جەنگی حه‌ماس-ئیسرائیل وه‌ك وانه‌یه‌كی ترسناك
ئاکۆ قادر حه‌مه
دێڕێكی به‌ناوبانگ هه‌یه له‌م رۆژانەدا وه‌ك زه‌نگێك له گوێم‌دا دەزرنگێتەوه، نزیكه له‌م داڕشتنەوە: “ئه‌گه‌ر له ئه‌رجه‌نتین په‌پوله‌یه‌ك له باڵ بدات له ده‌ریای ناوه‌ڕاست گه‌رده‌لوول هه‌ڵده‌ستێت”.
ئه‌م دێڕه ئاماژه‌یه بۆ چه‌مكێك به‌ناوی (كاریگه‌ری په‌پووله)، کە بریتییه له ره‌نگدانه‌وه‌ی ره‌فتارێكی بچووك له‌ناو سیسته‌مێكی گه‌وره و ئاڵۆزدا و دروستكردنی كاریگه‌ری تێیدا، چی به نەرێنی بێت یان ئەرێنی، به باش یان خراپ.
ئه‌م تیۆره له خۆسوتاندنی (بۆعزیزی)دا یه‌كجار به ئاشكرا خۆی نمایش كرد، ساڵانێك بوو سیسته‌مه سته‌مكاره‌كانی عه‌ره‌ب له عێراقه‌وه بۆ مه‌غریبی عه‌ره‌بی، مرۆڤی عه‌ره‌بییان وێران ده‌كرد و عه‌ره‌به‌كان به چه‌نده‌ها شێوه ناڕه‌زایه‌تییان ده‌رده‌بڕی بێ ئه‌وه‌ی شتێكی كاریگه‌ر ڕوو بدات، به‌ڵام له‌پڕ له 4ی یه‌نایه‌ری 2011 به خۆسوتاندنی گه‌نجێكی هه‌ژاری ده‌ستگێڕی تونسی وه‌ك بۆعزیزی نه‌ك سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وای تاكڕه‌وی تونس نه‌ما، به‌ڵكو بوو به هۆی هه‌ڵكردنی گه‌رده‌لوولێكی به‌رفراوان كه سه‌ری سێ سه‌رۆكی عه‌ره‌بی و چه‌ندان سیسته‌می وڵاتانی عه‌ره‌بی و ملیۆنه‌ها مرۆڤی هه‌ڵكه‌ند، و ده‌ریایه‌ك خوێنی به‌دواداهات وشارانێکی زۆری وێران کرد.
تیۆری كاریگه‌ری په‌پوله، یان تیۆری ئاژاوه، ده‌كرێت هه‌ندێك شتمان له‌سه‌ر هاوپه‌یوه‌ندی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسی و ئابوورییه‌كانی دونیا پێ بڵێت، شتانێكی مه‌جازی كه هه‌م فیزاناسهكان و هه‌م فه‌یله‌سووفه‌كان و هه‌م سۆفییه‌كان زۆرجار بە میتۆدی جیاواز جه‌ختیان له‌سه‌ر كردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ئه‌مه‌وێت بیڵێم ئه‌گه‌ری كاریگه‌رییه ئه‌خلاقییه‌كانی ڕه‌فتاری ناو ئه‌م جه‌نگه‌ی عه‌ره‌ب-ئیسرائیل یان وردتر حه‌ماس-ئیسرائیله له‌سه‌ر كۆی جیهان.
جیهان ئه‌مڕۆ وه‌ك هیچ كاتێكی تر نییه، ئه‌مڕۆ ئێمه هه‌موو ساتێك، له ژووری نووستنهكانمان بین یان له‌ناو پاسدا، له چایخانه‌دا بین یان له هه‌رشوێن و كاتێك ده‌كرێت هه‌مان سات، له رێگه‌ی ئه‌نته‌رنێت و سه‌ته‌لایته‌وه هه‌مان دۆخی کورێکی رۆژئاڤایی یان هاووڵاتییەکی ئۆكرانی و غه‌زه‌یی و ئیسرائیلی بژین. بۆیه هه‌ر ڕه‌فتارێك له‌وێ زۆر به خێراتر له‌هه‌ر كاتێكی تری پێشوو كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر داده‌نێت.
ره‌فتاری ناشایسته و ناجۆری حه‌ماس به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئیسرائیل، ڕه‌فتاری وه‌حشیانه‌ی ده‌وڵه‌تێكی بەهێزی وه‌ك ئیسرائیل به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و ژن و منداڵی غه‌زه‌یی، ده‌كرێت ببنه زۆر وانه‌یه‌كی ئاسانی ترسناك بۆ هه‌ر ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارێكی سته‌مكاری ئه‌م جیهانه و دوپاتی بكه‌نه‌وه.
بێده‌نگی جیهان له ئاست کۆمەڵکوژی كورد له باشوور و باكوور و رۆژئاڤا به‌ده‌ستی سوپای تورك وانه‌یه‌كی خراپ بوون بۆ حه‌ماس، وه‌ك چۆن وانه‌یه‌كی خراپتربوون بۆ ئیسرائیل، ده‌كرێت وانه‌یه‌كی خراپتریش بن بۆ پوتین له ئۆكرانیا، دواتریش بۆ ئه‌مریكا لە هەموو جیهان و چین لە رۆژهەڵاتی ئاسیا و لە تایوان.
جیهان زۆر نه‌گۆڕاوه، "برتراند راسڵ-(Bertrand Russell)" له شوێنێكدا گوتبووی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی هه‌زار ساڵی تری پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی ببێته بوونه‌وه‌رێكی ئه‌خلاقی، وادیاره وانه‌مان له مێژوو وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی هیتله‌ر به جووه‌كانی ئه‌وروپای كرد، توركه‌كان به‌رامبه‌ر كورد و حه‌ماس به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی جوو، و سوپای ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بە تازەترین چەکی کۆکوژ زۆر نازیانە به‌رامبه‌ر فه‌ڵه‌ستینییه‌كانی غه‌زه‌ی ده‌كات.
هه‌رهه‌مووشی ده‌كرێت ببێته ده‌لاقه‌یه‌كی ترسناك وه‌ك یۆنگ- Carl Jung له‌باره‌ی جه‌نگی جیهانییه‌وه ده‌یگوت، بۆ هاتنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وه‌حشه‌ی به په‌نهانی له‌ناو كولتوور و مێژووماندا په‌نهانه، و به خوێنی سه‌ری یه‌كتری تینومان ده‌كات. ئه‌و وه‌حشه ئه‌مڕۆ له هه‌موو كاتێكی زیاتر له‌ناو سه‌ری ئه‌ردۆغان و نه‌ته‌نیاهۆ و خه‌لیفه‌كانی بنلادن و بایدن و پۆتیندا وروژاوه.
ئەرکی هەموو مرۆڤێکی بەویژدانە لەسەر زەوی هەموو ستەمکارییەکان وەک یەک ببینێت و رەتی بکاتەوە.
This article reflects on the ongoing Hamas–Israel war through the metaphor of the "butterfly effect," highlighting how small acts or localized violence can unleash global consequences. It argues that both Hamas’s attacks on civilians and Israel’s disproportionate military response in Gaza serve as disturbing lessons for the world about the dangers of unchecked power and moral collapse. The silence of the international community regarding Kurdish massacres by Turkey is compared to its selective reactions elsewhere, underscoring patterns of hypocrisy. Drawing on thinkers like Bertrand Russell and Carl Jung, the essay portrays war as a recurring eruption of hidden collective brutality, reminding humanity of its failure to internalize ethical lessons from history. Ultimately, it calls for a universal moral responsibility to reject oppression wherever it occurs.

Comments
Post a Comment
سوپاس بۆ سه‌رنجه‌كه‌ت و بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی بابه‌ته‌كه.......