مەیلی تایبەتی و مەیلی گشتی "سەرنجێکی سۆسیۆسایکۆلۆژی لە سەر سیستەمی دیکتاتۆری و دیموکراتی"

تابلۆی "ئێسکەپەیکەرەکان بەسەر پیاوێکی هەڵواسراو شەڕ دەکەن"ی جه‌یمس ئینسۆر

 

مەیلی تایبەتی و مەیلی گشتی

"سەرنجێکی سۆسیۆسایکۆلۆژی لە سەر سیستەمی دیکتاتۆری ودیموکراتی"

ئاکۆ قادر


مرۆڤ وەک بوونە بایەلۆژیە ھەمیشەیەکەی مەیلی تایبەتی ھەیە، خودێتی، خۆگەرێتی، خۆپەرستی، تەماشاکردنی خۆی وەک چەق، بنچینەو پرنسیپەکەیەتی، ژیانی سەرجەم بوونەوەران لەمەدا یەک دەگرێتەوە، ھەندێک حاڵەتی ئەوارتەی لێ دەربکەییت وەک: خزمەتی دایک بە بێچوەکانی کە ئەمەش ھەر غەریزە ڕێکی خستوە، ھەر لە بەر ئەمەشە چاوەڕوانی ژیانێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لە گیانەواران ناکرێت، بەڵام مرۆڤ دوای کاتێکی زۆر لە سەر زەوی ھەنگاوھەنگاو توانی شتێک بازبدات بەسەر ئەم مەیلە غەریزیەیدا، ماوەیەکی کەمە ئەم بازدانەی وەک ھێزێکی کۆمەڵایەتی دەرکەوتوە، تەنھا ٥٠٠٠ سالێکە لە ملیۆنێک ساڵ تەمەنی خۆی لە سەر زەوی، بەڵام ئەم بازدانەی بازدان وھەنگاوێکی یەکجارەکی و بێگەڕانەوە نەبووە و ناشتوانێت، بازدان وھەنگاوی یەکجارەکی و بێگەڕانەوە مەحاڵ و پڕ مەترسییە، بە تایبەت ئەگەر سیستەمێکی سیاسی بیەوێت تەبەنی ئەمە بکات، دواتر لەمە دەدویین.


مرۆڤ له‌نێوان غه‌ریزه‌ و شارشتانیه‌تدا:

 مرۆڤ ھەمیشە لە نێوان غەریزەو سەرو غەریزەدا لە ھاتووچۆدایە، مرۆڤ لە نێوان مەیلی بۆ تەماشاکردنی خۆی وەک بنچینەو چەقی گەردوون و دەوروبەرەکەی لە گەڵ تەماشاکردنی خۆی وەک بەشێک لەناو گشتدا ھاتوچۆیەتی، مرۆڤ توانی شارستانیەت بونیاد بنێت دوای ئەوەی توانی بەشێک لەو مەیلە غەریزیەی خۆی کەبت و سەرکوت بکات و مەیلی گشتی بخاتە جێگای، "فرۆید" لە ھەموو کەس زیاتر لەمە دواوە، بەڵام ھەرگیز مرۆڤ بە تەواوەتی دانەبراوە لە ڕەگەزە غەریزیەکەی، لەو ھێڵەی دەیبەستێت بە ژیانی سروشتییەوە، پێش ئەوەی لەمە زیاتر لەمە بدویێن دەبێت قسە لەو دوو مەیلە و جیاوازیەکانیان بکەیین:


مەیلی تایبەتی یاخود ڕەھەندە غەریزیەکەی مرۆڤ واتایی چی یە؟

مرۆڤ وەک ھەر زیندەوەرێکی تر کۆمەلێک پێداویستی تایبەتی وغەریزی ھەیە کە ناسراون، وەک خواردن و خواردنەوە، و وەچە خستنەوە، پێگە.... ھتد، لەم پێناوەشدا غەریزەی ھانی دەدات ئەم مەیل و ئارەزوانەی دابینبکات، لە ژیانی سروشتیدا دابینکردنی ئەمانە بە یاسا ڕێکنەخراون، عەقل حاکم و یەکلاکەرەوەیان نییە، دادپەروەری و ئینساف بوونی نییە، لە چاوی خودی سروشتیدا ئەویتر بوونی نییە، کە ئەوی تر بوونی نەبوو واتە سنور نییە و ھێزو زاڵبوون و دەستبەسەرداگرتن باڵادەست و باوە، ھەر ئەمەشە پرنسیپی دابینکردنی ئارەزوەکان.

 بۆیە ژیانی سروشتی چاوەروانی ژیانی ئەخلاقی لێ ناکرێت، باڵام نابێت لەمەدا توندڕەو بیین و وابزانیین دەتوانیین مرۆڤ بە تەواوەتی لە بوونە بایەلۆژیکەی دابڕیین، ناتوانیین و وەھمی توانینی ئەم دابڕانە ماوەیەکی زۆری مێژووی فەیلەسوفە عەقڵانیەکان بەتایبەت مێتافیزکییەکانی داگیرکردبوو، بەڵام دواتر لە رێگای فەیلەسوفەکانی سەردەمی رێنسانس و ڕۆشنگەرییەوە ئەو وەھمە بەتاڵ کرایەوە، لە جێگای ئەوە مرۆڤ وەک خاوەن دوو بوون و دوو ڕەھەند ناسێنرا، بوونێکی سروشتی و بوونێکی شارستانی، ڕەھەندێکی غەریزی و ڕه‌ھەندێک لە عەقل، ئەوان ئەوەیان رەتکردەوە کە بکرێت وا وێنای مرۆڤ بکرێت "بەتایبەت مرۆڤی عاقل و عەقلخواز)، کە ببێتە کارەکتەرێک یەک پارچە بێت لە عەقل و پاشان لە مەیلی گشتی، بە پێچەوانەوە مێتافیزیکەکانه‌وه‌، بە درێژایی ئەو مێژوە لە پارمێندسەوە بۆ سوکرات و ئەفلاتۆن و ئەوانی تریش (ھەندێک بیروڕای ئاوارتەی ئەرستۆی لێ دەربکەییت)، وایان لە مرۆڤ چاوەرێدەکرد بتوانێت ببێت بە یەکپارچە لە عەقل، وەک لۆژیک خۆی یان وەک ماتماتیک، بەلام ھەمیشە بە سەر واقعێکدا دەکەوتن، بە سەر مرۆڤێکدا چاویان ھەلدەھێنا ھیچی لەو چاوەروانیانەی ئەوانی لێ سەوز نەدەبوو، بەلام ئەمە ھەرگیز ئەو رەوتەی پەشیمان و دودڵ نەدەکرد لەو بروا تاک ڕەھەندییەیان دەربارەی مرۆڤ، بەڵام ئەوان لەیەک شتدا بێگوناە بوون، چونکە ئەوان لە پێش سەردەمی زانست و زانستی مرۆڤناسی و کۆمەڵناسی و دەرونناسی ژیابوون و کاتێک ئەم قسانەیان کردبوو ھێشتاکە سروشتی مرۆڤ تا ئەم ڕادەیە نەناسرا بوو، .....بڕیاری ئەوان ھی سەردەمی پێش ناسینی سروشتی مرۆڤ بوو، بەڵام ئەوان ھەمیشە وەک ئینکارکەری ڕاستی دوو رەِھەندی ھەمیشەیی سروشتی مرۆڤ ناویان چۆتە مێژووەوە، ڕاستی ئەوەی مرۆڤ خوێندەوار بێت بێت یان نەخوێندەوار، ھەژار بێت یان دەوڵەمەند، ژن بێت یان پیاو، ھاوڵاتی ئاسایی بێت یان سیاسی وسەرۆک، دوو ڕەھەندی ھەیە مادام بوونەوەرەو لە ناو کۆمەڵگادا دەژی، ڕەھەندێکی غەریزی، سروشتی، خودپەرستی ناکۆمەڵایەتی، لە گەڵ ڕەھەندی عەقڵ، شارستانی، ئەویتردۆستی.. ئەویتربین، فەلسەفەی عەقڵانی و مێتافیزیکی کە ئەم جیاوازی و ڕەھەندانەی مرۆڤی دەبینی وەک سروشتی جێگیری مرۆڤی ناو کۆمەڵگا تەماشای نەدەکرد، بەڵکو مرۆڤی دابەشدەکرد بەسەر خەڵکی گشتی، عەوامی خەڵک وەک غەریزەپەرست، مرۆڤە داناکانیش کە فەلسەفەو زانستەکانیان دەخوێند کە کەمینە بوون وەک مرۆڤی داناو شارستانی، ئەمە واتە دابەشکردنی خەڵک بۆ زۆرینەی خەڵکی ناشارستانی و بێ ژیانی ئەخلاقی، لە گەڵ کەمینەی شارستانی و خاوەن ژیانی ئەخلاقی، ئەم دیدە ئەگەر ڕێگەپێدراو وقایلکەریش بێت بۆ نزیکەی ٥٠٠ بۆ ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر بەلام بۆ ئێستای کۆمەڵگا مرۆییەکان کە خاوەنی حوکمڕانی و دەوڵەتی مۆدێرنن، قوتابخانەو زانکۆ و ناوەندەکانی فێرکردن تەواوی کۆمەلگای تەنیوە، تیۆرە وبۆچونێکی ماوە بەسەرچووە بۆ مرۆڤ.


بەڵام مەیلی گشتی چی یە؟

مەیلی گشتی واتە بوونە کۆمەڵایەتێکەی مرۆڤ، مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، کە ئەوی تر دەبێنێت، خودی خۆی وەک خودێکی سەربەخۆو ھاوپەیوەند دەبینێت لە گەڵ ئەویتردا، ژیانی بەستراوە بە بوونی ئەویترەوە، لە ھەموو ھەنگاوەکانیدا حساب و ده‌رک بە ئەویتر دەکات، مادام لە ناو کۆمەڵگادا دەژی نەک لە جەنگەڵ، سەرجەم ژیانی خۆی وا ڕێکدەخات کە لە پەیوەندیدایە لە گەڵ ئەویتردا، لە خۆی ھاتۆتەدەرەوە وخودی خۆپەرستی خۆی جێھێشتوە و کردوە بە خودێکی ئەویتردۆست، بێ ئەوەی خۆی لە بیربکات، لە کاتی پڕکردنەوەی پێداویستیە غەریزیەکانیدا سنوری بۆ خۆی داناوە بە شێوەیەک سازی کردوە کە ئەویتر بونێکی ھەیە لە بەرامبەریدا، بەمەش غەریزەکانی باڵاکردوە بۆ ئاستێکی عەقڵانی، ودامودەزگای پەیوەندیداری وەک خێزان ودەزگای ئابووری بۆ سازکردوە. بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی گشتی خۆی بە ئەوانی ترەوە، دەزگای سیاسی بونیادناوە، ھەموو ئەو دەزگایانەش بۆ ئەوە ھاتونەتە بوونەوە تا مرۆڤ لە ژیانی سروشتیەوە بگوێزنەوە بۆ ژیانی شارستانی، واتە مرۆڤ لە مرۆڤێکەوە کە مەیلی تایبەتی ھەیە بگۆڕێت بۆ مرۆڤێک مەیل و خەمی گشتی ھەیە، تێیدا خۆپەرستی گۆڕاوە بە ئەویتردۆستی، بۆیە لە ناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا ئەخلاق سەرھەڵدەدات.


ئه‌خلاق له‌نێوان هه‌ردوو ڕه‌هه‌نده‌كه‌دا:

 ئەخلاق واتە بەدیھێنانی دیدگایەک من و ئەو، ئێمە و ئەوان لە پەیمانێکی ناوەکیدا ڕێکبخات، مرۆڤ وەک بونەوەرێکی تەنھا، کە تەنھا چاو و دڵێکی ھەیە خۆی پێ دەبینێت وخۆی پێ پەسەند دەکات وئەوانی تر دەخاتە حاڵەتی سفرو نەبینینەوە، دەکات بە مرۆڤێک دوو چاو وعەقڵێکی ھەیە خۆی وئەوانیش دەبینێت و پەسەند دەکات، خۆی و خۆشنودی خۆی دەبەستێت بە خۆشنودی و بەختیاری ئەویترەوە، لە ناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا بە پێچەوانەی ژیانی سروشتیەوە یاسا ھەیە (یاسای ڕاستەقینە)، ئەم یاسایانە ھەن لە پێناوی نوسینەوەی بەشە گشتی و ئاشکراو بێ گرێیەکانی ئەخلاق، واتە ئەو بەشەی کە مرۆڤ لە بوونەوەرێکی سروشتیەوە دەکەن بە خاوەن کەسیەتییەکی مەدەنی.


بۆ ده‌بێت به‌هه‌ردوو ڕه‌هه‌نده‌كه‌ی مرۆڤ قایلبین؟

وەک لە پێشتردا ئاماژەمان بۆ کرد، ھەرگیز ئەم ڕەھەندە غەریزی و سروشتیەی مرۆڤ تێ نەپەڕێنراوە، مرۆڤ ھەمیشە لە جۆلانێدایە لە نێوان مەدەنی بوون و سروشتی بووندا، ھەمیشە چاوێکی لە سەرخۆیەتی تا خۆی بەسەر ئەم ڕەھەندە شارستانیەیدا زاڵ بکات، لە ھۆبزەو بۆ ھێوم و بۆ ڕاسڵ دەرک بەمە کراوە، بۆیە ھۆبز پرنسیپی پەیمانی کۆمەڵایەتی پێشنیاز دەکات، و ھێومیش پێ ی وایە دەبێت بە فێربوون و ڕاھاتن مرۆڤ بکەین بە بوونەوەرێکی ئەخلاقی چونکە ئەو وەک خۆپەرستێک لە دایک بووە، ڕاسڵیش پێ ی وایە پێدەچێت ١٠٠٠ ساڵی ترمان پێویست بێت تا مرۆڤ دەگاتە ئاستی خەونەکانمان، یان ئاستی داواکارییەکانی عەقڵ.

لێرەوە پێدەچێت گریمانەی ئەوە بکرێت کە گوایە دەبێت ڕەھەندی شارستانی مرۆڤ بە تەواوی بخرێتە شوێنی ڕەھەندە سروشتیەکەی و ئەم ڕەھەندەی بکوژرێت، ئەمە ھەم مەحاڵە و ھەم ترسناک، ھەموو ئەو ئایدۆلۆژیانەی ویستیان ئەوە بکەن ماڵوێرانی گەورەیان بە سەر مرۆڤ و کۆمەڵگاکاندا ھێنا، لەوانە مارکسیەت، بۆیە دەبێت ھەمیشە مرۆڤ لەو تەوازنەدا ببینین، وە دەزگا مەدەنی و سیاسییەکان چاودێربن بەسەر ئەمەوە، ھەم مرۆڤ وەک ھەڵگری ئەم دوو ڕەھەندە ببینن، ھەم چاودێربن بەسەر مرۆڤ و دەزگاکانیەوە تا نەگەڕێنەوە بۆ حاڵەتی سروشتی.

ئەو دەزگایانە وەک زامنکەرو ڕێگە خۆشکەری بەدیھێنانی مرۆڤێکی شارستانی کۆمەڵایەتین و ئامانجەکەیان لەمەدایە، بەڵام ھەمیشە گەڕانەویان بۆ حاڵەتی سروشتی، مەیلی مرۆڤ بۆ زاڵکردنی خۆی، مەیلی بۆ دەستبەسەرداگرتن، وبۆ سفرکردنەوەی ئەویتر ھەمیشە ولە ھەموو کاتێکدا ئامادەیە، ھەر کارئاسانی وکەمتەرخەمی وخۆشباوەڕیەک بێتە ئاراوە لە سەر سیستەمێکی سیاسی، لە سەر دەزگایەک، دەربارەی گروپێکی سیاسی، دەربارەی سەرۆکێک کە گوایە پێویست بە دوودڵی ناکات لە بەرامبەریدا چونکە ئەو و ئەوان ھەمیشە مەیلی گشتییان ھەیە، چونکە ئەو وئەوان مرۆڤ دۆست و ئەویتردۆستن، ئەوکاتە مەترسی گەڕانەوەی ئەو سیتەم ودەزگاو سەرۆکە بۆ ژیانی سروشتی دێتە ئاراوە، مرۆڤ بە سروشتی خۆی ئەگەر چاودێری نەکرێت وبخرێتە سەرووی یاساوە، ئەوا ھەرگیز لە زۆرداری و ئەویترنەبینین وخۆپەرستی کەمتری لێ چاوەڕوان ناکرێت، تەماشای مێژووی مرۆڤایەتی بکەیین ئەمە بەتەواوەتی ڕووندەبێتەوە، ھەموو سیستەمەکان کە سەرووی ھەڕەمەکە و پادشاو سەرۆک ودەسەڵاتدارەکانی بێ چاودێری بەجێھێلرابن ئەوا جگە لە زۆرداری و شەڕوکوشتارو گەندەڵی ھیچی تریان بۆ کۆمەڵگاکان نەکردوە، ئەفسانەی پادشای دانا یان فەیلەسوفە پادشاکان ئەفسانەی فکری فەلسەفی مێتافیزیکییە، کەوایان دەبینی دەکرێت پادشایەک بێ سنور ئازاد و لە سەرو یاساوە بێت، بەڵام بۆ میللەت چاکەکاربێت، چونکە عەقڵ سەروەریەتی، بێ ئەوەی گرنگی بەوە بدەن یان درک بەوە بکەن ئەم پادشا دانایە مەیل و ئارەزووی ترسناکیشی ھەیە، ئەم فەیلەسوفە پادشایە مرۆڤە و ھەمیشە قاچێکی لەناو غەریزەکانیدایە و خۆی و پاشان دۆستەکانی لەوانی تر زیاتر پەسەند دەکات، بۆیە ھەرگیز مێژووی مرۆڤایەتی ئەزموونی ڕاستەقینەی ئەم پادشا به‌ته‌واوه‌تی عه‌قڵانی چاکەکارانەی نەکرد.

بە پێچەوانەوە کاتێک کۆمەڵگاکان ئاھێکیان بەبەرداھاتەوە کە فەلسەفە و فکری کۆمەڵایەتی دەرکی ئەمەی کرد، پادشاکانیان ناچار بە سیستەمی پادشایەتی سنوردارکرد و پەرلەمانی لیێپێچەرەوەیان پێشنیازکرد، دواتر زانرا ئەم سیستەمەش ترسەکان ناڕەوێنێتەوە، دەبێت سیستەمێک بێتە ئاراوە کە حەز ومەیلی مرۆڤ بۆ زاڵبوون ودەسەڵاتدارێتی سنورداربکات وببەستێتەوە بە دەنگی ھاوڵاتی ئازادەوە، ھەروەھا بیبەستێتەوە بە چەند خولێکی دیاریکراوەوە، تا ڕێگە بگرێت لە تاکڕەویی و مەیلی سروشتی بۆ سفرکردنەوەی ئەویتر و گەڕاندنەوەی کۆمەڵگاو و سیستەمی سیاسی و دەزگایی بۆ ژیانی سروشتی، ئەم ڕێگریەش بە تەنھا بە دروستکردنی پەرلەمان و ھەڵبژاردن ناکرێت، بەڵکو بە دروستکردنی پنتی تری ئازاد، دەزگا ناحکومییە مەدەنییەکان، دەسەڵاتی چوارەم، سەرخستنی دیدی زانستی لە ناو کۆمەڵگادا بەسەر دیدی ئایینی و سۆفیانە وشیعری، ھەروەھا بە سازکردنی کەشی ئازاد بۆ فەلسەفەو ئەدەب وەک دوو زامنکەری بەردەوام بەرھەمھێنانی گوتار ودید و زەوقی بەردەوام گۆڕاو وجیاواز لە گوتاری گشتی.


بۆیە لێرەوە دەتوانین بڵیین کە سیستەمی دیموکراتی کە ماناکانی تەنیا لە ھەڵبژاردن و بوونی پەرلەماندا نابینێتەوە، چونکە دەکرێت ئەمانە ھەبن و بونیان تەنھا دەمامک بێت بۆ زاڵبوونی مەیلی تایبەت و سروشتی و کەسی ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، بەڵکو دیموکراتی وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی گشتگیر، پاشان وەک سیستەمێک کە بە یاسا سەرجەم کۆمەڵگا ھەم ئازاد وبەرپرسیارکراوە، ھەم تێیدا ڕێگە لە مەیلی تایبەتی و سروشتی مرۆڤ گیراوە تا نەبێتە کوژەری مەیلی مەدەنی و گشتی، واتە لەو سیستەمەدا ترسناکترین دەزگا کە دەزگای سیاسی و حوکمڕانییە بە یاسایەکی شارەزا بە سروشتی مرۆڤ ئابڵوقەدراوە تا ھەرگیز و لە ھیچ کونجێکەوە نەتوانرێت مەیلی تایبەتی و سروشتی کەسێک، گروپێک، دەزگایەک، نەتەوەیەک، ڕەوتێکی ئایینی و مەزھەبی دیاریکراو بخرێتە سەرووی مەیلی گشتیەوە.

دەزگای سیاسی و حوکڕانی ترسناکترین دەزگان، چونکە دەزگایەکی جوڵێنەرو وروژێنەری مەیلە غەریزیەکەی مرۆڤە، دەزگایەکە ھەمیشە تەماعی ڕەھەندە سروشتییەکەی لەسەرە، لە ھەر چاوغافلکردنێکدا، لە ھەر خۆشباوەڕییەکدا بەرامبەر فەرمانڕەوایەک، گروپێکی سیاسی، حزبێکی دیاریکراو، نەتەوەیەک، ئایینێک، ئەم دەزگایە دەبێتە دەلاقەی کردنی ئەو فەرمانڕەوا یان گروپە سیاسیە لە خەڵکی مەدەنی و کۆمەڵایەتیەوە بە خەڵکێکی سروشتی وخۆپەرست، وزاڵ وزۆردار بەسەر ئەوانی ترەوە، ھەروەھا ئەم غافلبوونە ڕێگە خۆش دەکات بۆ سەرھەڵدانی سیستەمێکی دکتاتۆری کە لوتکەی زاڵبوونی ژیانی سروشتییە بەسەر ژیانی شارستانیدا، ئەو کاتە ئەم سیستەمە دیکتاتۆرە بێ ڕەخنەو بێ چاودێرە لە خۆیەوە دەست دەکات بە گەڕاندنەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگاکان بۆ ناو ژیانی سروشتی، واتە سفرکردنەوەی ئەویتر، زاڵکردنی خۆپەرستی بەسەر ئەویتردۆستیدا.


سیاسه‌تی كوردستان له‌نێوان هه‌ردوو ڕه‌هه‌نده‌كه‌ی مرۆڤدا:

لەم چەند ساڵەی دوای ھەرێمی کوردستاندا گفتۆگۆو ململانێیەکی ڕوون ھەیە لە ھەموو شوێنێک لە سەر ئەم بابەتە، بەڵام ئیشکالیەتی ڕاستەقینەی زۆرینەی ئەو گفتوگۆ وگوتارە جیاوازانە لەوەدایە پشتی نەبەستوە نە بەناسینی سروشتی مرۆڤ و نە بە خوێندنەوەی فکری فەلسەفی و زانستی دەربارەی حوکمڕانی چاک وزامنکراو بۆ ژیانی مەدەنی بەردەوام، لە کاتێکدا پێویستە هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شدارن له‌ فه‌زای گشتیدا، سیاسییه‌كان، ڕۆژنامه‌نووسان، ڕۆشنبیران و چالاكانی سیاسی و پاشان ئەندامانی نوسینەوەی دەستور و یاساکان، ئەم شارەزایی و باگراوندە قوڵەیان له‌باره‌ی سروشتی مرۆڤ و ڕه‌هه‌نده‌ ترسناك و ڕۆشنه‌كانییه‌وه‌ ھەبێت.

هه‌ربۆیە بەشی ھەر زۆری ئەو قسەو مشتومڕانه‌ی ناو فه‌زای گشتی هه‌رێم، جگە لە بەرھەمھێنانی کەشی سەپاندنی ڕاو بڕیار بەسەر ئەوانی تردا ھیچی لێ بەرھەم نایەت، گوتاری ڕاستەقینەی لایەنەکان دەبێت پشت ئەستور بێت بە مێژووی مرۆڤایەتی و بەکتێبخانەیەکی گەورەی مرۆڤ کە لەم بوارەی کۆڵیوەتەوە، خاڵە بەھێز و لاوازەکانی مرۆڤ وسیستەمەکانی دەستنیشانکردوە، ئه‌گه‌ر به‌شدارانی فه‌زای گشتی، سیاسییه‌كان و ڕۆشنبیره‌كان و هه‌موو ئه‌وانی تر، پشتئەستور بەو ئەرگۆمێنتانەوە بڕۆنە گفتوگۆوە، ئەو کاتە ڕای گشتی قایل دەبێت لە سەر پێویستی دروستکردنی حوکڕانییەکی بە یاسائابلوقەدراوی ئەوتۆ ڕێگر بێت لە بەردەم سیاسەت و سیاسییه‌كاندا تا خۆیان و کۆمەڵگا نەگەڕێننەوە بۆ حاڵەتی سروشتی و نامەدەنی، ئەوکاتە ھەموو ئەو ھێزو لایەنانەی تریش کە ئێستاکە خەمی گشتییان بەلاوە ناوە لەبەر خۆشەویستی و پەسەندکردنی گروپێکی سیاسی یان فەرمانڕەوایەکی دیاریکراو، قایل دەبن بە دروستکردنی ئەو سیستەمە دیموکراتییە، کە سیستەمێکی ئابلوقەدراوە بە یاسایەکی شارەزا بە سروشتی مرۆڤ.


تێبینی: ئه‌م وتاره‌ی سه‌ره‌وه‌، پێشتر له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ بڵاوبۆه‌ته‌وه‌.



وتاری دیكه‌ی كۆمه‌ڵناسی:


کتێبى (بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین؛ “چەند بابەتێکى کۆمەڵناسى”) لەنێوان کۆمەڵناسى و مێژوودا


کوردایەتی و ئەدەب گوتاری شیعری قوبادی جه‌لیزاده‌ له‌نێوان گوتاری هاوسه‌نگ و دژدا



Comments

Popular posts from this blog

کوردایەتی و ئەدەب

مردن كارێكی سه‌خته‌، به‌ڵام سه‌ختر بینینی شكسته‌كانی پێش ئه‌و ڕووداوه‌یه‌

جۆکەر ، پەراوێزکراوێک، هەڵدەستێتەوە و درز دەخاتە نێو سیستەمەوە