژه‌كان، له كاتێكه‌وه بۆ كاتێكی تر –له شیكردنه‌وه‌ی كۆتاییاندا- ده‌كرێت بگه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه ئاشكراكان.
دووه‌م: لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی كاری ئه‌ده‌بیه‌وه:
ده‌شێت ئه‌و پرسیاره‌ی كه پێویست بێت ئێسته بوروژێنرێت ئه‌وه بێت كه چۆن ده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی كاره ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه بكرێت؟
ئه‌لبێر میمی پێشنیازی لێكۆڵینه‌وه له چوار لایه‌نی سه‌ره‌كی ده‌كات، ئه‌وانیش: لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر ژانره ئه‌ده‌بییه جیاوازه‌كان، لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی بابهتهكان (ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ده‌ق و كاره ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌یخه‌نه به‌رباس-و-)، لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی سروشتی كه‌سه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان(كاره‌كته‌ره‌كان)، له كۆتایشدا لێكۆڵینه‌وه له فۆرم و شێوازه ئه‌ده‌بییه‌كان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌م لایه‌نانه‌ی میمی پێشنیازی كردوون بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌یانه‌وه نزیك بۆته‌وه له‌وه‌ی كه هه‌موو لایه‌نانه بگرێته‌وه كه شایسته‌ی ئه‌وه‌ن لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه بكرێت، به‌ڵام ئێمه وای ده‌بینین كه میمی لایه‌نێكی دیكه‌ی زۆر گرنگی فه‌رامۆش كردووه، ئه‌ویش لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه له‌باره‌ی ئایدۆلۆژیا ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه -ئه‌گه‌ر دروست بێت وا ناوی ببه‌ین- كه له‌سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا هه‌ژموون په‌یدا ده‌كه‌ن و له‌سه‌رده‌مێكی تردا ئه‌و هه‌ژموون و باڵاده‌ستییه‌یان نامێنێت، وه‌ك ڕه‌وتی "ئه‌ده‌ب له‌پێناوی ئه‌ده‌بدا" و ڕه‌وتی "ئه‌ده‌ب له پێناوی ژیاندا". ئه‌م لێكۆڵینه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییانه پێویستن، چونكه هه‌ندێك جار ده‌روازه‌یه‌كی پێویستن بۆ چوونه ناوه‌وه‌ی كه‌شوهه‌وای گشتی یان فه‌زای گشتی له‌سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا، كه جێ ده‌ستی خۆی له سه‌ر زۆر له كاره ئه‌ده‌بییه تاكانهیهكان داده‌نێت كه له سایه‌یاندا دهئافرێنرن و به‌رهه‌م ده‌هێنرێن. گرنگی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه تیشك ده‌خاته سه‌ر هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه مێژووییه به‌یه‌كداچووه‌كان كه پاڵ به نووسه‌رێكه‌وه ده‌نێت له قۆناغێكدا ڕه‌وتی "ئه‌ده‌ب له‌پێناوی ئه‌ده‌بدا" وه‌ربگرێت، و پاشان ده‌ست به‌رداری ئه‌وه ده‌بێت و ده‌بێته هه‌ڵگری تێڕوانینه‌كانی ڕه‌وتی "ئه‌ده‌ب له پێناوی ژیاندا". فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی ڕووسی "بلیخانۆف" نموونه‌یه‌كی ناوازه‌ی ئه‌م شێوه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی پێشكه‌ش كردووین، كه لێره‌دا ده‌رفه‌تی خستنه ڕوویمان نییه[9].
ئێسته گفتوگۆی هه‌ر چوار ڕه‌هه‌نده‌كه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی كاره ئه‌ده‌بیه‌كانه‌وه ده‌كه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی میمی پێشنیازی كردووه، ئه‌وانیش ژانره ئه‌ده‌بیه‌كان، و بابهتهكان، و سروشتی كه‌سه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان (كاره‌كته‌ره‌كان)، و شێوازه ئه‌ده‌بییه‌كانه.
1-لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی ژانره ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه:
لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی ژانر و شێوه ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه له‌سه‌ر یه‌ك پرنسیپی تیۆری وه‌ستاوه كه ده‌ڵێت ناكرێت له‌مێژووی ژانر و شێوه ئه‌ده‌بییه‌كان تێبگه‌ین به‌و پێیه‌ی كه ته‌نیا به‌دوایه‌كدا هاتنێكی زه‌مه‌نی په‌تی بن. بۆیه پێویسته سروشتی ئه‌و په‌یوه‌ندییه بدۆزینه‌وه كه له نێوان چوارچێوه كۆمه‌ڵایه‌تیه جیاوازه‌كان و شێوه ئیستاتیكییه جیاوازه‌كاندا هه‌یه. پێشتریش گفتوگۆی لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئیستاتیكا "زانستی جوانیناسی"مان كرد كه هه‌ندێك جار پێی ده‌گوترێت "زانستی ئیستاتیكای كۆمه‌ڵایه‌تی"، كه ڕۆجیه باستید وای پێناسه كردووه كه "لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان شێوازه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و شێوازه ئیستاتیكییهكانه". هه‌روه‌ك "شاڕڵ لالۆ"ش ئاماژه‌ی داوه به سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب، ئه‌و به بیری هێناوه‌ته‌وه كه گوزاره‌ی: "هونه‌ر منم، به‌ڵام زانست ئێمه‌یه"، ڕاست نییه، چونكه هونه‌ریش هه‌ر ئێمه‌یه. به واتایه‌كی تر، هونه‌ریش هه‌وڵدانێكی هاوبه‌شی چه‌ند نه‌وه‌یه‌كه له داهێنه‌ران كه به‌دوای یه‌كدا دێن، و كارێگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه داده‌نێن، و كۆمه‌ڵگه‌ش كاریگه‌رییان له‌سه‌ر داده‌نێت، له‌هه‌ر خاڵێكی گۆڕانی مێژوویی‌دا ده‌بینین كه هونه‌رمه‌ندێكی داهێنه‌ر دێت و شۆڕشێكی جڤاكی هه‌ڵده‌گیرسێنێت، یاخود قوتابخانه‌یه‌كی نوێ چێ ده‌كات. به‌ڵام مێژوونوسی هۆشیار ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا تێ ناپه‌ڕێت و ده‌زانێت كه ئه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده یان ئه‌و ئه‌دیبه ده‌یهێنێت ته‌واو تازه و نوێ نییه، به‌ڵكو له‌زۆر باردا بریتییه له هه‌وڵێكی ئاوێته‌ی هه‌وڵگه‌لێكی به‌شه‌كی كه پێش ئه‌و دراون، كاره‌كه‌ی ئه‌ویش ناكرێت به كار و هه‌وڵێكی تاكانه‌ی په‌تی و ته‌واوه‌تی دابنرێت، چونكه كاری بلیمه‌تانه ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی هه‌یه كه له واده‌ی خۆییدا دێت و ئه‌و بۆشاییه پڕ ده‌كاته‌وه كه ڕۆح و گیانی گشتی هه‌ستی پێ ده‌كات و پێویستیه‌تی، هه‌ر ئه‌مه‌شه كه شێوازه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و شێوازه ئه‌ده‌بییه‌كان به‌یه‌كه‌وه په‌یوه‌ست ده‌كات و به یهكترییانهوه گرێ ده‌دات.
له‌سه‌ر ڕۆشنایی هه‌موو ئه‌مانه، پێویسته لێكۆڵینه‌وه له باره‌ی ڕه‌گه‌زه‌كان و ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان بكرێت، به‌مشێوه‌یه‌ش زۆر پرسیاری گرنگ هه‌ن كه ده‌بێت له‌مباره‌یه‌وه بیانخه‌ینه ڕوو. بۆ نموونه، ئایا ڕۆمان به ژانر و ڕه‌گه‌زێكی زیاتر بۆرژوازی داده‌نرێت؟ ئایا ڕاسته گه‌له‌كان له كاتی جه‌نگه‌كانیاندا و له ماوه‌ی ململانییهكانیاندا ده‌كرێت له ڕێگای شیعری شاعیرهكانیانهوه بیانناسینه‌وه و ڕوخسار و چییه‌تییان ئاشكرا بكه‌ین.
پاشان ده‌بێت ده‌ركه‌وتنی دیارده‌ی شانۆ و گه‌شه‌سه‌ندنی بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ چ ساتێكی مێژوویی دیاریكراو له مێژووی كۆمه‌ڵه مرۆییه‌كاندا؟ ئه‌م پرسیاره و زۆر پرسیاری دیكه‌ش ده‌كرێت بخرێنه ڕوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی سروشتی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه له نێوان شێوازه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و شێوه و ژانره ئه‌ده‌بییه‌كاندا هه‌یه.
بۆیه ده‌كرێت به په‌نابردن بۆ چه‌مكی "قوتابخانه ئه‌ده‌بییه‌كان" ڕێگای لێكۆڵه‌ر سانا تر ببێت. وه‌ك زانراوه كه هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك زیاتر ژانرێكی ئه‌ده‌بی به‌سه‌ر ژانره‌كانی تردا باڵاده‌ست ده‌كات. ئه‌و زانیاریانه‌ی كه قوتابخانه‌یه‌ك بڵاوی ده‌كاته‌وه هه‌مان ئه‌و شته‌مان بۆ دووپات ده‌كاته‌وه. پێشه‌كی كتێبه‌كان، و لێدوانی ئه‌ندامه جیاوازه‌كانی هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی به‌نرخن بۆ لێكۆڵه‌ران. په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ هه‌یه له نێوان قوتابخانه ئه‌ده‌بیه‌كان و ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان، و بونیاده كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كاندا، بۆ نموونه شتێكی ڕێكه‌وت نییه كه سوریالییه‌كان ڕۆمانیان سه‌ركۆنه ده‌كرد، و ڕۆمانیش له‌سه‌رده‌می بزافهكهی ئه‌واندا و پاش ئه‌وانیش مایه‌وه.
له نموونه گرنگه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ژانر ئه‌ده‌بییه‌كان، ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه كه لوسیان گۆڵدمانی گه‌وره لێكۆڵه‌ری فه‌ڕه‌نسی بواری كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب پێشكه‌شی كردووه له‌باره‌ی بزافی "ڕۆمانی نوێ" و په‌یوه‌ندییه‌كانی به واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. گۆڵدمان قۆناغه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری دیاریكرد، و سروشتی هه‌ر قۆناغێك له قۆناغهكانیشی شیكرده‌وه، پاشان هه‌ر قۆناغێكی به‌ست به شێوازێك له شێوازه‌كانی ڕۆمانه‌وه. گۆڵدمان جیاكاری ده‌كات له نێوان دوو قۆناغی سه‌رمایه‌دارییدا، قۆناغی سه‌رمایه‌داری ئیمپریالیستی كه له ده‌وروبه‌ری ساڵه‌كانی ١٩١٢ه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات بۆ ساڵی ١٩٤٥، پاشان قۆناغی سه‌رمایه‌داری سیسته‌ماتیكی هاوچه‌رخ، یه‌كه‌م به ونبوونی پله به پله و له‌سه‌رخۆی تاك وه‌ك واقعێكی بنه‌ڕه‌تی جیاده‌كرێته‌وه، له به‌رامبه‌ریشیدا شته‌كان و شمه‌كه‌كان سه‌ربه‌خۆییه‌كی خودی وه‌رده‌گرن، به‌ڵام قۆناغی دووه‌م به فراوانبوونی جیهانی شته‌كان و شمه‌كه‌كان و باڵاده‌ستی و ههژموونكردنییان به‌سه‌ر هه‌موو شته‌كانی تردا جیاده‌كرێته‌وه، له‌م قۆناغه‌دا پێگه‌ی مرۆڤ وه‌ك ئه‌وه‌ی تاكێكی گرنگ بێت لاواز ده‌بێت، ئه‌م جیهانه تازه‌یه ده‌بێته جیهانێكی خاوه‌ن بونیادێكی تایبه‌ت كه ڕێگه ده‌دات به ده‌ربڕینی جۆراوجۆری مرۆڤ گه‌رچی ئه‌و ده‌ربڕینه به سانایی و ئاسانی نابێت. به واتایه‌كی تر، به‌رهه‌مهێنانی فره‌ی بازاڕ كه به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره زیاد بووه، و هه‌مه‌جۆری شمه‌كه‌كان و شته‌كان كه كارگه سه‌رمایه‌دارییه‌كان به‌رهه‌می ده‌هێنن، و گۆڕانی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وامی شێوازه‌كان و مۆده‌كانی ئه‌م شمه‌كانه، و ئه‌فراندنی پێداویستی ساخته له لای به‌كاربه‌ران، و زیاده‌ڕۆیی له ڕیكلامه بازرگانییه‌كان، و بانگه‌شه‌كردن بۆ شمه‌كه نوێیه‌كان به هه‌موو ڕێگا به‌رده‌سته‌كان، سروشتی سه‌ره‌كی ئه‌م قۆناغه سه‌رمایه‌داریه‌ن. بازاڕی ئه‌مریكی به هه‌موو دیارده ئابوورییه بهربڵاوهكانییهوه، نموونه‌یه‌كه له‌وه‌ی كه گۆڵدمان ده‌یه‌وێت ئاماژه‌ی پێ بكات، بۆ باڵاده‌ستی و هه‌ژموونی جیهانی شمه‌ك و شته‌كان به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی تری ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا. چیتر ئۆتۆمبیل و به‌فرگر و ته‌له‌فزیۆن به‌س نین بۆ ئاماژه‌دان به ژیانی هاوچه‌رخ كه پێویسته مرۆڤ له سایه‌یدا بژی، به‌ڵكو بازاڕی سه‌رمایه‌داری ئیدی باڵاده‌سته به‌سه‌ر كاتی ده‌ست به‌تاڵیشدا، چۆن به‌سه‌ری ده‌به‌یت و له‌كۆێ به‌سه‌ری ده‌به‌یت، خه‌ڵكی ده‌بێت چی له‌به‌ر بكه‌ن كاتێك ده‌چن بۆ ڕاو، یانژی بۆ كه‌ناری ده‌ریاكان. به‌مشێوه‌یه شمه‌كه‌كان دوای مرۆڤه‌كان كه‌وتوون بۆ هه‌ركوێ بڕۆن، له ماڵ بن یان له كار، له كاتی كاردا بن، یاخود له كاتی ده‌ست به‌تاڵی و ڕابواردندا.
گۆڵدمان گریمانه‌یه‌ك ده‌خاته ڕوو بۆ په‌یوه‌ستكردنی سه‌رمایه‌داری -وه‌ك به كورتی ئاماژه‌مان بۆ كرد، به په‌ره‌سه‌ندنی شێوه‌ی ڕۆمانه‌وه. ئه‌م گریمانه‌یه‌ش له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ڕاوه‌ستاوه كه قۆناغی یه‌كه‌م له قۆناغه‌كانی سه‌رمایه‌داری هاوكاتی قۆناغێكی گرنگه له قۆناغه‌كانی په‌رسه‌ندن و گه‌شه‌كردنی شێوه و فۆرمی ڕۆماندا كه ده‌كرێت پێی بگوترێت قۆناغی لهبهریهكههڵوهشانهوهی كه‌سایه‌تی و كاره‌كته‌ره‌كان. ئه‌و شێوه‌یه‌ی كه كارگه‌لێكی ئه‌ده‌بی گرنگی به‌رهه‌مهێنا وه‌ك كاره‌كانی جویس و كافكا. هه‌روه‌ها ده‌قی وه‌ك "دڵتێكهه‌ڵاتن -هێڵنج"ی سارته‌ر و "نامۆ"ی كامۆ. به‌ڵام قۆناغی دووه‌م له په‌ره‌سه‌ندنی شێوازی ڕۆمان –كه هاوكات و هه‌ماهه‌نگی قۆناغی دووه‌می سه‌رمایه‌دارییه- باشترین نموونه‌ی ئه‌ده‌بی بۆ ئه‌م قۆناغه ڕۆمانه‌كانی ڕۆماننووسی فه‌ڕه‌نسی ڕۆب گرییه. له ڕۆمانه‌كانی گرییهدا به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت جیهانی شته‌كان وه‌ك جیهانێكی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن بونیادێكی تایبه‌ت ده‌رده‌كه‌ون، كه یاسای دیاریكراوی خۆیان هه‌یه، هه‌ر له‌و ڕێگایه‌شه‌وه ده‌كرێت واقیعی مرۆیی ده‌رببڕدرێت و گۆزارشتی لێ بكرێت. نامانه‌وێ زیاتر باس بكه‌ین له‌باره‌ی بهراوردهكارییه گرنگه‌كه‌ی نێوان كاره‌كانی ناتاڵی ساروت و ڕۆب گرییه كه گۆڵدمان ئاماژه‌ی بۆ كردووه، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه ئاماژه‌دانه به‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه له‌م بواره گرنگه‌ی لێكۆڵینه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بابه‌ته ئه‌ده‌بییه‌كاندا ئه‌نجام ده‌درێن، ئه‌ویش لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی ژانر و ڕه‌گه‌زه ئه‌ده‌بییه جیاوازه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنیان.
2-لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی بابه‌ته‌كانه‌وه:
لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی بابهتهكان ده‌كرێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه توندوتۆڵه‌ی له نێوان بابه‌ته دیاریكراوه‌كان و جڤاكه دیاریكراوه‌كاندا هه‌یه بیدۆزێته‌وه و ئاشكرای بكات. به‌ڵام ده‌بێت ئاماژه‌ش به‌وه بكه‌ین كه ئه‌م شێوه لێكۆڵینه‌وانه هێنده‌ش ئاسان نین، ئاسته‌نگی فره هه‌ن له به‌رده‌مییدا. ده‌شێت گرنگترین ئه‌و ئاسته‌نگیانه ئه‌و زاراوه و چه‌مكانه بن كه زۆر به‌كارده‌هێنرێن و وا ده‌رده‌كه‌ون كه ئاشكرا و ڕوون بن، به‌ڵام زۆر زه‌حمه‌ت و قورس و ئاڵۆزن بۆ دیاریكردنی كتومت و ورد له كاتی ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستییدا. بۆ نموونه زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یی، كه ئاماژه ده‌كات بۆ ژماره‌یه‌ك بابه‌تی هاوبه‌ش كه ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه و وڵاتێكی دیاریكراوی پێ جیا ده‌كرێته‌وه كه زۆر به ده‌گمه‌ن نه‌بێت له لای وڵات و نه‌ته‌وه‌كانی تردا نایبینینه‌وه، ئه‌م زاراوه‌یه‌ش پێویستی به دیاریكردن هه‌یه. ده‌شێت زیاد كردنی دوو ڕه‌گه‌زی گرنگ بۆ ئه‌و ڕه‌گه‌زانه یارمه‌تییمان بدات له دیاریكردنیاندا ئه‌وانیش: یه‌كێتی زمان، و یه‌كێتی ڕۆشنبیرییه.
لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی بابه‌ته‌كانه‌وه نابێت ته‌نها له سنووری ده‌رهێنان و ئاشكراكردنی ئاماژهكانییدا بوه‌ستێت. به‌ڵكو ده‌بێت به‌رفراوان بێت تا ئاستی به‌رفراوانی بابه‌ته‌كه و ڕه‌گه‌زی به‌رده‌وامی بوونیشی بگرێته‌وه، بابه‌تگه‌لێكی دیاریكراو هه‌ن كه په‌یوه‌ستن به ته‌نیا به‌شێك له گه‌لێكی دیاریكراوه‌وه، هه‌روابێته‌وه بابه‌تگه‌لێكی دیكه‌ش هه‌ن هاوبه‌شن بۆ ته‌واوی پێكهاته‌كانی ئه‌و گه‌له. به‌ڵام ئه‌م هاوبه‌شییه له ماوه و سه‌رده‌مێكی دیاریكراوی مێژووی ئه‌و گه‌له‌دا نه‌بێت ده‌رناكه‌ون.
بۆ نموونه له فه‌ڕه‌نسادا، ده‌كرێت باس له "ئه‌ده‌بی به‌رگری" بكه‌ین كه ئه‌دیبه‌كان له ماوه‌ی داگیركاری نازییه‌كان بۆ فه‌ڕه‌نسا به‌رهه‌میان هێنا. هه‌روه‌ك ده‌كرێت ئه‌ده‌بێكی تایبه‌تیش هه‌بێت له‌باره‌ی ئه‌و جه‌نگه‌وه كه فه‌ڕه‌نسا له جه‌زائیر به‌رپای كرد.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته كاتیانهدا –ئه‌گه‌ر دروست بێت وا بێژین- بابه‌تگه‌لێكی زیاتر به‌رده‌وام و جێگیر هه‌ن كه ده‌ربڕی خه‌سڵه‌ته ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی جڤاكه مرۆییه‌كانه كه ئه‌م بابه‌تانه له سایه‌ییدا چاره‌سه‌ر ده‌كات: ده‌كرێت بڵێین ئه‌م خه‌سڵه‌تانه جۆرێك له جێگری ڕێژه‌ییان هه‌یه ماتوڵ وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كن بۆ بابه‌ته ئه‌ده‌بییه‌كان.
به‌ڕای ئێمه لێكۆڵینه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بابهتهكان ده‌كرێت تێگه‌شتنێكی باشمان پێبده‌ن له باره‌ی لایه‌نه شاراوه‌كانی پرۆسه‌ی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕوشنبیری له كۆمه‌ڵگه‌كاندا. ئه‌وه‌نده به‌سه كه ئاماژه بده‌ین به ئاستی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه ده‌كرێت له لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی بابه‌ته به‌رفراوانه‌كانی ناو سێینه‌ی بهناڤودهنگی نه‌جیب مه‌حفوزه‌وه به‌ده‌ستی بهێنین، ئه‌گه‌ر به‌دیاریكراوی ئه‌م ڕۆمانانه به نموونه‌یه‌ك دابنێین بۆ ئه‌و كار‌و ده‌قه ئه‌ده‌بیانه‌ی كه ده‌كرێت له گۆشه‌نیگای جڤاكییه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه بكه‌ین، به‌ڵام له نێو ئه‌ده‌بی میسری هاوچه‌رخدا ده‌قی دیكه‌ش هه‌ن كه پڕ و تژین به ههڵوسێته مرۆییه‌كان و به په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه بهنێویهكداچووهكان، كه ده‌كرێت ئه‌وانیش له گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌به‌وه لێی بڕوانین.
پێشتر هه‌وڵێكمان داوه بۆ شیكردنه‌وه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژیانه‌ی ڕۆمانی "عه‌یب"ی چیرۆكنووسی میسری گه‌وره یوسف ئیدریس، هه‌روه‌ك بابه‌تی لادانمان له كۆمه‌ڵگای میسریدا هێناوه‌ته به‌رباس، كه له‌م ڕۆمانه‌دا خۆی له تاوانی به‌رتیلخۆری ڕێكخراودا ده‌بینێته‌وه كه كۆمه‌ڵێكی گه‌وره له فه‌رمانبه‌ران ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. هه‌وڵمانداوه پاڵنه‌ره‌كانی لادان و قۆناغه‌كانی ململانێی به‌هاكان كه كۆمه‌ڵگه‌ی میسری پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه ببه‌ستینه‌وه.
3-لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له سروشتی كه‌سه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان:
لێكۆڵینه‌وه‌ی سروشتی كه‌سه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان له گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ده‌كرێت زۆر لایه‌نی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراوی سه‌رده‌مێكی دیاریكراومان بۆ ئاشكرا بكات. هه‌ندێك كه‌سایه‌تی هه‌ن نزیك ده‌بنه‌وه له‌وه‌ی ببنه كه‌سایه‌تی تایبه‌ت به كۆمه‌ڵگه‌و جڤاكێكی دیاریكراو، وه‌ك بۆ نموونه كه‌سایه‌تی "فیگارۆ" له كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ڕه‌نسییدا، له‌كاتێكدا كه‌سایه‌تی دیكه‌ش هه‌ن كه سروشتێكی گشتگیریان هه‌یه، وه‌ك كه‌سایه‌تی "دۆن جوان" كه كه‌سایه‌تییه‌كی شێوه جیهانییه. به‌ڵام ئایا ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه كه كه‌سایه‌تی دۆن جوان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییانه ده‌ست نادات؟ بهڕههاییهوه نه‌خێر، به‌ڵكو ئه‌مه ته‌نیا مانای ئه‌وه‌یه كه ئه‌م جۆره كه‌سایه‌تییه له ئاستێكی به‌رفراونتردا بڵاوبۆته‌وه كه فراوانتره له ئاستی نه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ك ده‌كرێت "پاڵه‌وانه‌كانی نێوان بین" ببینین كه به‌ته‌واوه‌تی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو نین، هه‌روه‌ك جیهانیش نین، ئه‌مه‌ش له هه‌ندێك كه‌سایه‌تی ناسراودا به‌رجه‌سته ده‌بن، كه له جوگرافیایه‌ك یاخود ڕۆشنبیرییه‌كی به‌رفراوندا ده‌رده‌كه‌ون. وه‌ك كه‌سایه‌تی "جوحا" كه به نموونه‌یه‌كی گونجاو و ڕوونی ئه‌م جۆره له كه‌سایه‌تی داده‌نرێت.
له ڕاستییدا لێكۆڵینه‌وه له سروشتی كه‌سه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌كرێت له ڕه‌هه‌ندی جۆربه‌جۆره‌وه بخرێنه به‌رباس، ڕه‌خنه‌گره‌كان و مێژوونووسه ئه‌ده‌بییه‌كان گرنگی ده‌ده‌ن به لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی په‌رسه‌ندنی وێنه‌ی پاڵه‌وان له هونه‌ری چیرۆكدا، فاتیمه مو‌سا له لێكۆڵینه‌وه به‌نرخه‌كه‌یدا له‌باره‌ی "وێنه‌ی پاڵه‌وان له ڕۆمانی هاوچه‌رخی ئینگلیزییدا" پێی وایه كه لێكۆڵینه‌وه له‌م بابه‌ته ده‌چێته نێو كایه‌كانی ڕه‌خنه و مێژوویی ئه‌ده‌ب و مێژوویی كۆمه‌ڵایه‌تی، و هه‌روه‌ها "ڕۆمان له هه‌موو ژانره‌كانی تر زیاتر گرنگی ده‌دات به وێنه‌گرتن و نیشاندانی مرۆڤ له په‌یوه‌ندییدا به كۆمه‌ڵگه‌وه"، ڕۆمان له نیگای زۆر كه‌سدا داستانی ئه‌م سه‌رده‌مه نوێیه‌یه، هه‌ربۆیه وێناندنی كه‌سایه‌تییه‌كان ئاماژه‌ی زۆر به‌نرخن" و به‌دواداچونی په‌ره‌سه‌ندنی خه‌سڵه‌ته‌كانی پاڵه‌وان له ڕۆمانی ئینگلیزییدا هه‌ر له سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه تا ئه‌مڕۆ به وێنهدانهوهو پیشاندانی ڕاشكاوی ئه‌و په‌رسه‌ندن و گۆڕانكاریه به‌هایانه‌ی كه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئینگلیزییدا هاتووه داده‌نرێت كه به بێگومان له ئه‌نجامی پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه دیاریكراوه‌كاندا هاتوونه‌ته ئاراوه".
هه‌رچه‌نده كه لێكۆڵیینهوهی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌گه‌ر سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌م جۆره له به‌دواداچوونه‌كان، ئه‌وا له زۆرترین باردا پشت ده‌بستێت به ژماره‌یه‌ك بیركردنه‌وه‌ی گشتی له باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌دا، یانژی له‌باره‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی پله‌به‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا، و هه‌وڵدان بۆ پهیوهستكردنیان به په‌رسه‌ندنی كه‌سایه‌تییه ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه. به‌ڵام گریمانه له لێكۆڵینه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بدا ده‌بێت له كاتی داڕشتندا زۆر ورد‌و دیاریكراو بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت بواره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی دیاری كراوبن، ئه‌ویش به پشت به‌ستن به چوارچێوه‌یه‌كی تیۆری یه‌كانگیر، كه لێكۆڵه‌ر به باشی ئاراسته بكات له كاتی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و داتاكانییدا، و بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسێنێت تا بتوانێت له كۆتاییدا ئه‌م زانیارییانه له سه‌ر بنچیینهیهكی تیۆری دروست شیبكاته‌وه.
4-لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی شێوازهكانهوه:
پێویست به جه‌ختكردنه‌وه دڵنیایی ناكاته‌وه له‌باره‌ی تواناداری بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی شێوازهكانهوه، چونكه ده‌كرێت ستایڵه ئه‌ده‌بییه‌كان په‌یوه‌ست بكرێن به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه، یاخود به قۆناغێكی دیاریكراوی قۆناغه مێژوویهكانهوه، هه‌روه‌ك ئه‌م جۆره لێكۆڵینه‌وانه ئاماژه‌گه‌لێكی به‌نرخ ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه.
سێیه‌م: لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه:
ئێسته، دوای ئاماژه‌دانێكی خێرا به لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی نووسه‌ر و كاری ئه‌ده‌بی، پێویسته ئاماژه‌یه‌كی خێراش بده‌ین به لایه‌نه هه‌مه‌جۆره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه.
ئه‌لبێر میمی پێی وایه كه سێ تێبینی گرنگ هه‌ن له‌باره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه، ده‌بێت له‌به‌رچاو بگیردرێن، ئه‌وانیش:
(ئـ) پێشوازی خوێنه‌ران له كارێكی ئه‌ده‌بی پێوه‌رێكی خێرای به‌رجه‌سته‌مان ده‌خه‌نه به‌رده‌ست له‌باره‌ی گرنگی ئه‌و كاره ئه‌ده‌بیه‌وه، پاشان ئه‌م مه‌حه‌ك و پێوه‌ره -له‌یه‌كه‌م نیگادا- وه‌ك پێوه‌رێكی بابه‌تی دێته به‌رچاو.
(ب) په‌یوه‌ندی نێوان كاری ئه‌ده‌بی و جه‌ماوه‌ر به په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر گرنگ داده‌نرێت. چونكه چه‌مك و وێنه‌ی جه‌ماوه‌ر كه ئه‌دیب ده‌یه‌وێت گوتاره‌كه‌ی ئاراسته بكات، به بێگومان به‌شداری كاره ئه‌ده‌بییه‌كه ده‌بێت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروستبوونی داده‌نێت.
(ج) په‌یوه‌ندی ناسه‌قامگیر یانژی جێگیریی كار و ده‌قی ئه‌ده‌بی به خوێنه‌ره زۆر و جیاوازه‌كانیه‌وه چاره‌نووسی ئه‌و كار ئه‌ده‌بیانه به ڕێگا و شێوه‌یه‌كی بابه‌تی دیاری ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌شه كه سنووری پێگه‌و شوێنه‌كه‌ی له ناو مێژوودا دیاری ده‌كات.
ئه‌م تێبینیانه ئه‌وه دووپاتده‌كه‌نه‌وه كه پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كردن له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه پێویسته لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی نووسه‌ره‌وه لێكۆڵینه‌وه له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان و جه‌ماوه‌ر له‌به‌رچاو بگرێت. هه‌روه‌ك ئه‌مه بۆ لێكۆڵینه‌وه له هه‌ریه‌كه له‌و سێ لایه‌نه‌ی دیكه‌ش ڕاسته، واته له كار و ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌كان و جه‌ماوه‌ر.
1-جه‌ماوه‌ر و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك (جه‌ماوه‌ره‌كان):
هه‌ندێك له لێكۆڵه‌ران وای ده‌بینن كه پێویسته لێره‌دا قسه له‌باره‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك (جه‌ماوه‌ره‌كان) بكه‌ین، چونكه پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به به‌رده‌وامی جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تییان هه‌یه له گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به‌ڵكو تا ئه‌و ئاسته‌ی وا ڕاستره كه قسه له‌باره‌ی جه‌ماوه‌رێكی فره و جۆراوجۆر بكه‌ین، نه‌ك ته‌نیا له یه‌ك جه‌ماوه‌ر.
لۆفیڤه‌ر فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی له لێكۆڵینهوهكهییدا له باره‌ی "ئه‌لفرێد دی مۆسییه"ی شاعیر ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه جه‌ماوه‌ره‌كانی ئه‌م شاعیره بریتی بوون له سێ گروپی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو و له‌یه‌ك جودا: ڕوناكبیره‌كان، و ژنانن و گه‌نجان، موسییهش له به‌رهه‌مه‌كانیدا هه‌وڵیداوه به‌رژه‌وه‌ندی و چاوه‌ڕوانییه‌كانی ئه‌وان قایل بكات و له‌به‌رچاوی بگرێت.
له ڕاستییدا ده‌گمه‌نه ئه‌گه‌ر بێتوو بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی له‌یه‌ككاتدا به‌هایه‌كی یه‌كسانی هه‌بێت بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، كاری ئه‌ده‌بی وا باوه كه ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌رێك ده‌كرێت كه جێگرییهكی ڕێژه‌یی هه‌یه، ده‌شێت ته‌نها به‌ركه‌وته‌یه‌كی زۆر به‌شه‌كی و بچوكی هه‌بێت له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ره‌كانی تردا. په‌یوه‌ندی كاری ئه‌ده‌بی به جه‌ماوه‌ره‌وه له وڵاتێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر، و له سه‌رده‌مێكه‌وه بۆ سه‌رده‌مێكی تر ده‌گۆڕێت، هه‌تا له یه‌ك وڵاتیشدا ئاراسته‌كانی جه‌ماوه‌ر له‌باره‌ی كاری ئه‌ده‌بییه‌وه به هۆكارگه‌لێكی جیاوازه‌وه زوو زوو گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت.
لێكۆڵینه‌وه‌كان له هه‌ندێك وڵاتی وه‌ك فه‌ڕه‌نسادا ئه‌نجام ده‌درێن، كه تێیاندا هه‌وڵ ده‌درێت خه‌سه‌ڵه‌ته‌كانی جه‌ماوه‌ره هه‌مه‌جۆره‌كان دیاری بكرێن. له نموونه‌ی ڕاشكاوی ئه‌و جۆره لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وانه ئه‌وه‌یه كه "دوومازدییه" ئه‌نجامی داوه له‌باره‌ی "ئاراسته‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی خوێندنه‌وه‌ی كتێب له ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌كاندا، و به‌تایبه‌ت له ژینگه میللیه‌كاندا".
2-په‌یوه‌ندی:
كێشه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان نووسه‌ر و جه‌ماوه‌ر به كێشه‌یه‌كی گرنگ داده‌نرێت بۆ هه‌موو ئه‌و پسپۆڕییانه‌ی كه گرنگی ده‌ده‌ن به لێكۆڵینه‌وه‌ی دیارده ئه‌ده‌بییه‌كان. پرسیاری هه‌مه‌جۆریش له‌مباره‌یه‌وه ده‌خرێنه ڕوو، له گڕنگترینیان: بۆچی و چۆن ئه‌م كتێبه یانژی ئه‌م كاره ئه‌ده‌بییه توانییویه‌تی ئه‌م هه‌واداره زۆره له‌ناو جه‌ماوه‌ردا به‌ده‌ست بهێنێت؟ هه‌روه‌ها بۆچی كتێبێكی تر یاخود كارێكی ئه‌ده‌بی تر له‌مه‌دا سه‌رناكه‌وێت؟
ده‌شێت وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره خۆی له‌و یه‌كانگیری و هاوشێوه‌یه‌دا ببینێته‌وه كه له نێوان بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كان و كۆمه‌ڵاییه‌تییه‌كان و سۆزداریه‌كان و به‌هاكان و نموونه‌كاندا كه كاره ئه‌ده‌بییه‌كه وێنای ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ها و نموونه زۆر به‌هێز بهرجهستهبووانهی لای جه‌ماوه‌ری وه‌رگر (جه‌ماوه‌ری به‌رده‌نگ) هه‌ن. شتێكی زۆر به‌نرخ ده‌بێت به‌دواداچوون بكه‌ین بۆ جه‌ماوه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌رێكی گه‌نج كه كاره‌كانی ڕه‌واجێكی زۆریان هه‌یه. ده‌شێت ئه‌وه ببینین كه هاوته‌مه‌نی و هاوبه‌شییه‌ك له جۆری گرنگی پێدانهكان له نێوان نووسه‌ره گه‌نجه‌كه و خوێنهرهكانییدا هه‌بێت. پێشتریش لێكۆڵینه‌وه كراوه، كه ده‌ریخستوه په‌یوه‌ندی هه‌یه له نێوان ته‌مه‌نه جیاوازه‌كان و جۆرێكی دیاریكراوی چاپكراوه‌كان (كاره ئه‌ده‌بیه‌كان).
3-سه‌ركه‌وتن:
كاتێك په‌یوه‌ندی له نێوان نووسه‌ر و جه‌ماوه‌ر یانژی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك (جه‌ماوه‌ره‌كان)دا ده‌به‌سترێت، قسه دێته سه‌ر ئاستی سه‌ركه‌وتنی نووسه‌ر. به‌ڵام له‌ڕاستییدا چه‌مكی سه‌ركه‌وتن به وردی دیاری نه‌كراوه. چونكه زۆر جار له گه‌ڵ "مۆده‌ی باودا" تێكه‌ڵ ده‌بێت، یان له گه‌ڵ شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی "تازه‌گه‌ریی"دا.
ئیسكارپیت وای ده‌بینێت كه چوار ئاست بۆ سه‌ركه‌وتن هه‌یه، ئه‌وانیش: سه‌رنه‌كه‌وتن، كه ئه‌و باره‌یه كه بڵاوكار یان فرۆشیار له‌وه‌دا سه‌رناكه‌وێت كه بڕی پێویستی كۆپی كتێبه‌كه بفرۆشێت، هه‌روه‌ها نیوه سه‌ركه‌وتن، ئه‌ویش ئه‌وكاته‌یه كه فرۆشی كتێبه‌كه هاوڕادهی تێچوونی چاپكردن و بلاوكردنهوهیهتی، هه‌روابێته‌وه سه‌ركه‌وتنی ئاسایی، ئه‌مه‌ش ئه‌وكاته‌یه كه ڕاده و ڕێژه‌ی فرۆشتن له ئاستی چاوه‌ڕوانی بڵاوكاردایه، له كۆتایشدا ئاستی باشترین فرۆش (best seller) هه‌یه كه ده‌شێت بتوانین پێی بێژین "كتێبی وه‌رز"، مه‌به‌ستمان له‌وه‌ش ئه‌و كتێبه‌یه كه كۆپیی و تیراژێكی زۆر به‌رفره‌ی لێ فرۆشراوه كه هه‌موو پێشبینیه‌كانی تێپه‌ڕاندووه.
به‌ڵام سه‌ركه‌وتن له گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بدا كۆمه‌ڵێك پرسیار ده‌وروژێنێت، له پێشدا پێویسته كارێگهرییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌ر جه‌ماوه‌ری خوێنه‌ر بناسێنین، ئایا كاتی ئاشتی یان كاتی شه‌ڕ، هه‌روه‌ها ئایا كاتی خۆشگوزه‌رانی یان كاتی نه‌بوونی و قاتوقڕی، ده‌كرێت ئه‌م بارودۆخانه –به ئاستێكی مه‌زن یان بچووك- كاریگه‌ری دابنێن له سه‌ر پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بی؟ ئه‌و شێوازه ئه‌ده‌بیانه كامانه‌ن كه له هه‌ریه‌كه له‌م كاتانه بڵاوده‌بنه‌وه؟ ئه‌ی چی هه‌یه له‌باره‌ی ململانێی نێوان گۆڤاره‌كان و كتێبه‌كان له‌م كاته جیاوازانه‌دا؟ پێویسته له خۆمان بپرسین ئایا چی ده‌زانین –له ئاستی چه‌ندێتی و چۆنیهتییدا- له‌باره‌ی كۆی گشتی ئه‌ده‌بی به‌رهه‌مهێنرا و به‌كاربراوی ئامرازه‌كانی تری ڕاگه‌یاندنی وه‌ك ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن؟
لایه‌نی زۆر گرنگی دیكه‌ش هه‌ن كه په‌یوه‌ستن به گۆڕانكاری ته‌كنه‌لۆژی و كاریگه‌رییه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی. ئه‌م گۆڕانكارییانه په‌یوه‌ندیدارن به‌و هۆكارانه‌وه كه كاریگه‌ری داده‌نێن له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی كاره ئه‌ده‌بییه‌كان. چونكه سه‌ركه‌وتنی چاپخانه‌كان له زۆر له وڵاته‌كاندا له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه بتوانێت تێچوونی چاپ كه‌م بكاته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه هه‌ندێك له كتێبه‌كانی به نرخی هه‌رزان بفرۆشێت، ئه‌م لایه‌نه‌ش بێگومان په‌یوه‌ندی بته‌وی هه‌یه به سه‌ركه‌وتنی هه‌ندێك له نووسه‌ره‌كانه‌وه، و بڵاوبوونه‌وه‌ی ناو و ناوبانگیان له‌ناو جه‌ماوه‌ردا.
نموونه‌یه‌كی ئاشكرای ئه‌م دۆخه له‌ناو ئه‌ده‌بی میسرییدا هه‌یه كه په‌یوه‌ندیداره به ئه‌دیبی گه‌وره‌ی میسری نه‌جیب مهخفوزهوه. ئه‌و ڕۆمانه‌كانی له زنجیره‌ی "كتیبی ئاڵتونی"دا به‌چاپ گه‌یاند كه زنجیره‌یه‌كی میللی بوو كتێبه‌كانی به نرخێكی هه‌رزان ده‌فرۆشت، به كه‌متر له ١٠ قرش، ئه‌مه‌ش بوو به سه‌رتای سه‌ركه‌وتنی نه‌جیب مه‌حفوز له سه‌رئاستی جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوان، گه‌رچی ئه‌مه ئه‌وه ڕه‌ت ناكاته‌وه كه ئه‌و نووسه‌ره پێشتریش له لای ژماره‌یه‌ك له ڕه‌خنه‌گران و جه‌ماوه‌رێكی كه‌م و دیاریكراوی خوێنه‌ران ناسراو بوو.
هه‌ندێك له ڕه‌خنه‌گره‌كان نموونه‌یه‌كی گرنگ ده‌هێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاماژه بده‌ن به‌و هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه كاریگه‌ری داده‌نێن له‌سه‌ر كاره ئه‌ده‌بییه‌كان، ئه‌ویش په‌یوه‌ندیداره به پێشوازی جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوانی ئه‌ڵمانی له كۆپییه وهڕگێڕدراوهكانی ڕۆمانه‌كانی دۆستۆیفسكی. له لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌وه ئه‌وه به‌دیاركه‌وت –له‌به‌ر ڕۆشنایی وتاره‌كانی ناو ڕۆژنامه‌كان و گۆڤاره‌كاندا- شێوازی ده‌روونی دیاریكراو هه‌ن كه چینی ناوه‌ڕاستی ئه‌ڵمانی پێ جیا ده‌كرێته‌وه، وای كردبوو ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و چینه خۆشی و ئارامییه‌كی زۆر به‌ده‌ست بهێنن له خوێندنه‌وه‌ی كاره‌كانی دۆستۆیڤسكیدا. شیكردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چینی ناوه‌ڕاستی ئه‌ڵمانی له هاتوچۆدا بوو له نێوان هه‌وڵه‌كانی وه‌رگرتن و په‌سه‌ندكردنی كۆمه‌ڵێك له به‌ها دوژمنكارانه و ئیمپریالییهكاندا كه هه‌ژموونی هه‌بوو به‌سه‌ر جڤاكه باڵاده‌سته‌كانی سه‌رده‌می پێش جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا، له‌گه‌ڵ هه‌وڵدان بۆ وه‌رگرتنی به‌ها داڕوخاو و نهرێنیهكاندا، ئه‌مه‌ش وای لێ كردن –سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و نه‌ریته فه‌لسه‌فییه ئایدیاڵه- ده‌روونی خۆیان بده‌ن به‌ده‌ست ئاراسته‌كانی په‌رچه‌كرداری سادی- ماسۆشی، ئه‌مه‌ش په‌ناگه‌ی خۆی له هه‌ڵچوونی تاكبوونهوه (دابڕان و گه‌ڕانه‌وه بۆ خود-و-) له‌گه‌ڵ خۆئهشكهنجهدانی باوی ناو ڕۆمانه‌كانی دۆستۆیڤسكییدا دۆزییه‌وه.
له ڕاستییدا گه‌ڕان به‌دووی بابه‌تی "سه‌ركه‌وتن" له گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌به‌وه كۆمه‌ڵێك پرسیاری گرنگ له‌باره‌ی پێوه‌ره‌كانی سه‌ركه‌وتنی نووسه‌ر ده‌وروژێنن، ئایا بۆ ئاماژه‌دان به سه‌ركه‌وتنی نووسه‌رێك ئه‌وه‌نده به‌سه كه فرۆشی زۆر بێت، یانژی خوێنه‌ره‌كانی له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رفراوان بن، یاخود پێكهاته و جۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خوێنه‌ره‌كانی جیاواز بێت.
ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیانه له‌باره‌ی سه‌ركه‌وتنه‌وه هه‌موو هۆكاره جیاوازه‌كان كه ڕۆڵیان تێیدا هه‌یه بخاته به‌ر باس، و هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به سروشتی ژینگه ئه‌ده‌بییه باوه‌كه و جۆری په‌یوه‌ندییه ئاڵوگۆڕكراوه‌كانی ناوی و كاریگه‌ریه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌كانیش لێكبدرێنه‌وه.
٭٭٭
له‌م به‌شه‌دا گرنگترین ئه‌و خاڵانه‌مان خسته ڕوو كه په‌یوه‌ندیدارن به كاری ئه‌ده‌بی و جه‌ماوه‌ره‌وه. پێشتریش خوێندنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه په‌یوه‌ندیداره‌كانمان به نووسه‌ره‌وه هێنایه به‌رباس، به‌مشێوه‌یه‌ش خستنه ڕووه خێراكهمان له‌باره‌ی گرفته پراكتیكییه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بی ته‌واو بوو. له سه‌ره‌تاوه له‌و به‌شه‌وه كه تایبهتمانكرد بۆ كێشه میتۆدی و پراكتیكییه‌كانی كۆمه‌ڵناسی هه‌وڵماندا كه چوارچێوه‌یه‌كی گشتی بۆ گرفت و كێشه تیۆری و پراكتییهكیهكانی ئه‌م زانسته دابڕ‌ێژین. پێویست ناكات ئاماژه بكه‌ین به‌وه‌ی كه ئه‌م خستنه‌ڕووه خێرایه ناتوانێت هه‌موو ئه‌و مشتومڕانه له‌خۆییدا جێ بكاته‌وه كه گرنگییه‌كی زۆریان هه‌یه، هه‌روه‌ك ناتوانین نموونه بهێنینه‌وه و شییان بكه‌ینه‌وه.
له‌ڕاستییدا كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب له‌و زانسته نوێیانه‌یه كه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاسۆ جیاوازه‌كانی، و ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه جۆراوجۆر له سه‌رجه‌م بواره به‌شه‌كی و جیاوازه‌كانیدا، پێویستی به هه‌وڵی گروپێكی فری لێكۆڵه‌رانه. زیاده‌ڕۆیی ناكه‌ین ئه‌گه‌ر بڵێین كه ئه‌گه‌ر ئه‌م لێكۆڵینه‌وانه زۆر بوون، و ئه‌نجام بدرێن له‌باره‌ی ئێستا‌و ڕابردووی ئه‌ده‌بی میسرییه‌وه، یارمه‌تی گه‌شه‌كردنی چه‌مكه‌كان و پراكتیككردنی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی میسری ده‌ده‌ن. هه‌رئه‌وه‌نده به‌س نییه كه بكارین تیۆره ڕه‌خنه‌ییه جیهانییه‌كان بخوێنینه‌وه بێین له سه‌ر به‌رهه‌می ئه‌دیبانی میسر پراكتیكیان بكه‌ین. ئه‌ده‌بی میسری، ئه‌گه‌ر له گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵناسیی و وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌ماشامان كرد، به‌م ته‌ماشاكردنه‌ش له‌گه‌ڵ دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تردا پێكداده‌چن و په‌یوه‌ندیدار ده‌بن. زۆر گرنگه بتوانین كه په‌یوه‌ندییه ئاڵۆزه‌كان كه له نێوان ئه‌ده‌بی میسری و سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی میسرییدا هه‌یه بدۆزینه‌وه و دیاری‌یان بكه‌ین.
زۆر دیارده‌ی ئه‌ده‌بی له میسردا هه‌یه پێویستی به‌وه‌یه ڕووناكی بخرێته سه‌ر، هه‌وڵه‌كانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به ته‌نیا له‌تواناییدا نییه بنه‌ماكانی تێگه‌شتن له‌باره‌ی ئه‌و دیارده ئه‌ده‌بیانه‌وه فه‌راهه‌م بكات.
ئێمه پێویستمان به گرنگی پێدانێكی تیۆری هه‌یه به كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب، ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی تریشه‌وه، پێویستمان به ئه‌نجامدانی زنجیریهكی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوی لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانییه، له‌و بواره بنچینهیانهدا كه پێشتر خستمانه ڕوو، ئه‌وانیش: لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیانه له‌باره‌ی نووسه‌ر، و كاری ئه‌ده‌بی، و جه‌ماوه‌ره‌وه.
------------------------------------------------------------
[1] ئه‌لسه‌ید یاسین (١٩٣٣-٢٠١٧) له شاری ئه‌سكه‌نده‌رییه له دایك بووه، ماسته‌ری له قاهیره به‌ده‌ستهێناوه، پاشان ڕووی كردۆته فه‌ڕه‌نسا و له زانكۆكانی دیگۆن و پاریس له ساڵه‌كانی ١٩٦٤ بۆ ١٩٦٦ درێژه‌ی به خوێندن داوه، له‌و ماوه‌یه‌دا گرنگی به كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب و دواتر كۆمه‌ڵناسیی سیاسی داوه، كۆمه‌ڵێك كتیبی نوسییوه له‌وانه: الشخصية العربية بين مفهوم الذات و صورة الآخر 1973، تحليل مفهوم الفكر القومي1987، الشعب علي منصة التاريخ 2013، صعود و سقوط حركات الاسلام السياسي، هه‌روه‌ها ئه‌م كتێبه‌ی كه وتارهكانیمان لێ وه‌رگێڕاوه: التحلیل الاجتماعی للادب.
[2] له به‌شه‌كانی پێشووی ئه‌م زنجیره وتاره‌ی كتێبه‌كه‌ی نووسه‌ر به‌ناوی (شیكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ئه‌ده‌ب) ئاوڕ له چه‌ند پرسێك دراوه‌ته‌وه، یه‌كه‌میان پرسی جیاوازی نێوان ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌تایبه‌ت ڕه‌وتی نوێی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فه‌ڕه‌نسی و كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌به، دووه‌میان له باره‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌وه و خوێندنه‌وه فه‌لسه‌فیی و ده‌روونییه‌كان بۆ ده‌ق و كاره ئه‌ده‌بییه‌كان (و).
[3] ئه‌لبێر میمی "ALBERT MEMMI" (١٩٢٠-٢٠٢٠) كۆمه‌ڵناس و نووسه‌رێكی تونسی فه‌ڕه‌نسییه.
[4] ڕوبێر ئیسكارپیت "ROBERT ESCARPIT" (١٩١٨-٢٠٢٠) كۆمه‌ڵناس و نووسه‌رێكی فه‌ڕه‌نسییه.
[5] ئیریك ئهورباخ "Erich Auerbach" (١٨٩٢-١٩٥٧)، نووسه‌ر و زمانه‌وان و ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بیی ئه‌ڵمانییه.
[6] هیپۆلت تێن پێی وایه كه ده‌كرێت له ڕێگای سێیینه (سیانه‌ی)ی ڕه‌گه‌ز و ژینگه و كاته‌وه شیكردنه‌وه‌ی بۆ كاره ئه‌ده‌بییه‌كان بكه‌ین، مه‌به‌ستی له ڕه‌گه‌ز ئه‌و كۆمه‌ڵه ئاماده‌باشییه ڕهمهكیهیه (فتریی) كه له گه‌له‌كه‌یه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ تاكه‌كه، و تایبه‌تمه‌ندیی پێ ده‌به‌خشێت، به‌ڵام ژینگه ئه‌و ناوه‌نده جوگرافی و شوێنیهیه كه تاكه‌كانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك تێیدا ده‌ژیین و پراكتیكی ژیانی هاوبه‌ش ده‌كه‌ن له نه‌ریت و ڕه‌وشته‌كان و ڕۆحی جڤاك، ئه‌م ژینگه‌یه كاریگه‌ری له سه‌ر ئه‌ده‌ب و ئه‌دیب داده‌نێت، هه‌روه‌ها سه‌رده‌م یان ساتی مێژوویی ئه‌و ڕووداوه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕۆشنبیری و ئایینیانه ده‌گرێته‌وه كه ئه‌دیب له سایهید ده‌ژی و به‌رهه‌مه‌كانی ده‌نوسێت، لای تێن ئه‌ده‌ب په‌یوه‌سته به‌و سێ هۆكاره‌وه و ناكرێت له هیچ ده‌قێكی ئه‌ده‌بی تێ بگه‌ین به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و سێینه‌یه و ئه‌و سێ یاسایه‌ش سێ یاسای حه‌تمیین وه‌ك یاسا سروشتییه‌كان، (وه‌رگێڕ).
[7] جێگایی ئاماژه پێدانه كه لۆكاش زۆر له‌و بۆچوونانه‌ی كه ماوه‌یه‌كی زۆر لهوهوهپێش له باره‌ی زانستی جوانیناسییه‌وه داڕشتبوو له كتێبی "تیۆری ڕۆماندا" پێیداچوویهوهو ده‌ستكاری كرد. دواتریش لۆكاش تیۆرێكی گشتگیری له باره‌ی ئیستاتیكای ماركسییه‌وه داڕشت، هه‌روه‌ك خۆی ده‌یگوت- ئه‌م كاره‌ی پراكتیككردنێكی كتومتی ماركسیانه بوو له بواری زانستی جوانیناسییدا. ئه‌م كتێبه‌شی له ساڵی ١٩٦٥ له بۆدابست بڵاوبوویه‌وه.
[8] له به‌رامبه‌ر چه‌مكی case study ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دپور له كتێبی میتۆدناسی (سه‌رتایه‌ك له سه‌ر میتۆده‌كانی لێكۆڵینه‌وه له زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا) به‌م دوو شێوه‌یه كردوویه‌تی به كوردی و هه‌ردوكیانی بۆ هه‌مان میتۆد داناوه: لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌یسی، لێكۆڵینه‌وه‌ی نموونه‌ی تایبه‌ت.
[9] بلیخانوف له كتێبه ناسراوه‌كه‌یدا كه به‌ناوی "هونه‌ر و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی"یه‌وه‌یه، شیكردنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی قۆڵی بۆ گرنگترین ئه‌و بارودۆخه كۆمه‌ڵایه‌تییانه نووسییوه كه ده‌وری سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوببونه‌وه‌ی ڕه‌وتی "هونه‌ر بۆ هونه‌ر" و "هونه‌ر بۆ ژیان"ی داوه، ئه‌و له پێناو ده‌رخستنی ڕاست و دروستی شیكردنه‌وه‌كانی خۆی، ئه‌ده‌بی فه‌ڕه‌نسی سه‌ده‌ی نۆزده‌ی شرۆڤه كردوه.
تێبینی: ئه‌م وه‌رگێڕانه له ژماره (١ و ٢)ی ساڵی ٢٠٢١ی گۆڤاری "ژنه‌فتن"دا بڵاوبۆته‌وه.
وتاری وه‌رگێڕدراو له كۆمه‌ڵناسیدا:
گفتوگۆكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌نجامه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌خلاق و ئایین، قه‌باری محه‌مه‌د ئیسماعیل

Comments
Post a Comment
سوپاس بۆ سه‌رنجه‌كه‌ت و بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی بابه‌ته‌كه.......