ئه‌خلاقی گوند و ئه‌خلاقی شار .. مرۆڤی ئه‌خلاقیی نه‌ریتیی كورد، چۆن له‌ شاردا ده‌بێته‌ هاوڵاتییه‌كی نائه‌خلاقی؟


ئه‌خلاقی گوند و ئه‌خلاقی شار

 ئه‌خلاقی گوند و شار

مرۆڤی ئه‌خلاقیی نه‌ریتیی كورد، چۆن له‌ شاردا ده‌بێته‌ هاوڵاتییه‌كی نائه‌خلاقی؟

ئاكۆ قادر حه‌مه‌


یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانی چاكه‌كاریی لای كوردی خێڵه‌كی، پاراستنی بنه‌چه‌ و گرنگیدانه‌ به‌ نه‌سه‌ب و پارێزگاریكردنه‌ له‌ په‌یوه‌ندی خۆی به‌ ئه‌وانر تره‌وه كه‌ به‌ خوێن و خێڵ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه(١)‌، "مه‌حمود بایه‌زید" ئه‌مه‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا نووسیوه‌‌.

هەروەها له‌ سەردەمی باڵادەستی خێڵدا، دەستگرۆییکردنی ئەویتری ئه‌ندامی خێڵ و یارمەتیدانی، هاریکاری ئەوانەی بە خوێن و بە شوناسی خێڵ بەیەکەوە دەبەسرێنەوە، ئەرکە و ئەفزەلیەتی هەیە بە سەر یارمەتیدانی ئەوانی تری نەناسراو و دوور و بێگانەدا، دەبێت لە هەموو بارودۆخەکاندا بە تەنگی یەکەوە بێن و لە خۆشی و ناخۆشیەکانیدا هاوبەشی بکەن، ئەمە یەکێک لەو شتە گرنگانە بووە کە باشی و خراپی کەسێک لە ناو خێڵدا دیاریدەکات، ئەم چەمکە گرنگییەکی لە ڕادەبەری هەیە لە بیرکردنەوەی مرۆڤی خێڵەکی کوردیدا.

بێگومان ئەم چەمکە لە پێوانەی ئەخلاقیدا ئاستێکی بەرز دیاری دەکات، هیچ بیرکردنەوەیەکی ئەخلاقی ناتوانێت ئەمە ڕەت بکاتەوە. بە دیاریکراوی ناتوانێت "هاریکاری" و "بەتەنگەوەهاتنی ئەوانی تر" ڕەتبکاتەوە، چونکە کەس (تاک) ناچار دەکات لە بەرژەوەندی خۆی بەرزتر بڕوانێت و بەرژەوەندی ئەویتریش لە بەرچاو بگرێت، بەڵام هەموو به‌هایه‌ك مێژووی خۆی و سیاقی مێژوویی و کولتووری خۆی هەیە، لە کۆتاییدا ئەم ئەرکی هاریکاریەی ئەندامی خێڵ و خزمان هاتۆتە ناوشار، لەگەڵ ئەوەی ئێستە مرۆڤی کورد وەک سەدەکانی ڕابردوو لە چوارچێوەی خێڵ و پێکهاتەی خێڵ و سیستەمی خێڵدا ناژی، ئێستە زۆرینەی مرۆڤی کورد نیشتەجێی شار و شارۆچکەکانە، "به‌ پێی سه‌رژمێرییه‌ جیاوازه‌كان، زیاتر له‌ ٨٤٪ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاره‌كاندا نیشته‌جێن، و كه‌متر له‌ ١٦٪ له‌ نیشته‌جێی گونده‌كانن"، بۆیه‌ هاوژیانی خەڵکی تر و ئەندامی خێڵەکانی ترە، زۆرینەی هەرە زۆری مرۆڤی کورد ئێستە بایەخێکی بۆ خێڵ نیە، ئەگەر خێڵێکیشی هەبێت ئەوەندە ڕاستەوخۆ پابەند نیە بە فەرمانەکانی خێڵەوە. ئەوانەی تاکێکی کورد پەیوەندی کۆمەڵایەتی و دۆستایەتی لەگەڵیاندا هەیە، زۆرینەیان لەوانەن هیچ پەیوەندییەکی خوێنی بەیەکەوەیانه‌وه‌ نابەستێت، واتە خزم نین، بەشی زۆری مرۆڤی کورد ئێستە خوێندەوارە و زۆرینەشی لە ناو دەزگای حکومیدا کاردەکات و نان و بژێوی لە خێڵەوە نایە، واتە بە کورتی خێڵ وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی و کارگێڕی و ئابووری تا ئاستێكی گه‌وره‌ لاواز بووه. بەڵام وەک زانایانی کۆمەڵناسی و ئەنسرۆپۆلۆژیا ئاماژەی بۆ دەکەن، لەوانە (لیڤی برێل)، نەریتەکان توانایەکی گەورەتری مانەوەیان هەیە لەو کەش و کایانەی کە دەیانهێننە کایەوە، واتە هەرچەندە هەر جۆرە نەریت و بەهایەکی دیاریکراو کەشێکی کۆمەڵایەتی و ئابوری دیاریکراو دروستی دەکات، بەڵام بە لەناوچوونی ئەو کەش و کایە ئابووری و کۆمەڵایەتییە، نەریت و بەهاکان بە هەمان شێواز لەناوناچن و دەمێنن، ڕاستە هەندێک لە هێزی خۆی لە دەست ئەدات، بەڵام بە تەواوی لەناو ناچێت(٢).

 بۆیە لێکۆڵینەوە لە هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی یان هەر بەهایەک پێویستە لە پێشینە مێژووییەکەشی بڕوانرێت، واتە لە ڕابردووی ئەو دیاردەیە، ئەمە وادەکات لێکۆڵینەوە لە هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، لایەنی ئیستاتیک و دینامیکی دیاردەکە پێكه‌وه‌ بە هەند وەربگیرێت.


خێڵ و مانه‌وه‌ی به‌هاكانی:

دەکرێت بڵێین بیرکردنەوەی خێڵەکی کوردی بۆ مانەوەی پێویستی بەوە نیە خێڵ مابێت، بەهاکانی خێڵ بۆ مانەوەیان پێویستیان بەوە نیە خێڵ ده‌زگای باڵاده‌ستی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت. کوردێکی ناخێڵەکی خوێندەواری نیشتەجێی شار کە لەوە ناچێت کۆمەڵی دۆست و ناسیاوەکانی لە خێڵەکەی خۆی بێت، تا ئاستێک هەڵگری بیرکردنەوەی خێڵەکیە، ئەو وەصفەی "عەلی وەردی" کۆمەڵناسی عێراقی بۆ کەسێتی تاکی عێراقی کردویەتی، تا ئاستێکی بەرز لە کەسایەتی کوردێکیشدا هەیە، بەوەی کە تاکی عێراقی کەسێتیەکی دوالیزمی (دوانەیی دژیەکی) هەیە كه‌ لە یەککاتدا هەڵگری تایبەتمەندی خێڵەکی و شارستانیشە، شتێک دەڵێت و شتێکی تر دەکات، بیر لە شتێک دەکاتەوە و پێچەوانەکەی دەڵێت، باس لە ئازایەتی و پیاوەتی دەکات و بەخێرایش دەبینین دەپاڕێتەوە و مل کەچ دەبێت(٣)، لای عەلی وەردی ئەو دوالیزمبوونەی کەسایەتی عێراقی گەلێک هۆکاری مێژوویی و کولتووری و ئایینی و جوگرافی و زمانی و کۆمەڵایەتی لە پشتەوەیە.

 بە تێبینیکردنی شێوە ژیانی ئێستای کۆمەڵگای کوردیش، بە تایبەت لە ڕووی ئەو بەهایانەی لە قوڵاییدا بڕوای پێیەتی، لەگەڵ ئەوانەی دەریدەبڕێت، دەکرێت وەسفی ئەفەندی خێڵەکی، یان "خێڵەکی بێ خێڵ" بەسەر به‌شێكی زۆر لە تاکی کوردی ناو کوردستانی عێراقیشدا بگونجێت.


ئه‌خلاقی خێڵه‌كی له‌ شاردا:

ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لێرەدا کەسێتی تاکی کوردی نییە بە گشتی، ئێمە لەم وتارەدا تەنها دەمانەوێت ئەوە بخەینە ڕوو، چۆن ده‌شێت له‌ سه‌رده‌مێكدا ڕەفتارێك ئەخلاقی بێت، به‌ڵام لە سەردەمێکی تردا ڕەفتارێکی نائەخلاقی بێت، چۆن پێوەرێکی باشەی دوێنێ دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی وەک خراپە تەماشای بکەین، چۆن ئەوەی دوێنێ ڕەوشتی بووە، سبەی کارێکی ناڕەوشتیانە بێت، لەم چوارچێوەشدا ئێمە باس لە چەمکێکی کلاسیکی ڕه‌وشتی کوردی سەردەمی خێڵەکی دەکەین کە دەکرێت لەمڕۆدا چەندە زیانمەند بێت، بەشێوەیەک بکرێت پێی بوترێت ڕەفتاری نائەخلاقی.

ده‌مانه‌وێت سه‌رنج بخه‌ینه‌ سه‌ر ته‌نیا ڕۆڵی به‌های (هاریکاریی خێڵه‌كی) لە ژیانی به‌شێكی زۆری هاوڵاتی شاریی بێخێڵی كورددا، هەروەها چۆن ئه‌م به‌هایه‌ی هاریكاری ئەندامانی خێزان و خزمان و بنەماڵە و خێڵ و ناسیاوەکان، چۆتە ناو سیستەمی کارگێڕی کوردیەوە، چ هاریکارییەکی کردوە لە گۆڕینی سیستەمی کارگێڕی مەدەنی بۆ سیستەمێکی لەرزۆک و گەندەڵ. 

چۆن ئەم چەمکە لە چەمکێکی ئەخلاقی ناو گوندەوە دەبێتە چەمکێکی نائەخلاقی لە شاردا، هەروەها ئەم چەمکە به‌هایه‌ چۆن دەبێتە یارمه‌تیده‌ری  (nepotism-المحسوبیە) و بناغەیەکی خراپ بۆ سیستەمی نیپۆتیزم – خزمخزمێنە، یان خزمپەروەری هاوبەش لە ناو سیستەمی کلیپتۆکراسی "دزۆکراسی" کوردیدا.

 ئەم به‌ها خێڵەکییە کوردییە بە توندی ڕەگی داکوتیوە لە ناو شێوەژیانی حزبی کوردی و حکومەتەکانی هەرێم و دەزگاکانیدا کە دواتر سیستەمی کلیپتۆکراسی و تاڵانی ئەو دەزگایەی لێ کەوتەوە كه‌ ناوی (حکومەتی هەرێمی کوردستانە)، کە بریتییە لە ڕێکەوتنی دەستەجەمعی حیزبە هاوشێوەکان.

 بەڵام لە سەرەتادا لە ڕۆڵی ئەم چەمکە لە ژیانی هاوڵاتی ئاسایی کوردییەوە دەستپێدەکەین و دواتر باس لە کاریگەری هەمان چەمک لای فەرمانڕەوایی کوردی دەکەین.


بیرۆكه‌ی هاریكاری خێڵه‌كی له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی شاردا: 

هاریکاری ئەندامی خێزان و بنەماڵە هێشتاکە ئەفسونێکی تایبەتی هەیە لە بیرکردنەوەی تاکی کوردیدا، بۆ نمونە ئێوە ڕۆژانە هەموو ئەو ڕووداوانە دەبیستن و تا ڕادەیەک ئاساییە لەلاتان، بەڵام دەربڕی ڕەفتارێکی خێڵەکییە، بۆ نموونە: ئه‌ركه‌ لەسەر مرۆڤی کورد لە شاردا كه‌ یارمەتی خزمانی خۆی بدات لەوەی پیشە یان کارێکی دەست بکەوێت گەرەنتی پاروە نانێکی بکات پێش هەر کەسێکی تر، یارمەتی بدات لەوەی کە سزا نەدرێت، غەرامە نەکرێت، زۆر جار کاتێک لە هۆڵی تاقیکردنەوەدایە چاوپۆشی لێ بکرێت کە بە قۆپیەوە دەگیرێت، یان تەنانەت هاریکاری بکات لە دەرچوونی، لە کاتی دامەزراندندا لە مەرجەکانی ببورێت، و بازبدات بە سەر ئەوی تردا کە نایناسێت و مەرجەکانی تێدایە، لە سەرەی نەخۆشیدا نەخۆشی ناسراوی پێش نەناسراوی بخات، به‌مشێوه‌یه‌وه‌ له‌ ئاسته‌كانی تر و زۆرینه‌ی كاروباره‌كانی تردا.

 هەموو ئەم ئاماژانە، ئاماژەن بۆ پیاو یان ژنێكی خێڵەکی کە دەستگرۆی خزمێکی دەکات و نیشانەیە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی خێڵەکیانە کە لەسەر شانیەتی بەرامبەر خزم و ناسراوێکی لە بەرامبەر ئەوی تردا کە نایناسێت و بە پەیوەندی خێڵەکی نابەسرێتەوە پێیەوە، ئەم ڕەفتارانە زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئەنجامی دەدات، لە هەر پیشەیەکدا بێت واتە سەرخستنی کەسێک بە خوێن پێیەوە بەستراویت بەسەر ئەوانی تری نەناسراودا.

هەموو ئەم ڕەفتارە خێڵەکیانە بە جۆری جیاواز هاتوونەتە ناو سیستەمی فەرمانڕەوای و حزبی و کارگێڕی حکومەتەکانی هەرێمەوە بە جۆرێک ناتوانین ڕەفتارەکانی ئەم سیستەمە کارگێڕیە بێ ئەم خەیاڵە خێڵەکیە بخوێنینەوە وەک دەستپێک.

به‌شێكی گه‌وره‌ی مرۆڤی کورد لە ناو حکومەتەکانی هەرێم و لە ناو سیستەمە کارگێڕیەکەیدا هێشتاکە وا ئایدیای ژیانی خۆی دەکات وەک ئەوەی لە ناو خێڵدا بژی، ژن و پیاوی کورد لە زۆرینەی ئەو ڕەفتارە کارگێڕیانەی دەینوێنن و لە هەر پلەیەکی کارگێڕیدا بن لەو خەیاڵی هاریکاری و دەستگرۆییەی خێڵ ڕزگاریان نەبووە، لە کاتێکدا سیستەمی ئایدیایی و ئەندێشەیی گوتاری کوردی ئەگەر خاوەنی فەلسەفە و جیهانبینییەکی کۆمەڵایەتی گشتگیری تازەگەر بوایە دەیتوانی بازبدات بە سەر ئەو جیاکاریەی کە خێڵ لە نێوان ئەندامی خێڵ و دەرەوەی خێڵدا دەیسەپێنێت، ئەگەر گوتاری کوردایەتی خاوەن ئەو فەلسەفە کۆمەڵایەتی گشتگیر بوایە له‌باره‌ی یه‌كسانییه‌وه‌، پلانێكی ڕاسته‌قینه‌ی بۆ دیموكراتیزه‌كردنی بیركردنه‌وه‌ی گشتی هه‌بوایه‌، ئەوەندە بەهێز دەبوو کە بتوانێت گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی گشتگیر دروست بکات، و بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگای کوردی دەستکاری دەکرد، لانی کەم دەیتوانی مرۆڤی کوردی لە بەردەم گارگێڕی کوردیدا یەکسان بکردایە، ناسیاوی و خزمایەتی و خزمپەروەری و مەحسوبیەتی نەهێشتایە.

 ئەگەر گوتاری نیشتمانیی کوردستانی هێندە بەهێز بوایە جێگەی بە ئەندێشەی خێڵ و خزمایەتی چۆڵبکردایە، ئەبوو هاوڵاتیبوون  جێگه‌ی به‌ ئەندامی خێڵ و دواتر ئەندامی حزب چۆڵبكردایه‌.

لەمڕۆدا بۆ ئەوەی مرۆڤێکی کورد، هاوڵاتییەکی ئەخلاقی بێت، دەبێت ته‌نیا بەرژەوەندی ئەندامانی خێڵ و گروپی خێڵه‌کەی له‌ ژیانی مه‌ده‌نی و كارگێڕیدا لە بەرچاو نەبێت، به‌ڵكو ئه‌خلاقی هاونیشتمانیبوون جێگه‌ی بگرێته‌وه‌، چونکە ئێستە تۆ تەنها لە ناو خێڵ و خزمە بایەلۆژیەکانتدا نیت تا هاریکاریکردنی تەنها ئەوان کارێکی ئەخلاقی بێت. ئێستە هه‌مووان لە ناو خەڵکێکی بنەچە جیاواز و خێڵ و ناخێڵی جیاوازداین، تۆ ئێستە لە سەردەمی شارنشینیدایت، مەرجی ئەخلاقیبوونی ڕەفتار لە شاردا دەبێت هاریکاری هەمووان و بەتەنگەوەهاتنی هەمووان بێت، هاریکاری هاوڵاتی بێت نەک خزمان، بەڵکو هاوڵاتیان و بەرژەوەندییان مەرجی ئەخلاقیبوونی هەر ڕەفتارێکە لە سەردەمێکدا کە ئێمە لە ناو خێڵدا ناژیین، هەر بیانووهێنانەوەیەک لە شاردا بۆ چاکەکاری ئەخلاقی بەرامبەر ئەندامانی خێڵ و گروپی نزیکی خێزانی لە سەر حسابی هاوڵاتیان، دەبێتە کارێکی نائەخلاقی، بەڵکو لە ڕووی کارگێڕی و یاسایشەوە دەبێتە لادان و تاوان.

دەبێت لە لێکدانەوەی ئەم خەیاڵە خێڵەکیە و ڕەفتارە خێڵەکییەی مرۆڤی کورددا لە ناو شار و دەزگاکانی هێندە خۆشبینیش نەبین پێمان وابێت تەنها بە پاڵنەرێکی خێڵەکی و بە ئامانجی چاکەکارییەکی خێڵەکی بەسەرچووەوە ئەم ڕەفتارە ئەنجامدەدرێت و دێتە دەرێ. بەڵکو بەشێکی ئەو ڕەفتارانە جگە لەوەی ترسە لە ئابڕوچوونی کۆمەڵایەتی لە حاڵەتی ئەنجامنەدانیدا، لە ڕاستیدا بریتیە لە هەوڵێکی خۆپەرستانەی قبوڵکراو لە سیستەمەکەدا بۆ دروستکردنی گروپی پێشێلکاری یاسایی، ئەو کەسەی کە فەرامۆشی یاسای مەدەنی و مەرجەکانی دەکات لە کارێکی کارگێڕیدا و باز دەدات بە سەر مافی هاوڵاتیانی تردا، ئەمە لە پێناوی ئەوەدا دەکات کە لە کەسی بەرامبەر و خێزانی بەرامبەر هەمان گرەنتی و هەمان ڕەفتار لە ئایندەدا و لە کاتی پێویستدا وەربگرێت، واتە وەک قەرزدانێکی نایاسایی کارگێڕییە، ڕەفتاری تاکی کوردی و شکاندنی یاساکانی ژیانی مەدەنی شتێکی نامۆ نییە بە سیستەمە کارگێڕیە سیاسیە حزبییە گشتییەکە، بەڵکو هەردولا ئاو لە یەک سەرچاوەوە دەخۆن.


ئه‌خلاقی هاریكاری و ده‌ستگرۆیی خزمان، له‌ناو حزب و سیسته‌می سیاسی هه‌رێم:

حزبی کوردی سیستەمی ناوەکی خۆی و ئەو فەرمانڕەوای و حکومەتانەی هەرێم کە دایمەزراندوە، هەرگیز لە خەیاڵ و پێکهاتەی خێڵ دانەبڕاوە، بە تێبینکردنێکی سەرپێی حزبی کوردی و پێکهاتە و حکومەتەکانیشی هەموو ئەو جیاکاری و خەیاڵ و ڕەفتارە خێڵەکیانەی تێدا دەبینرێت، جگە لە بوونی ئایدیای خێڵەکی و جیاکاری خێڵەکی کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردن لە ناو حزبی کوردیدا، حزبی کوردی لە بەرامبەر حیزبەکانی تر و هاوڵاتیانیشدا خۆی وەک خێڵ دەبینێت و تەماشا دەکات.

 لە خەیاڵی حزبی کوردیدا ئەندامی خێڵ جێگای نه‌ك ته‌نیا هاوڵاتی گرتۆتەوە به‌ڵكو له‌پێش كادرانی دیكه‌ی حزبیشه‌وه‌، سیستەمی حوکمڕانی یەکێتی و پارتی و حکومەتەکانی هەرێم لە سەر بناغەی خزمانی نزیك، دواتر ئەندامان دامەزراوە نەک هاوڵاتیان، هاوڵاتیانی کوردستان و ئەندامانی حیزبەکانی تری کوردستان لە بەرامبەر حکومەتەکانی هەرێم و حیزبە فەرمانڕەواکانی وەک هاوڵاتی نابینرێن، بەڵکو وەک ئەندامانی خێڵی تر تەماشا دەکرێن، هاریکاری له‌پێشدا ئه‌ندامانی خێزان و بنه‌ماڵه‌كانی خۆیان، پاشتر ئەندامانی حیزبەکانی خۆیان و وەزیفە بۆ دۆزینەوە و خۆشگوزەرانکردنیان ئەمە بە ئەرکی حزبی خۆیانی دادەنێن نەک بەتەنگەوەهاتنی هاوڵاتیان و خۆشگوزه‌رانی گشتی.

یەکێک لە ڕەگەزەکانی تری ستەمکاری فەرمانڕەوایی کوردی و حکومەتەکانی هەرێم لەم خاڵەدا چڕبۆتەوە، گەندەڵی و تەشەنەکردنی گەندەڵیش بەو ئاستە هەر لەم خەیاڵ و ڕەفتارە خێڵەکییەی حزبی کوردی و حکومەتەکانی کوردیدا پەنهانە، واتە بێ ئەم بیرکردنەوە خێڵەکییەی حزبی کوردی و حکومەتەکانی هەرێم و ئەو جیاکاریەی لە نێوان هاوڵاتی کورد و ئەندامانی خێزانه‌ ده‌ستڕۆشتووه‌كانی ناو حیزبە فەرمانڕەواکانی حکومەتی هەرێم دروستیان کرد، دروستبوونی ئەو ئاستە مەترسیدارە لە گەندەڵی و لە نائەخلاقیبوونی سیستەمەکە و خێڵه‌كیبوونی به‌هاو و ڕه‌فتاره‌كانی ڕووی نەدەدا.

ڕاستە ئەندامی حزب لە هاوڵاتی ئەفزەڵترە لای حزبی کوردی و دەبێت ئەوانە لە سەرووی هاوڵاتیان و ئەندامانی حیزبەکانی ترەوە بن، بەڵام لە حیزبیشدا ئەندامەکان بە پێی نزیکایەتی خوێنی و دواتر وەلائیان جیادەکرێنەوە، بۆ نمونە ئێستە سیستەمی سیاسی کوردستان، سیستەمێکە لە سەر نیپۆتیزمی "خزمپەروەری" ڕەها وەستاوە، ئێوە دەزانن چۆن حیزبەکان هەڵپەیانە زۆرترین جومگە لە ناو حیزبەکەیان و حکومەتەکانیاندا بە خزمانی پلە یەکی خۆیان پڕ بکرێتەوە.

 یەکێتی و پارتی و حیزبەکانی تریش ئەم سیستەمی خێڵەکی نیپۆتیزمەی نێو خەیاڵی حزبی خۆیان گواستۆتەوە بۆ ناو حکومەت، بۆیە هەڵە بوو کاتێک سەرکردەی یەکەمی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن ڕایگەیاند کە: "ئاساییە فلانە حزب لە سەر خزمپەروەری بەڕێوە ببرێت، بەڵام قبوڵ ناکرێت حکومەت بەو شێوەیە لێ بکات"، كه‌ (دوای مردنی خۆشی حزبه‌كه‌ی خۆشی تووشی هه‌مان ده‌رد هات)، ئەم بیرکردنەوەیە هەڵە بوو، چونکە حیزبەکان خەیاڵ و شێوەی بەڕێوەبردنی خۆیان دەبەنە ناو حکومەت و دەزگای کارگێڕییەوە، ئەمەش فەلسەفەی ژیانیانە.

نۆرمی هاریکاری خزمان، نۆرمێکی نائەخلاقییە لە شاردا، چونکە زیانی هەیە بۆ ئەوانی تر، به‌ شكستی هاوڵاتیبوونیش ته‌واو ده‌بێت.

 هەر گۆڕانکارییەک کۆمەڵگا دەیخوازێت، دەبێت لە شەڕکردن و سڕینەوەی ئەو بەها ئەخلاقیانەوە دەست پێ بکات کە هی سەردەمی خێڵەکی کوردین و بۆ سەردەمی ئێستای کۆمەڵگای کوردی ناگونجێن.

 هەرچەندە ئەم سیستەمە سیاسیەی کوردستان بەدەر نیە لە فۆرم و بەهای سیستەمی سەرمایەداری جیهانی، بەڵام بناغەی گەورەی لە ناو خێڵ و ئایدیای خێڵەوە هاتووە، وەک چۆن بەشداری کۆمەڵگاش لە گەندەڵیدا فۆرم و بەهای خێڵەکی و سیستەمی تازەی جیهانی لە پشتەوەیە. بۆیە هەڵەیە وابزانین ئەم سیستەمە تەنیا کوڕی سەرمایەداری بێت و ئاگامان لە ڕیشە خێڵەکییە کوردیەکەی نەبێت، و بە پەلە بگەڕێینەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئەڵتەرناتیڤێکی سۆشیالیستیانە یان هەر ئایدۆلۆجیایەکی تر لە بەرامبەریدا و وابزانین ئیتر بەمە سیستەمەکە دەگۆڕین، ئەم سیستەمە سیاسیەی کوردستان ڕیشە سەرەکییەکەی لە ناوی کولتووری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری کوردی کۆن و نوێ دایە، پێش ئەوەی هەر ڕیشەیەکی تری هەبێت، ڕیشه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌كانیش ته‌نیا ئه‌و به‌شه‌یه‌ له‌ سه‌رمایه‌داری كه‌ خزمه‌ت به‌ چڵێسی ده‌زگا خێڵه‌كییه‌كه‌ی ده‌كات.


ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ دیدگایه‌كی ئه‌خلاقی نوێ:

له‌ ڕاستیدا گۆڕانی به‌هاكان، شتێك خێرا و ئاسان نین، به‌ڵام مه‌حاڵیش نین، بۆ گۆڕینی تێگه‌شتنی ئه‌خلاقیمان له‌ شاردا، دەبێت ڕۆشنبیرانی جدی و گەنجان و ئەوانەی ژیانێکی تری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەخوازن، ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ی بیر له‌ هه‌ر گۆڕانێكی سیاسی بكه‌نه‌وه‌، تێڕوانینی خۆیان و کۆمەڵگه‌ بۆ ئەخلاق و بۆ بەها ئەخلاقییەکان تازە بکەنەوە، بێ تازەکردنەوەی تێڕوانینی گشتیمان بۆ کولتوور و بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و بۆ ئەخلاق، ناتوانین هیچ چارەسەرێک بۆ سیستەمی تاڵانی سیاسی کوردستان کە کۆمەڵگاش بەشدارە تێیدا بدۆزینەوە.


سەرچاوەکان:

1- محمود بایزیدی، رسالة في عادات الأكراد و تقاليدهم، ت: جان دوست، أبوظبي، هيئة أبوظبي للثقافة والتراث، 2010، ص 40-42

2- لیفی بریل، الأخلاق وعلم العادات الأخلاقية، ت: محمود قاسم، القاهرة: مكتبة ومطبعة مصطفى البابي الحلبي و أولاده، 1953، ص 198

3- علي الوردي، شخصية الفرد العراقي- بحث في نفسية الشعب العراقي على ضوء علم الاجتماع الحديث، لندن: منشورات دار لیلی، الطبعة الثانية 2001، ص 44-77


تێبینی: ئه‌م وتاره‌ پشتر له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ بڵاوبۆته‌وه‌.


وتاری دیكه‌ی هاوشێوه‌:


مەیلی تایبەتی و مەیلی گشتی "سەرنجێکی سۆسیۆسایکۆلۆژی لە سەر سیستەمی دیکتاتۆری و دیموکراتی"


کوردایەتی و ئەدەب گوتاری شیعری قوبادی جه‌لیزاده‌ له‌نێوان گوتاری هاوسه‌نگ و دژدا


کتێبى (بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین؛ “چەند بابەتێکى کۆمەڵناسى”) لەنێوان کۆمەڵناسى و مێژوودا


Comments

Popular posts from this blog

کوردایەتی و ئەدەب

مردن كارێكی سه‌خته‌، به‌ڵام سه‌ختر بینینی شكسته‌كانی پێش ئه‌و ڕووداوه‌یه‌

جۆکەر ، پەراوێزکراوێک، هەڵدەستێتەوە و درز دەخاتە نێو سیستەمەوە